گەر سەرۆكی هەرێم بام چیم دەكرد ؟

Sunday, 01/06/2014, 12:00

1344 بینراوە




جارێك بەم وەزعە گشتیە و بە وردبونەوە لە چۆنێتی بەرێوەچونی حوكمی كوردستان و داگیر كردنی پلە باڵاكان، ئەگەر بەم شێوەیە بروات تا چەند دەیەیەكی تر كەس چاوەرێی ئەوە نەكات ناوەندی دەسەڵات لە ئەڵقەیەكی تەسكی دوو جۆر حوكمی هاوشێوەی پاشایەتی یان كۆماری بنەماڵەیی دەربچێت، مەگەر خواخواستە شۆرشێكی پاك و بێگەرد یان كودەتایەكی راستەرێكردنی دەسەڵات روبدات .
وەك تا ئێستا دیارە،ناوەندی دەسەڵات لە هەوڵی توندكردنی پایەكانی حوكمی بنەماڵەیی و تاك حزبیە بە روكەشكردن و بۆیاغێكی بەناو دیموكراسیەوە، ئەویش لە رێگەی تەنها ئالیەتێكەوە كە هەڵبژاردنە، تەنانەت هەڵبژاردنیش پر لە گزی و ساختەكاری و لەژێر نەبونی دەمودەزگەیی و رۆشنبیری گشتی كۆمەڵایەتی لە تێگەیشتن لە ماف و ئەركەكان، كە پایەیەكی سەرەكی بەرقەراربونی ئازادی و یەكسانی هەلی بەشداری بۆ هەموان و پاراستنی ماڵ و موڵكی گشتی و نەبونی گەندەڵی و بەرجەستەبونی عەدالەتی كۆمەلایەتیە كە كاكڵەی دیموكراسی راستەقینەن ، بەرێوەدەچێت .
گەر خەونەكەمان هاتە دی و كوردستان بو بە وڵاتێكی دیموكراسی عەیار بیست و چوار و، هەر تاكێكی شایستە دەیتوانی شوێنی شایستەی خۆی بگرێت . گەر بویت بە سەرۆكی هەرێمێكی لەوجۆرە، ئەركەكانت زۆر ئاسان دەبێت . بێگومان لەوكاتەدا دەسەڵاتەكان دیاریكراون و دابەشبون، هیچ پێویست بە ئیجتیهادی شەخسی ناكات لە بەرێوەبردنی حوكمدا. لەو كاتەدا هەموو هەوڵێك لەپێناو دابینكردنی مافەكانی خەڵكدا دەبێـت، ئەویش بە نوێبونەوە وگۆرانكاری بەردەوام لە پێناو خۆگونجاندن لە گەڵ دونیای سەردەم و باشتركردنی حاڵ و گوزەرانی هاوڵاتیان .
بەڵام لەم وەزعەی ئێستادا گەر سەرۆكی هەرێم بام، بۆ تۆماركردنی مێژویەكی شایستەی پاك و خاوێنی هەتاهەتایی و دابینكردنی دوارۆژێَََََََََََََََََََََََََََََََََََََََََََََََََََََََََََََََََََكی روون،لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆ و دەرەوە ئەم ئەركانەم جێبەجێ دەكرد:
یەكەم هەنگاو :لە كار و ئینتمای حزبی بە فیعلی وازم دەهێناو دەبوم بە موڵكی سەرجەم تاكەكانی كۆمەڵگە،بە عەمەلی و بە مامەڵەی هەمەچشن لەسەر ئەرزی واقیع بۆم دەسەپاندن كە بە یەكسانی و بە یەك چاوەوە تەماشای هەموو تاكەكانی كۆمەڵگە دەكەم .
دووەم: لە قۆناغی حوكمەكەمدا، هەوڵی دانان و تێپەراندنی دەستورێكی پەرلەمانی دیموكراسی فراوانم دەدا كە هەتاهەتایە رێ لەدیكاتۆریەت بگرێت و دەبوو بە یەكەم هەنگاوی بەرجەستەكردنی دیموكراسی راستەقینەی گونجاو بە هەرێمی كوردستان و پەرلەمانم دەكردە تاكەمەرجەعی سەرەكی بۆ یەكلاییكردنەوەی هەموو پرسەكان .
سێیەم :بە كۆمەڵێك هەنگاوی نەتەوەیی و نیشتمانی دڵی خەڵكم لە دەسەڵات و حوكمی كوردستان ئاشتدەكردەوە و ئینتمای نەتەوەیی و نیشتمانی تاكی كۆمەڵگام وەك ساڵانی خەباتی پیرۆز م لێدەكرد .
چوارەم:لەسەرجەم هەنگاوە گشتگیرەكان كە رەهەندی نەتەوەیی و نیشتمانیان هەیە رای خەڵك بە پێوەر دادەنا، بە هەموو وەسیلەیەك لەسەر رای زۆرینە دەرۆیشتم و لە خاڵی یەكلاكەرەوەدا پرسم پێدەكردن .
پێجەم: لە رووی داراییەوە هەموو هەوڵێكم لەسەر خودئیكتفا دەبوو كە سەرەكیترین ستونی راگرتنی سەربەخۆییە لە بریار و حوكمی هەر وڵاتێكدا .
شەشەم: لەئاست خەتەر و پیلانەكانی دەرەوە و بۆ خۆپاراستن، سوپایەكی نیشتمانی یەكگرتوو دور لە ئینتمای حزبی و پڕچەك بە هەموو ئامرازێكەوە دادەمەزراند كە پارێزگاری لە سنوری راستەقینەی كوردستان بكات .
حەوتەم :پەیوەندیەكانی دەرەوەم لە سەر بەرژەوەندی باڵای كوردستان دەبوو نەك بە پشتبەستن بە بەرژەوەندی شەخسی و حزبی و ناوچەیی .
هەشتەم : ستراتیجی حوكمی وڵاتم لەسەر گەیشتن بە سەربەخۆیی لە كاتی گونجاوی خۆیدا بە پلانێكی بەهێزی بێ كەموكورتی، بە ئامراز و رێگە و شوێنێكی زانستیانەی گونجاو و تایبەت بە بارودۆخی هەمەچشنی كوردستانەوە، بنیاتدەنا .
نۆیەم : زمانی كوردی ستاندارد لەسەر زەمینەیەكی مێژویی رۆشنبیری یەكلاییدەكردەوە دور لە ناوچەگەریی و خۆسەپاندن .
دەیەم : هەوڵی ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و سیاسی لە كوردستان بە هەموو شێوەیەك دەدا و وەزعی كۆمەڵایەتی ئابوری خەڵكی كوردستانم جێگیر دەكرد .
یازدەهەم : هەموو تواناكانم دەخەستەگەر لەپێناو نەهێشتنی گەندەڵی و هەنگاو بە هەنگاو رێ و شوێنم دەگرتەبەر بۆ بەرجەستەكردنی عەدالەتی كۆمەڵایەتی .
دوازدەهەم :گرنگیم بە ناوەخنی رۆشنبیری و ئەخلاقی تاك و كۆمەڵگە دەدا پێش روخسار و خۆدەرخستنی پوچ .
ئەمە و چەندین مەهامی سەرەكی یەكلاكەرەوەی تر كە سەرەتای ژیانێكی ئاسودە و دوارۆژێكی دڵنیاكەرم بۆ خەڵك دابین دەكرد نەك تەنها كۆشك و تەلاری بەرز لەسەر ئەرزیێكی سیاسی رۆشنبیری ئابوری فشەڵ .






نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە