سلێمانیش خاوەندارى لە ئۆجەلان دەكات

Monday, 07/12/2009, 12:00

1370 بینراوە


ئەمڕۆ لە هۆڵى ئوتێل ئاشتى لە شارى سلێمانى، چوار ڕێكخراو لە كۆنگرەیەكى ڕۆژنامەوانیدا خاوەنداریان لە ئۆجەلان كرد و داوایانكرد ڕەوشى ئۆجەلان باش بكرێت، ئەوان ئەشكەنجەى سەر ئۆجەلانیان وەك ئەشكەنجەى سەر هەموو كوردێكى ئازادیخواز ناوبرد.
كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكە لەلایەن (كۆمیتەى پاراستنى تەندروستى ئۆجەلان، دەستپێشخەرى گەنجانى باشور، پارتى چارەسەرى دیموكراتى كوردستان بەڕێوەبرایەتى سلێمانى و ئەنجومەنى ژنانى ئازاد)ەوە ڕێكخرا بوو.
لە سەرەتادا (د.فایەق گوڵپى) ئەندامى كۆمیتەى پاراستنى تەندروستى بەڕێز ئۆجەلان بۆ كەناڵەكانى ڕاگەیاندن قسەى كرد و ئاماژەى بۆ ئەوە كرد كە ئەوان بە پێویستى دەبینین خاوەندارى لە تێكۆشەرى ئازادیخوازێكى وەك بەڕێز ئۆجەلان بكەن، چونكە بەڕێز ئۆجەلان بە تێكۆشانى خۆى زۆر دەستكەوتى مەزنى بۆ گەلى كورد ئافراندووە، داواشى كرد ڕاگەیاندنەكان بایەخ بەم بابەتە بدەن و بۆ ڕاى گشتى بڵاوبكەنەوە.
پاشان ئەبوبەكر مەجید مەعروف ئەندامى بەڕێوەبەرایى سلێمانى پەچەدەكە بەیانەكەى خوێندەوە و لەسەرەتادا ئاماژەى بۆ ئەوەكرد كە"بەرێز عەبدوڵا ئۆجەلان بە تواناى هزرى و سیاسى و مەعنەوى خۆى توانى ڕابەرایەتى شۆڕشى ئازادیخوازى و دیموكراتى گەلى كورد بكات، ئەو متمانیەش لەلایى بەشێكى زۆرى گەلى كورد لە هەر چوارپارچەى كوردستان وەربگرێ، لەم حاڵەتەدا ئەو وەكو نوێنەرى گەلێكى بندەست كاردەكات، هەربۆیە هەر هێرش و ئەشكەنجەیەك بكرێتە سەر بەڕێز ئۆجەلان هێرشە بۆ سەر ئەو گەلە، چونكە ئەو وەكو نوێنەر و ئیرادەى سیاسى ئەو گەلە تێدەكۆشێ".
ئەبوبەكر مەجید لە درێژەى بەیاننەكەدا دەڵێ: سەرەڕاى ئەوەى لە ساڵى 1999دا بە پیلانگێڕیەكى نێودەوڵەتى و دوور لە هەموو پێوانەیەكى دیموكراتى و مرۆڤایەتى و ئەخلاقى بەڕێز ئۆجەلانیان ڕفاند و لە دوورگەى ئیمرالى گۆشەگیریان كرد، لەماوەى ئەم یازدە ساڵەشدا سیاسەتێكى نامرۆڤایانەیان لەسەر بەڕێوەبردووە، وەكو ئەشكەنجەى جەستى بەزۆر قژبڕین و ژەهرپێدان و بێ ڕێزى پێكردن و ئەشكەنجەى دەرونى توند".
ئەبوبەكر ئاماژە بۆئەوەش دەكات كە سەرەڕاى ئەم سیاسەتانەى دەوڵەتى توركیا بەڕێز ئۆجەلان بەردەوام هەوڵى ئاشتى و چارەسەرى كێشەكانى داوە بە ڕێگاى گفتوگۆ، لە دواهەمین هەوڵى ئۆجەلانیش ناردنى دوو گروپى ئاشتى بوو بۆ توركیا كە بە سەدان هەزاركەس لە باكور و باشورەوە پشتگیرى گروپەكانى ئاشتى و پێشنیارەكەى ئۆجەلان بوون".
لەبەیانەكەدا تیشكیش دەخرێتە سەر ڕەوشى ئۆجەلان لە زیندانە نوێیەكەیدا كە چۆن وەكو چاڵێكى مردنە.
لە كۆتایى بەیانەكەدا ئەوبوبەكر مەجید مەعروف وتى: ئێمە وەكو ئەركێكى نەتەوەیى و دیموكراتى لەبەرامبەر ئەم هێرش و ئەشكەنجەیەى سەر بەڕێز ئۆجەلان دەنگى ناڕەزایى خۆمان بەرز دەكەینەوە، و دەست بە تێكۆشانى دیموكراتى دەكەین، هەتا هەلومەرجى ژیانى بەڕێز ئۆجەلان لە زیندان باش دەكرێت، داواش لەهەموو گەلى كورد و لایەنە سیاسیە كوردیەكان و ڕێكخراوەكانى كۆمەڵگەى مەدەنى دەكەین، لەبەرامبەر ڕەوشى نالەبارى بەڕێز ئۆجەلاندا بێدەنگ نەبن و دەست بە تێكۆشانى دیموكراتى بكەن.
لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا (تەلەڤزیۆنى پەیام، كەناڵى كەى ئێن ئێن، تەلەڤزیۆنى ئازادى و یەگرتوو، ڕۆژنامەى هاوڵاتى و ئاژانسى دەنگوباسى كوردستان و ئاژانسى دیجلە)ئامادەبوون.
ڕۆژنامەوانان دواى بەیانەكە پرسیاریان كرد و پەرۆشى ئەوبوون هەڵوێستى دەسەڵاتدارانى هەرێمى كوردستان بزانن، لەسەر ئەو ڕەوشەى ئێستا هاتۆتە ئاراوە لە باكورى كوردستان، ڕێكخراوەكان لەوەڵامى ڕۆژنامەواناندا ڕەخنەى هەڵوێستى دەسەڵاتدران و ڕاگەیاندنەكانى دەسەڵاتیان كرد كە تا ئێستا هیچ هەڵوێستێكیان نیشان نەداوە.
سڵاو و رێزى شۆرشگێرى
ئاژانسى كەركوك
07-12-2009

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە