کارەساتی هەڵەبجە خۆشە، قوباد تالەبانیش دەڵێت هەڵەبجە زوو هەستایەوە

Tuesday, 17/03/2015, 21:04

2870 بینراوە


بەبۆنەی کیمیابارانی هەڵەبجەوە میدیاکانی دەسەڵات بەتایبەتی یەکێتیی و راگەیاندەکانیان کەوتوونەتە قسەکردن, باس لە خەباتی نەپساوی ساڵانی رابردوویان دەکەن، هەروەها بەشانوباڵی سەرکردە و بەرپرسەکاندا دێنە خوارێ، لەو نێوانەدا قوباد تالەبانی، خوشکەزاکەی شانازی برایم ئەحمەدیش قسەی خۆی بۆ ئەو یادکردنەوەیە هەیە و دەڵێت: هەڵەبجە زوو هەستایەوە و لەو باوەڕەدام شەنگالیش زوو هەڵسێتەوە.
ئەم قسەیەی قوباد جگە لە قسەیەکی ناسیاسیی و منداڵانە، هەروەها بۆ ئازاردانی گیانی قوربانییەکان، هەڵسەنگاندنی دیکەشی بۆ دەکرێت، یەکەمیان ئەوەیە، کە راگەیاندەکانی ئەم حیزبانە دەیانەوێت پێمان بڵێن ئیتر ئەم دەموچاوەیە کە دوای جەلال تالەبانی دەردەکەوێت و کەسێکی دیکە جێگای ناگرێتەوە، ئەمە ئەو کەسەیە دەبێتە سەرکردە و رابەری ئێوە، لە ئیستاوە بیناسن، چونکە بەشێک لە سیاسەتی کوردستان لە ژێر سایەی ئەمدا بەڕیوە دەچێت! هەرچییەک ئەو بیڵێت و بیکات، چارەنووسی ئێوەشە، ئێوە دەکەونە ژێر رەحمەتی کوڕی سەرکردە و ئەم بەرپرسانەوە، جڵەوی ئێوە بەدەستی ئەمان دەبێت و هی ئەمانیش بەدەست داگیرکەرانەوە دەسوڕێنەوە! ئێوەی کۆیلە شایستەی ئەوەن نمونەی قوباد، نێچیر، مەسرور، مەنسور، پاڤێل، رێباز و منداڵی بەرپرسەکان رابەرتان بن.
پەیامێکی دیکەی ئەم قسەیەی قوباد کە دەیکات بۆ سوکایەتییکردنیشە بە کارەساتی هەڵەبجە، کە باوکی قوباد یەکێکە لە تاوانبارانی رووداوی ئەو کارەساتە و کاولکردنی هەزاران گوند و ئەنفالکردنی کورد. قوباد تالەبانی زۆر بە ئاسانی تەوێڵی خێزانەکەی لەو تاوانە دەسڕێتەوە، ئەوەمان لە بیر دەباتەوە، کاتێک تاریق رەمەزان بە دەستی شاناز ئازاد کرا و بردیە لای خۆی بۆ لەندەن، ئەمەش بە هەڵساندنەوەی هەڵەبجە بۆمان حیساب دەکات، چونکە بەرەڵاکردنی تاوانباران، بەلای ئەمانەوە، سیاسەتی حەکیمانەی بنەماڵەکەیانە، نەک خیانەتی گەورەی نەتەوەیی! لێبوردن لە تاوانبار و بکەرانی ئەو کۆمەڵکوژییە! سیاسەتێکی سەرکەوتوو بووە، ئەوەتا خەڵکەکە زوو لە بیریان چۆتەوە، هەر بەو مەبەستە کارەساتی شەنگال بە هەڵەبجەوە دەبەستێتەوە و دەڵیت شەنگالیش وەک هەڵەبجە هەڵدەستێتەوە، لە مەشیاندا راست دەکات، لەبەر ئەوەی لە ئیستاوە کاریان بۆ کردووە، بە بەڵگەی ئەوەی پەیوەندیی فرۆشتنی چەک و نەوت و سەیارە بە داعش و هاریکاریی ژێربەژێریان بە تیرۆریستانی داعشەوە ئەوە دەسەلمێنێت کە ئێمەش بڵێین: کاکە قوباد راست دەفەرموێت. شەنگالیش لە ژێر سایەی ئێوەدا هەڵدەستێتەوە، هەروەک چۆن هەڵەبجەتان بەو شێوەیە هەڵساندەوە.

(کارەساتی هەڵەبجە هەڵسایەوە)، ئەمە وتەیەکی زۆر جوانە لە دەمی خوشکەزاکەی شاناز بێتە دەرێ، چونکە بەهۆی هەڵەبجەوە بنەماڵەکەیان چاک هەڵسانەوە و ملیۆنەها دۆلاریان لێخوارد و یادکردنەوەی ئەو کارەساتە گیرفانی زۆریانی پڕکرد، دوایین دەستکەوت ئەو شەش ملیۆن دۆلارەی پار بوو، کە بەناوی یادکردنەوەیی هەڵەبجەوە بەرپرس و هونەرمەندەکان بە هەڵپەرکێ و گۆرانی شەکراوی هەڵەبجەیان خواردەوە.

پارتیی و یەکێتیی نەوەیەکیان پەروەردە کردووە، کە لە ئازار و خەمی هەڵەبجە و ئەنفال و کیمیاباران نەگات،  کاتێک یادی ئەو کارەساتانە دەکرێتەوە و دیداری هاوڵاتیان دەکەن، ئاساییە کچێکی گەنج کە لێی دەپرسن:
(هەستت چییە بۆ یادکردنەوەی هەڵەبجە!؟)
ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت یادکردنەوەی هەڵەبجە خۆشە! چونکە ئەو کچە مێژووەکەیان لێ دوورخستۆتەوە، کیمیابارانی هەڵەبجە لە گۆرانیی و هەڵپەرکێی هونەرمەندەکاندا دەبینێتەوە، کە بۆ یادکردنەوەی هەڵەبجە مۆسیقاژەنی بەناوبانگی کورد ئەنوەر قەرەداغی بەدەم هەڵدەپەڕکێوە شەکراو و نوقوڵ بەسەر خەڵکدا هەڵدەدات!

بڕوانە ئەو نووسینەی کاک قادر نادر، کە بەبەڵگەوە باس لە شانازی برایم ئەحمەد دەکات، کە چۆن تارق رەمەزانی بەڕەڵاکردووە
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=54ae7a9d

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە