ناوى كوردتان زڕاند...تكایە واز لە ململانێكانتان بێنن

Thursday, 12/06/2014, 12:00

1599 بینراوە





لەو شتانەى چەند ڕۆژی ڕابردوو لە ئێراق هاتە ئاراوە و پریشكى دەستوەردان و ئامادەباشی و كاردانەوەكان لێرە و لەوێ كۆی پرۆسەى سیستەمى سیاسی ئێراق و ناوچەكەى خستە ژێر پرسیارەوە.

ئێمە لە گۆشەنیگایەكەوە دەڕوانینە ئەم ڕووداوە نەخوازراوانەى لە ناوچە جیاجیاكانى سونە نشینەكان ڕوویاندا و ئەوەیشی پەیوەستە بە كورد و حكومەتى هەرێمى كوردستانەوە، بۆچوونەكان لەمەڕ ئەگەرەكان جۆرێ لەجیادەنگى لێكەوتەوە كە بەلای هەندێ كورد واباش بوو وەكو بێلایەنێك لەنزیكەوە چاودێری بارودۆخەكەى بكردایە و هەندێكى دیكەیش دەستوەردان و تێوەگلانى سەربازى لەلایەن پێشمەرگەوە پێ پەسەند بووە تا لەو هاوكێشەیەدا كورد هەیمەنەى خۆی بسەلمێنێ.

ئەوەى لەڕێی میدیاكان و شایەتحاڵی نێو جەرگەى ڕووداوەكان ئاماژەى پێ دەدەن، كورد لە داقووق ئاڵای ئێراقی لەسەر بیناكانى حكومەت داگرتووە و ئاڵای كوردستانى لەنۆژەندا هەڵكردووە كە ئەمەش لەڕووى لۆژیكەوە ناجۆرە لەكاتێكدا لەدام و دەزگاكانى حكومى هەرێم بەتایبەت لە پشت بەرپرسانەوە ئاڵای ئێراق دەبیندرێ و بۆ كوردیش كە باوەڕی بەو ئاڵایە نیە هەق نیە بچێتە پەرلەمانی بەغدا و هیچ وەزارەتێكیش وەربگرێ كە ئەو ئاڵایەى تێدا بەرجەستەیە و ئەمەش پەیوەندەیەكانى نێوان هەرێم و بەغدا ئاخر خێر ناكات كە هیوادارم بەو ڕۆژە نەگات گرژی دروست ببێ.

هەر لە گەرمەى ئەو سیناریۆیانەدا دوو لایەنى حوكمڕانى كوردستان لەڕووى جموجۆڵی سەربازییەوە لە كەركوك كەوتوونەتە بەر یەك و لەئەگەری تەقینەوەیەكى گەورەدابووە ئەگەر ئەو دۆخەیان بەكۆتا نەهێنایە لەكاتێكدا پارتى پێی وایە دەبێ دەستكەوتەكانى سنووری موسڵ بەر ئەو بكەوێ و یەكێتیش هەمان شتى داوایە لەسنووری كەركوك مسۆگەری بكات لەڕووى ئەو چەك و جبەخانە و كەل و پەلە سەربازیانەى لەلایەن سوپاوە ڕادەستیان دەكرێ..وەلێ ئەفسووس پاتاڵ و ڕاو و ڕووتى دەستگرتن و پەلاماردانى هێزەكانى سوپای ئێراقەوە لەلایەن خەڵكانێكى نامەسئول كار بەوە بگات لەلایەن كۆسرەت ڕەسول جێگری فەرماندەیی هێزە چەكدارەكانى هەرێمەوە بانگەواز بڵاو بكاتەوە بۆ لێپێچینەوە و سزادانى ئەوانەى مامەڵە بە كەل و پەلەكانى سوپای ئێراقی دەكەن، ئەو بانگەوازە ئەوە دەردەخات لەهەموو ئەو هێرش و خۆ بەدەستەوەدانی چەكدارانى سوپاوە خەڵكێكى دەرەوەى هێزى پێشمەرگە و خەڵكانێكى دیكەى نێو هێزەكانیش بەڵام ناپەبەند دیمەنێكى وا ناشیرین نیشان دەدەن كە ئەو ئەزموونەى هەرێم بخەنە ژێر پرسیارەوە و نامولزەمى بەرنامەى سەركردایەتی سیاسی كورد نیشانی دەرەوە بدەن لەكاتێكدا وەكو چەندین جار ئاماژەمان پێداوە لایەنە سیاسیەكانى كوردستان دەبێ بەبەرنامەیەكى توند و تۆڵ و تۆكمەوە چاودێری ئەو ڕەوشە بكات و بزانێ چۆن بە گوتارێكى یەكگرتووەوە ڕووبەڕووى هەموو ئەگەرەكان و هەر ڕووداوێكى نەخوازراو بوەستێتەوە.




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە