ڕەمزى كارتاڵ: ئەگەر كۆنفرانسى نەتەوەیى بەگوێرەى بەرژەوەندیەكانى توركیا بێت هیچ سودێكى نیە بۆ كورد.

Friday, 09/10/2009, 12:00

2112 بینراوە


بەهۆى سوێند خواردنى لەیلا زانا بەزمانى كوردى لەپەرلەمانى توركیا دەیان ساڵە لەئاوارەیى و دوور لەخاكى نیشتیمان ژیان بەسەر دەبات بەردەوامە لەخەباتى سیاسى و دیبلۆماسى ساڵى ڕابردووش كاتێك بۆ بەشداربوون لەگەڵ كوردانى دانیشتوى ئیسپانیا سەردانى مەدریدى كرد لەسەر داواى باڵوێزخانەى توركیا لەو ووڵاتە لەلایەن پۆلیسى نێودەوڵەتى ئینتەرپوڵەوە دەستگیركرا ئەوكات ئەندامى كۆنگرەى نەتەوەیى كوردستان بوو بەڵام لەمانگى حوزەیرانى ئیمساڵ كاتێك كۆنگرەى گەلى كوردستان كۆنگرەى حەوتەمى خۆى بەست بوو بەسەرۆكى كۆنگرەى گەلى كوردستان ئەم كەسەش (ڕەمزى كارتاڵ)ە سەرۆكى كۆنگرەى گەلى كوردستانە ناوبراو بڕوانامەى دكتۆراى هەیە لەنەخۆشیەكانى هەناو ئەندامى پەرلەمانى توركیاش بوو لەساڵى نەوەدەكان بەڵام وەكو پێشتر ئاماژەمان پێكرد بەهۆى سوێندخواردنى لەیلا زانا بەزمانى كوردى كارتالأ و چەند هەڤاڵێكى ئەو ووڵاتەیان بەجێهێشت و لەیلا زانا و چەند كەسێكى تریش ساڵانێكى زۆرى تەمەنیان لەزینداندا بەسەر برد،ڕەمزى كارتاڵ لەم دیمانەیەدا وەڵامى پرسیارەكانى گۆڤارى كلیل دەداتەوە،(تێبینى داواى لیبوردن لەبەریز رەمزى كارتال دەكەم بەهۆى هەلەى چاپەوە چەند ووشەیەك لەدەربرینەكانى دەرنەچووبوون بۆیە بەپیویستى دەزانم جاریكى تر لیرەدا بلاویبكەینەوە)
*ڕەوشى ئێستاى لەتوركیا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
كارتاڵ،لەبەرئەوەى سیاسەتى حكومەت و پارتى ئاكەپە لەبەرامبەر چارەسەرى كێشەى كورددا ڕوو نینە و بەرنامەشیان نیە بۆ چارەسەرى و سیاسەتمەداران و بەرپرسانى دەوڵەت و سوپا هەردەم سیاسەت و هەڵوێستى نێگەتیڤ لەبەرامبەر چارەسەرى كێشەى كورد ئاشكرا دەكەن دەیانەوێت پێش لەچارەسەرى كێشەى كورد بگرن و هەنگاوەكانى چارەسەرى بەرەو پێش نەچن بەڵام ئەگەر ئاكەپە سیاسەتێكى ڕوو نیشان نەدات لەبەرامبەر ئەو سیاسەتە خراپ و چەوتانەى نیشان دەدرێن ئێمە لەوباوەڕەداین گفتوگۆ و دیالۆگ بۆ چارەسەرى بەرەوپێش دەچێت بەڵام بەداخەوە ئاكەپە و حكومەتى ئەردۆگان لەمبارەیەوە سیاسەتێكى ڕوون و ئاشكرا بەڕێوە نابەن،
*دواى(30)ساڵ خەبات و نیشاندانى هەڵوێستى ئاشتى پەكەكە تائێستاش توركیا لەسەر كەللە ڕەقى و هەڕەشەكردن بۆ هێرش بەردەوامە ئێوە لەمبارەیەوە چى دەڵێن؟
كارتاڵ،دەزانى ڕاستیەك هەیە پێویستە هەموو كەس بیزانێت ئەویش ئەوەیە كەتوركیا لەمەسەلەى چارەسەركردن و قبوڵكردنى كێشەى كورد زۆر دەترسێت و وادەزانێت ئەگەر ئەم كێشەیە قبوڵ بكات و چارەسەرى بكات لەت لەت دەبێت بەڵام لەڕاستیدا پێچەوانەكەى ڕاستە ئەگەر كێشەى كورد قبوڵ نەكات و بەردەوام بێت لەسەر دژایەتیكردنى داخوازیەكانى گەلى كورد ئەوكات مەترسى لەسەر توركیا دروست دەبێت بەوەى لە لەت لەت بوون نزیك دەبێتەوە و مەترسى لەیەكپارچەیى خاكەكەى دروست دەبێت،هەروەها كێشەى كورد لەتوركیا تەنیا چارەسەرى هى ئەو ووڵاتە ووڵاتانى داگیركەرى دراوسێى نیە بەڵكو پێویستە ووڵاتانى ئەوروپا و ئەمریكا بەتایبەتى هەوڵى چارەسەرى كێشەى كورد بدەن چونكە ئەمریكا سیاسەت لەخۆرهەڵاتى ناوەڕاست بەڕیوە دەبەن تائێستاش پشتگیرى دەوڵەتى توركیا یان كردووە بۆ دژایەتیكردنى كورد بەڵام پێویستە گۆڕانكارى لەم سیاسەتە بكەن چونكە لەبەرژەوەندیان نیە ئێستا بەرژەوەندى ئەوروپا و ئەمریكا لەوەدایە ناوچەكە ئارامم ببێت لە93ەوە ئێمە چەندین جار دەستپێشخەریمان كردووە بۆ ئاشتى وەك ڕاگرتنى شەڕ بۆ ئەوەى نیشانى جیهان و ڕاى گشتى بدەین كەئێمە وەكو بزوتنەوەى ئازادیخوازى گەلى كورد دەمانەوێت كێشەى كورد بەڕێگەى ئاشتى چارەسەرببێت و هەمیشە لایەنگیرى ئاشتین هەرچەندە ئیمڕۆ حكومەت و سوپا سیاسەتێكى ترسنۆكانە بەڕێوە دەبەن و تائێستاش لایەنگرى شەڕن و دژى ئاشتین بەڵام سیاسەتى ئاشتیانەى ئێمە زەخت لەسەر توركیا دروست دەكات بۆ چارەسەركردنى كێشەى كورد ئەگەرچى توركیا بەنێگەتیڤى وەڵامى دەستپێشخەریەكانمان دەداتەوە،
*زۆر داوا لەپەكەكە دەكرێت واز لەتوند و تیژى بهێنێت بەڵام بەپێچەوانەوە هاوكارى توركیا بۆ ئەوەى پەرە بەتوند و تیژى بدات لەدژى پەكەكە؟
كارتاڵ،ئێستا ئەوانەى داوا لەپەكەكە دەكەن دەست بەردارى توند و تیژى ببێت هیچ داخوازیەكى ئەساسیان نیە بۆ چارەسەرى كێشەى كورد ئەوانە دەیانەوێت سیاسەت لەسەر توركیا لەهەرێمەكە بكەن نمونە وەكو ئەمریكا وەك ئەوروپا ئەوان چ داواكاریەكیان هەبێت لەتوركیا توركیا ئامادەیە بۆیان جێبەجێبكات بەڵام تەنیا كێشەى توركیا كوردە بۆ ئەمەش توركیا داواى هاوكارى لەم ووڵاتانە دەكات كەبۆ دژایەتى پەكەكە هاوكارى بكەن ئەوە(30)ساڵە توركیا بەشەڕ دژى ئەم كێشەیە دەوەستێتەوە بەڵام هیچ ئەنجامیان نەگرت ئیمڕۆش داوا لەپەكەكە دەكەن چەك فڕێ بدات لەڕاستیشدا كێشەكە چەكى پەكەكە نیە كێشەى كوردە بۆ پەكەكە دروست بوو؟؟؟
بۆ پەكەكە دەستى بەتێكۆشان كرد لەبەرئەوەى كێشەى كورد هەیە هەتا كێشەكەى كورد چارەسەر نەبێت هەتا هەنگاوى ڕاستەقینە نەنرێت و بەجدى كارنەكرێت ئێمەش دەزانین ئەم كێشەیە بەتوند و تیژى چارەسەرنابێت بەڵام ئێمە چەكمان بۆ توندوتیژى لەمل نەكردووە تەنیا بەرگرى پێ لەخۆمان دەكەین ئێمە هەوڵ دەدەین بۆ ئەوەى هەموو دنیا تێبگەیەنین كەئێمە وەكو كورد بۆ چارەسەرى ئامادەین بەڵام پێویستە حكومەتى توركیاش هەنگاوبنێت لەم بوارەدا چونكە چارەسەرى كێشەكە تەنیا بەدەست پێشخەرى لایەنێك ناكرێت،
*پەكەكە و دەتەپە داواى گۆڕینى دەستورى بنگەهى توركیا دەكەن بۆ چارەسەرى كێشەى كورد بەڵام توركیا دەستور بەهێڵى سوور دادەنێت؟گەلۆ ئەگەر دەستور نەگۆڕدرێت پێت كێشەى كورد چارەسەر دەبێت؟
كارتالأ،بێگومان بەبێ گۆڕینى دەستورى بنگەهى كێشەكە چارەسەر نابێت تا ئەو قانون و یاسایانە نەگۆڕدرێن كەلەدژى گەلى كورد دانراون لانەبرێن و زمانى كوردى و ناسنامەى كوردى هەبوونى سیاسەتكردنى كورد قبوڵ نەكرێت بێگومان ئەم كێشەیە چارەسەر نابێت،
*بەڕێز ڕەمزى كارتاڵ ئەردۆگان بۆ پەیداكردنى دژایەتى پەكەكە چۆتە ئەمریكا و دانیشتنە چاوەڕوانكراوەكەى پەرلەمانى توركیا بۆ ڕێگەدان بەتوركیا بۆ ئەوەى هێرشبكاتە هەرێمى كوردستان پەكەكەش لەقۆناغى بێچالاكیبووندایە؟ئێوە ئەم ڕەوشە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
كارتاڵ،وەكو بەڕێز موراد قەرەیلان سەرۆكى كونسەى ڕێڤەبەرى كۆماجڤاكێن كوردستانیش لێدوانى دا ئێمە ئەم قۆناغەى ئێستا زۆر بەوردى هەڵدەسەنگێنین حكومەتى تورك و پارتى ئەردۆگان پڕۆژەیەكیان هەیە بۆ چارەسەرى لەپەرلەمان گفتوگۆى لەسەر دەكەن ئێمە چاوەڕوانى ئەنجامەكەى دەكەین بزانین ئەنجامى چى دەبێت هەروەها مەسەلەى هێرشكردنە سەر هەرێمى باشوورى كوردستان بەدەستوور بۆ ئەوەى فرمان بدەن بەسوپا بۆ هێرشكردنە سەرهەرێمى كوردستان چاوەڕوان دەكەین بزانین ئەنجام چى دەبێت دیسان نەخشەى ڕێگاى ڕێبەرى ئێمە عبداللە ئۆجەلان پێویستە حكومەتى توركیا ئەم پڕۆژەیە تەسلیمى گەلى كورد و ڕاى گشتى بكاتەوە ئێمە ئەم قۆناغە هەڵدەسەنگێنین،ئێمە وەكو بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى گەلى كورد لەڕۆژانى داهاتوو بڕیارى خۆمان لەسەر ئەم قۆناغەى ئێستا دەدەین،
*كاك ڕەمزى دواى(30)خەباتى چەكدارى ئیمڕۆ بەبێ ئەوەى هیچ ئەنجامێك بەدەست هاتبێت لەتوركیا دەكرێت دەست چەك فڕێ بدات؟
كارتاڵ،ئێمە چەك وەك ڕەوشێكى مەجبورى دەبینین دەوڵەتى تورك ڕۆڵەكانى گەلى كورد دەكوژێت و زینداینان دەكات فشاریان لەسەر دروست دەكات ئێ خۆ دەبێت ئێمەش بەرگرى لەخۆمان بكەین و خۆمان بپارێزین بۆیە لەم پێناوەدا چەكمان لەشان كردووە و هەوڵى خۆپاراستن دەدەین نەك شەڕكردن بۆیەش داوا لەئەوروپا و ئەمریكا دەكەین چیتر پشتگیرى شەڕنەكەن توركیا(30)ساڵە هێرش دەكات هیچ ئەنجامێكى بەدەست نەهێنا بەڵام گەلى كورد هوشیاربۆتەوە و پەكەكە زۆر زۆر گەورە بووە داواش لەباشوورى كوردستان دەكەم بەپێى تواناى خۆیان ڕۆڵ بگێڕن بۆ چارەسەرى كێشەى كورد لەتوركیا،
*بەڕێز كارتاڵ پێت وانیە دەسەڵاتى باشوور لەمەسەلەى چارەسەرى كێشەى لەتوركیا كەمتەرخەم بووبێت؟
كارتاڵ،ئێمە چاوەڕوانى زیاترمان هەیە لەدەسەڵاتى باشوور بەتایبەتى سەرۆكى هەرێمى كوردستان و سەرۆكى حكومەتى كوردستان و پەرلەمانى كوردستان بۆ بەڕێوەبردنى كۆنفرانسى نەتەوەیى چونكە بەستن و سەرخستنى ئەم كۆنفرانسە نامەیەكى گرینگ و بەهێز دەبێت هەم بۆ گەلى كورد هەم بۆ دراوسێكان بۆیە بەتایبەتى پێویستە كاك مەسحود بارزانى و پەرلەمان ڕۆڵى زیاتر بگێڕن لەم بوارەدا،
*كاك ڕەمزى بەڕێزتان وەكو سەرۆكى كۆنگرەى گەلى كوردستان هەڵوێستى ئەمریكا و ئیسرائیل بۆ دژایەتیكردنى پەكەكە و هێرشكردنە سەرهەرێمى پاراستنى میدیا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
كارتالأ،بەڕاستى ئەوە سیاسەتێكى پڕ مەترسیدارە بۆ ئاسایشى هەرێمەكە ئەم هاوكاریەش هیچ سودێكى نیە بۆ ئیسرائیل و ئەمریكا لەبەرئەوەى توركیا پەیوەندیەكانى خۆى لەگەڵ سوریا و ئێران بەهێزتر كرد هەروەها پەیوەندیشى لەگەڵ بەعسى پاشماوەكانى سەدام دروست كرد لەعێراق و لەتوركیاش لەگەڵیان كۆبۆوە،
لەبەرئەوەى هاوكارى ئەمریكا و ئیسرائیل بۆ توركیا جگەلەزیان هیچ سودێكى نەبووە بۆیان بەڵكو زیانیشى پێگەیاندوونە ئیدى پێویستە ئەم دوو ووڵاتە ڕۆڵ بگێڕن بۆ چارەسەرى كێشەى كورد لەتوركیا ئەوەش لەڕێگەى زەخت كردن لەسەر توركیا ئەگەر كێشەى كورد لەتوركیا چارەسەرببێت كاریگەرى دەبێت لەسەر سوریا و ئێران تەواوى ئەمن و ئاسایشى ناوچەكە،
*پێت وانیە دواخستن و نەبەستنى كۆنفرانسى نەتەوەیى لەسەر داواى توركیایە چونكە ئەگەر لەبەرژەوەندى ئەو نەبێت نەیەوێت كۆنفرانس ببەسترێت؟
كارتاڵ،دەزانى هەڤاڵى هێژا ئەگەر كۆنفرانسى نەتەوەیى بەگوێرەى بەرژەوەندیەكانى توركیا بێت هیچ سودێكى نیە بۆ گەلى كورد چونكە ئەم كۆنفرانسە بۆ بەرەو پێش بردنى چارەسەرى كێشەى كوردو لەیەكنزیكردنەوەى كوردى هەر چوارپارچەكەیە،
*كاك ڕەمزى دوا پرسیار لەبەڕێزتى بكەین بەپێى زانیارى ئێمە میرى قەتەر هەوڵى داوە بكەوێتە نێوان توركیا و پەكەكە بۆ چارەسەرى پەكەكە ئەم هەوڵەى قبوڵكردووە بەڵام توركیا ڕەتیكردۆتەوە؟
كارتاڵ،شتى وام نەزانیوە و هیچ ئاگادارى ئەم بابەتە نیم و زانیاریم نیە لەوبارەیەوە.
ئەم دیمانەیە لەدوا ژمارەى گۆڤارى كلیل دا بلاوبۆتەوە،
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە