رێکخراوە دیموکراتییەکان ناتوانن بۆشایی پارتی ئۆپۆزسیۆن پڕبکەنەوە

Monday, 29/12/2014, 12:00

2191 بینراوە


هەریەکە لە پارتی سیاسیی ئۆپۆزسیۆن و رێکخراوە دیموکراتییەکان، پێناسەی تایبەتی خۆیان هەیە، دوو چەمکی جیاواز بە یەکن لە سروشتی دروستبوونیاندا، لە کۆکردنەوەی خەڵکدا، لە قۆناغی سەرهەڵدانیان و گەشەکردنیان لە مێژوودا، لە ئەرک و لێپرسراوییان بەرامبەر بە کۆمەڵگاو ئامانجەکانیاندا.
ئەزمونی خەباتی گەلان لە مێژوودا، سەلماندویەتی کە ئەو دوو چەمکە نەیانتوانیووە رۆڵی یەکتری ببینن. بە مانایەکی تر، رێکخراوە دیموکراتییەکان بە هیچ جۆرێک ناتوانن بۆشایی نەبوونی پارتی سیاسیی ئۆپۆزسیۆن پڕ بکەنەوە. بەڵام دەتوانرێت بگوترێت رێکخراوە دیموکراتییەکان لە ژێر سیستەمێکی سیاسیی دیاریکراودا هەلومەرجێکی تایبەتیان بۆ دەخوڵقێت، بۆ ئیفلیجبوون یان زیاتر گەشەکردن لە گێڕانی ڕۆڵی راستەقینەی خۆیان لە نێو کۆمەڵگادا.
پارت، رێکخەر و کۆکەرەوەی ئەو خەڵکانەیە کە هەڵگری هەمان بۆچوون، بیروباوەڕبن لە جۆری بەکارهێنانی هێز، توانا، دەستەڵاتی سیاسیی لە ڕێنماییکردنی کۆمەڵگادا، هەڵبژاردنی سیستەمێکی سیاسیی دیاریکراو بۆ بەرێوەبردنی کۆمەڵگاو وڵات، هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ناوەندی بڕیاردان و دەستەڵاتی سیاسیی، بەکار‌هێنانیان وەکو ئامرازێک بۆ گەیشتن بەو مەبەستە.
هەندێک پارتی سیاسیی هەڵگری ئایدۆلۆژیا وعەقیدەیەکی تایبەتن، یان لە ژێر کارێگەریی ئایدۆلۆژیاو قوتابخانەی فیکریی جیاوازدان، وەکو پارێزگاران، لیبرالیزم، مارکسیزم، سۆشیالیزمی چاکسازیخواز، ئەنارکیزم و فاشیزم. هەر یەکێک لەو جۆرە بڕوایانە لە هەر پارتێکی سیاسییدا، دەبێتە هەوێنی جۆری دروستبوونی سیستەمی سیاسیی و دەوڵەت، بۆ نموونە دەوڵەتی کۆمۆنیستیی لە بڕوابوون بە مارکسیزمەوە سەرچاوە دەگرێت، یان دەوڵەتی پارێزگار لە بڕوابوون بە تێڕوانینی قوتابخانەی پارێزگارانەوە رەچەڵەک وەردەگرێت. پارتی سیاسیی هەنە بڕوایان بە باوەڕێکی تایبەت، یان قوتابخانەیەکی تایبەت نییە، بۆ کۆکردنەوەی خەڵک، ئەندام و لایەنگرانیان، هەوڵ دەدەن هەموو جۆرە بیرکردنەوەیەک لە ئەو پەری چەپەوە بۆ ئەو پەڕی راست لە نێو یەک قەوارەی سیاسییدا کۆبکەنەوە.
ریفۆرمی سیاسیی: چاکسازیی یان گۆڕینی سیستەمی سیاسیی و جۆری دەستەڵاتەکەی، لە پێناو گۆڕانکاریی لە هەموو جومگە سەرەکییەکانی ئەو سیستەمەدا، بۆ گەشەپێدانی ژیانی هەموو چین، توێژ و پێکهاتەکانی کۆمەڵگا کە لە ژێر ئەو سیستەمدا گوزەران دەکەن. لە هەر وڵاتێکدا بەهۆی بوونی هۆکاری زۆر، بەتایبەتی نەبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی کارا کە ببێت بە پێشڕەوی دەنگە ناڕەزاکان لە نێو میللەتدا و توانای ئەوەی نەبێت ببێت بە داینەمۆی جوڵانەوەیەکی سیاسیی کە دروشمی گۆڕینی سیستەمی هەڵگرتبێت نەک چاکسازیی، فاکتەرەکی هەرە بەهێز دەبێت لە نەبوونی پێشبینی گریمانی هەڵگیرساندنی شۆرش لە نێو میللەتدا بۆ هەڵتەکاندنی سیستەمی سیاسیی لە بنەڕەتەوە. لەدەرئەنجامدا زەمینەی چاکسازیی لە سەرەوەدا لە نێو دەستەڵاتدا دێتە پێشەوە، ئەو جۆرە چاکسازییە پەیوەست دەبێت بە جۆری سروشتی بیرکردنەوەی پارتی دەسەڵاتدار و کەسایەتییە بەشداربووەکاندا کە لە ناوەندی بڕیاڕداندان و توانای گۆرین و دەستکاریکردنی یاساو دەستوری وڵاتیان هەیە.
ئەنجامدانی ریفۆرم پرۆسەیەکی هەرەمەکیی نییە، بەڵکو پرۆسەیەکە دەبێت بە زانستییانە بەرنامەڕێژیی بۆ بکرێت، مەبەست و ئامانجەکانی دیاریکراو بن، هێڵی گشتیی کارکردنی رۆشەن بێت، بۆ ئەوەی بتوانرێت ئاسۆیەکی گەشی پێشبینیی ئامانج و دەستکەوتە سیاسیی، ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکانی تیادا بەدی بکرێت. گرنگترین فاکتەریش ناسینی جۆری سیستەمە سیاسییەکەیە، کە ئایا زەمینەی گریمانی ئەنجامدانی ئەو پرۆسیەی تیادا هەیە، بە شێوەیەک کە ئەو ئامانج و خواستانەی تیادا بە دەست بهێندرێت، ئەگەر ئەو هەنگاوە بەو جۆرە نەبێت، پرۆسەکە زەرەرێکی ئێجگار گەورە دەبەخشێت، میللەتەکە زیاتر بەرەو کۆیلەبوون بۆ ئەو دەستەڵاتە سیاسییە دەبات، بۆشایی نەبوونی ئۆپۆزسیۆن دروست دەبێت، لە ئەنجامدا هەڵگیرساندنی شۆرش لە نێو کۆمەڵگاکە بەرەو لاواز بوون دەبات.
لە مێژوودا نەهاتووە، ئەو جۆرە ئەرکە لە لایەن رێکخراوە دیموکراتییەکانەوە ئەنجام درابێت، بەناوبانگترین ریفۆرم لە مێژوودا، چاکسازیی میجی ساڵی ١٨٦٨ لە ژاپۆن، گورباتشۆف لە یەکێتی سوڤیەت، بسمارک (١٨١٥- ١٨٩٨) لە ئەڵمانیا.
بسمارک گەورەترین ریفۆرمی لە سیستەمی ئیدارەی ئابووریی ئەڵمانیادا ئەنجام دا:
یەکەم، چەسپاندنی یەک دراوی یەکگرتوو. دووم، دامەزراندنی یەک بانکی مەرکەزیی ئەڵمانیی و چەسپاندنی لە یەک یاسای بازرگانیی و مەدەنیی ئەو وڵاتەدا.
بسمارک یەکەم پیاوی دەوڵەت بوو لە ئەوروپا کە لە ئیدارەی سیستەمی کۆمەڵایەتییدا گۆڕانکاریی ئەنجام دا، سیستەمی دڵنیایی کۆمەڵایەتیی دامەزراند، ئەویش بەناساندنی یاسای پاراستنی مافی کارکەر لە کاتی روودانی هەر رووداوێک، بۆ پارێزگاریکردنی مافی کارکەر، لە کاتی روودانی هەر رووداوێک کە کارێگەریی هەبێت لە بەردەوامبوونی لە کارەکەی، هەروەها لە حاڵەتی نەخۆشیی و پیرییدا. لەم ریفۆرمەدا بسمارک دوو ئامانجی سەرەکیی هەبوو:
یەکەم، ئەڵمانیا بەرەو بەهێزترین وڵاتی پیشەسازیی ببات، بەو بڕوایەی ئەگەر کرێکار دڵی خۆش بێت زیاتر خۆی ماندو دەکات، لە ئەنجامدا بەرهەمهێنەرەکی باشتر دەبێت. دووەم، لاوازکردنی پێگەی پارتی سۆشیالیستیی ئەو کات لە نێو چینی کارکەردا، بەوەی ئەگەر باری ئابووریی و ژینگەیەکی لەباری کارکردن بە تایبەتی بۆ چینی کرێکار دابیین بکات، کارکەر دڵنیابێت کە لە نێو چوارچێوەیەکی یاساییدا مافەکانی پارێزراوە، ئیتر هیچ هۆیەکی لا نامێنێت بۆ ئەوەی بیر بکاتەوە ببێت بە ئەندامی ئەو پارتانە و هەڵوێستێکی ئۆپۆزسیۆنانە هەڵبژێرێت دژ بە سیستەم و دەستەڵاتی سیاسیی.
دوو جۆرە رێکخراو لە کۆمەڵگای مەدەنییدا دەچنە ژێر چەتری رێکخراوە دیموکراتییەکانەوە کە لێپرسراوییان جیاوازە. یەکەم، رێکخراوە پیشەییەکانی وەکو ساندیکای کرێکاران، مامۆستایان، پزیشکان، پارێزەران و ئەندازیاران. ئەمانە داوای باشکردنی ژینگەی کارکردن و چاوخشاندنی دووبارە بە یاساکانی کارکردن بە مەبەستی وەدەستهێنانی مافی یاسایی و دڵنیایی کۆمەڵایەتیی زیاتر دەکەن. دووەم، رێکخراوی تری مەدەنیی کە پیشەیی نین وەکو رێکخراوی ژنان، قوتابیان و کەمئەندامان. داوای مافی یاسایی یەکسانیبوونی مرۆڤەکان دەکەن لە نێو کۆمەڵگادا لە رووی یاسایی و کۆمەڵایەتییدا. لە دەرئەنجامی ئەوەشدا رووبەڕووی کێشە، کۆسپی داب و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان و ئاینییەکان دەبنەوە. کلیلی پرنسیپی ئەو جۆرە رێکخراوانە یەکگرتن، هاوکاریی، وەرگرتنی هەڵویستی هێمنانەی بەکۆمەڵ بۆ بەدیهێنانی ئامانجە پیشەیی و مەدەنییەکان. ئەو رێکخراوانە لە ژێر سیستەمی دیموکراتییدا گەشە دەکەن، ڕۆڵی سەرەکیی خۆیان دەبینن لە نێو کۆمەڵگادا. لە مێژوودا هاتوە لە هەر قۆناغێک، لە ژێر هەر سیستەمێکی سیاسییدا بە بار و دۆخی تایبەتدا ڕەت بوون. باشترین نموونە لە مێژوودا سەندیکای کرێکارانە، کە لە کێشەو ململانێدا بووە لە نێوان هەوڵدان بۆ پاراستنی ماف و بەرژەوەندیی پیشەیی کرێکاران کە وەکو هێڵێکی تەریب بووە لەگەڵ بەرژەوەندیی سەرمایەداران. لە سیستەمی سەرمایەداریدا ئەو ناکۆکییە هەر لە پەرەسەندندایە، لەگەڵ کاتدا لە هەندێک وڵاتی سەرمایەداریی زەبەلاحدا خەریکە ئەو ساندیکایە بەهێزیی خۆی لەدەست دەدا بە بەراوردکردن لەگەڵ رۆڵی لە ناوەڕاستی سەدەی رابردوودا، بۆ نموونە ئوسترالیا. ئەو جۆرە رێکخراوانە، سیستەمی سیاسیی دەستەڵات دەوری سەرەکیی هەیە لە گەشەکردن، لاوازبوون یان قۆرخکردنی رۆڵیاندا لە لایەن پارتە سیاسییە دەسەڵاتدارەکان و بەکارهێنانیان بۆ بەرژەوەندیی حزبیی و تایبەت، ئەم جۆرە دیاردەیە لە وڵاتانی دونیای سێیەم و سیستەمی دەستەڵاتی نادیموکراتییدا بەدی دەکرێت.

ئاشتی ئیبراهیم ئەفەندی



-------------------------------------------------
سەرچاوە:
1. History of Labour Unions Introduction
2. History of Labor Unions Introduction: www.shmoop.com
3. Political party http://en.wikipedia.org
4. Political Parties http://www.peo.gov.au
5. Firstworldware. com. Who's - Otto von Bismarck?
6. ئاوێنەنیوز:
په‌رله‌مانتارێكی یه‌كێتی: ده‌بێت ڕێكخراوه‌كان شوێنی ئۆپۆزسیۆن بگرنه‌وه‌ 12کانونی یەکەم ٢٠٠١٤

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە