بزوتنەوەی گۆڕان بۆ وادەكات ؟!

Wednesday, 26/02/2014, 12:00

1512 بینراوە







تا ئێستا هەمووان لەو باوەرەدان كە ئۆپۆزسیۆن رۆڵێكی گەورەی گێڕاوە لە دەرخستنی راستیەكان و چاودێریكردنی حوكمرانی كوردستان و دابینكردنی فەزای ئازادی و بوێری دەنگهەڵبرینی زیاتر بۆ كۆمەڵانی خەڵك. لەبیرمانە كە گۆڕان ئیدیعای ئەوەی دەكرد كە ئۆپۆزسیۆن بونی لە سەر بنەمای گۆڕینی كۆی سیستمی حوكمرانی كوردستانە، بە وتەی خۆی كە بە هەڵە بەرێوەدەبرێت و گەندەڵی و مەحسوبیەت و مەنسوبیەت و زاڵبونی حزب و چەند كەسایەتیەك و ئەڵقەیەكی تەسك بەسەر حكومەتدا گەندەڵی دروستكردوە و ،دەیەوێت بە گۆڕینێكی ریشەیی كاروانی حوكمرانی كوردستان راستەرێ بكاتەوە . زۆرێك لە چاودێران و خەڵكی دڵسۆزی كوردستانی دوورەپەرێز لە حزبایەتی و بێلایەنەكان ، ئاواتێكیان هەبوو كە بزوتنەوەی گۆڕان مومكین نیە ببێتە پاشكۆی هیچ حزبێك و تا ئەو كاتەی زۆرینەی خەڵكی كوردستان بۆ لای خۆی رادەكێشێت ئۆپۆزسیۆنێكی ئیجابی دەبێت و لەسەرجەم كەموكورتیەكان بێدەنگ نابێت و، بە هیچ شێوەیەك ئەگەری سازشكدرنی گۆڕان لەسەر داخوازیە رەواكانی خەڵكی كوردستان و گۆرینی سیستمی سیاسی لە ئارادانابێت .
بزوتنەوەی گۆڕان پاش هەڵبژاردن و تەنانەت لەو كاتەی ئاڵا و شیعاری بەشداری حوكمی هەڵكرد، زۆرێك لە چاودێران ئیستێكیان لەمەر ئەو سیاسەتە بۆ كرد و ویستیان لە مەرام و نیازی نهێنی گۆڕان تێبگەن و، وایان زانی كە ئەو قسانە تەكتیكی بەدەستهێنانی دەنگە كە حەقی خۆیانە هەرچۆنێك بێت كار و رەفتاری خۆیان و شیعارەكانیان دیاریبكەن . بەڵام ئێستا هەندێك لەو شتە شاراوانە روون بوەوە كە گفتوگۆكانی گۆڕان لەمەر پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم و، هەڵویست و مەرجەكانیان لەمەر بەشداری لە حكومەتدا زۆر بەروونی دەریخست .
من دەپرسم، مەعقولە رێكخراوێك ئیدیعای گەندەڵبونی كۆی گشتی سیستمێك بكات ئێستا لەسەر وەزارەتێك بوەستێت و ، ئەوەش نا، بەڵكو بڵێت ئەگەر ئەو وەزارەتەم پێنەدەن رێگەی ئۆپۆزسیۆنبون هەڵدەبژێرم وەك ئەوەی ئۆپۆزسیۆنبونی لەپێناو وەزارەتێكدایە نەك كۆی سیستمەكە كە پێشتر ئیدعای دەكرد، تۆ بڵێی بە وەرگرتنی وەزارەتێك حوكمرانی كوردستان راستەرێ بكاتەوە،نەك ئەوەش بەڵكو، سنوری بەشداریكردنی لە حكومەت و ئۆپۆزسیۆن بون تەنها وەزارەتێك بێت نەك بەرنامە و كاری حكومەت و هەڵوێستەكانی لەمەر پرسە سەرەكیەكانی كوردستان، لەوانەیە خەڵكەكە و جەماوەرەكەی گۆڕان بەوە دڵبدەنەوە كە درێژەكیّشانی ئۆپۆزسیۆنبون خەڵك توشی بێئومێدی دەكات، بۆیە بە بەشداریكردن لە حكومەت كۆمەڵێك بەرژەوەدی پێویستی ئەم قۆناغە دابین دەكرێت، بەتایبەتی لەم زۆنەی ئێرەی كوردستان و ئەم وەزعەی كە یەكێتی تێی كەوتوە.
بۆیە، بەشداریكردنی گۆڕان لە حوكمدارێتی هەرێمی كوردستان، بەم شێوەیە، كۆمەڵێك پرسیار دەوروژێنێت، لەپێشەوەشیاندا،ئایا گۆڕان بەو شێوەیە لەلایەن جەماوەرەكەی خۆیەوە بە متمانەپێكراوی دەمێنێتەوە، ئایا بەشداریكردنی گۆڕان لە حكومەتێكدا لە گەڵ لایەنە سەرەكیەكانی تردا كە بە وتەی زۆرینەی خەڵك و خودی گۆڕانیش گەندەڵن، ئەوانیش بەگەندەڵ لەقەڵەم نادرێن،ئایا بەم شێوە بەشداریكردنە نابنە پاشكۆی لایەنی زاڵی حوكمرانی كوردستان وەك حزبەكانی دیكە، ئایا ئەو ئەرك و ئامانجانەی كە بۆی تێدەكۆشن لە بەشداریكردن لە حوكمدا نایدۆرێنن، بەتایبەتی بەقەد لایەنە باڵاكان كارتیان بەدەستەوە نیە. ئەمەو چەندین پرسیاری تر كە دەبێت بزوتنەوە گۆڕَان وەڵامی بداتەوە .
بۆیە، وەك رایەكی تاكە كەسی خۆم، دەڵێم، دەبوایە بزوتنەوەی گۆڕان لە سەر ئۆپۆزسیۆنبونی لەسەر كۆی سیستمە سیاسیەكە بەردەوام بوایە وەك خۆی ئیدیعای دەكرد و، تا ئەو كاتەی زۆرینەی كورسیەكانی پەرلەمانی بەدەست دەهێنا، ئەوجا بە ئازادیەكی رەهاوە بە خۆی لەگەڵ لایەنەكانی تردا دەیتوانی حكومەت پیكبهێنێت و، تا ئەو كاتە بەشداری هیچ حكومەتێك نەبوایە،ئەمە راستگۆیی بزوتنەوەكەی بۆ خەڵك دەردەخست و جەماوەرێتی زیاتر دبوەوە، بەتایبەتی دەسەڵاتدارێتی كوردستان لە قۆناغی داهاتودا قورستر دەبێت و كێشەكانی زۆرتر دەبن و بەرەو قەیرانی زیاتر دەروات، بەم بەشداریكردنە لاوازەی ،دەبێت گۆڕانیش باجی هەڵەكانی پێشوتر و ئێستای دەسەڵاتی كوردستان بداتەوە .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە