تاكەی پارتی بۆی دەچێتە سەر؟

Sunday, 25/05/2014, 12:00

1356 بینراوە






ئەمە یەكەمجار نیە پارتی هیچ بنەمایەكی نەتەوەیی و نیشتمانی لەبەرچاو نەگرێت و، لە پێناو رازیكردنی وڵاتانی دراوسێیدا ئەوەی بۆ بكرێت و بلوێت قسوری لێناكات و، رەفتاری وادەنوێنێت كە لەگەڵ ئەم زەمانەی دونیا و تەنانەت ناوچەكە و كوردستانیشدا ناگونجێت . كێ بینیویە لەم كاتەدا خەڵك باوەری تەواوی بە دیموكراسی بێت و تەنانەت خودی خۆیشی بەیت و بالورەی هەمەرەنگ بە باڵای ئازادی و دیموكراسیەوە بڵێت و ئاواز و گۆرانیی رەنگاورەنگی بۆ بچرێت كە چی بە پێچەوانەوە رەفتار بكات و لە هەلێك بگەرێت كە ئەوانەی بزانێت بەموو لە بۆچونەكانی لابدەن پەلاماری بدات . كەس هەیە لەم كاتەدا وا رەفتار بكات و پەلاماری حزب و دەزگایەكی رۆشنبیری و رۆژنامەوانیی هاورەگەز و هاوزمانی خۆی بدات، لە كاتێكدا قبوڵی بێت هێزی داگیركەر لە لوتكە و چیاو دۆڵەكانیدا بە ئازادی بجوڵێنەوە و ئەوەی بیانەوێت ئەنجامی بدەن .
پەلاماری پارتی بۆسەر بارەگاكانی حزبێكی كوردستانی زۆر رەفتاری كۆنی ئەم حزبەمان دێنێتەوە یاد، كە خودی پارتی نكوڵی لێدەكات و نەوەی نوێ تارادەیەك باوەری پیدەكەن و، كەسیش متقەی لێوە نایەت . پرسیارەكە لەوێدایە، كە پارتی ئستیغلالی ئەم كاتە هەستیارەی پاش هەڵبژاردن دەكات و خەڵك و حزبەكانیش لەپێناو بەرژەوەندیە تایبەتیەكانیان نوزەیان لێبراوە، چونكە لە چاوەروانی پارچە كێكەكەن لە دەسەڵاتدا،ئەی بۆچی رۆشنبیران و خەڵكی سەربەخۆ و خاوەن بیروباوەر نایەنە دەنگ، یان تۆ بڵێی چاورەێی ئەو حزبانەن كە لێیانەوە نزیكن، كەوابێت هیچ رۆشنبیر و نوسەر و چاودێرێكی سەربەخۆمان نیە . كە ئەو خەندەقە بێمانایە لێبدات قسە نەكەیت، كە پەلاماری حزبێكی كوردستانی بدات و قسە نەكەیت، كە ئازادی بەرتەسك بكاتەوە قسە نەكەیت ، كە دەست بخاتە نێو دەستی ولاتێكی داگیركەری پارچەیەكی ئەم كوردستانە دەنگێكت لێوەنەیەت، كەساختەكاری و تاكحزبی و تاكرەوی فەرز بكات قسە نەكەیت ، كە ململانێی حزبی و شەخسی بخاتە ناوچەكەتەوە و خۆی لەدورەوە پێبكەنێت و تۆش مەرامەكانی جێبەجێبكەیت. بە خەڵكی كوردستان ناڵێیت كەی هەڵوێست وەردەگریت، كە چەندین ساڵە لافو گەزافی هەمەجۆر لێدەدەیت و رۆژ نیە هەڵوێست بەم خەڵكە داماوە نەفرۆشیتەوە.
ئەوەی سەیرە لام و جێگای پرسیارە؛ ئەگەر لەم كاتەدا نەبوایە ئۆپۆزسیۆن هەڵای نەدەنایەوە، كەچی لەگەڵ ئەوانیشدا هیچ هەڵوێستێكی حزبی و شەخسی هیچ لایەنێكیمان نەبینی،بۆ؟
دیارە لەم كاتەدا، سەرجەم حزبەكان لەبیری دەسەڵات و بەدەسهاتەكانیانن، هەموو روانینێكیان لەو گۆشەیەوەیە و،رەفتاریشیان بە گوێرەی زەمان و كاتەكەیە، ئەمەش ئەوەمان بۆ دەردەخات كە جگە لە بەرژەوەندی حزبی و شەخسی، هیچ لایەنێك حساب بۆ بەرژەوەندی باڵای كوردستان و دوارۆژی نەتەوەكەی نەكردوە و لە روبەرێكی تەسكی حزبیدا نەبێت، هیچ لایەنێكمان نەبینی هەنگاوێك بهاویژێت .
لەم رەفتارەی پارتی و،بێهەڵوێستی لایەنەكانەوە، زۆر شتمان بۆ رونبوەوە، ئۆپۆزسیۆنی دوێنی و بەشداری دەسەڵاتی ئەمرۆ بەم شێوەیە دەیەوێت ئارامی كوردستان بپارێزێت، كە لە زەرەری ئامانجە ستراتیژیەكان دەشكێتەوە، ئەمەش دژ بە ئامانجەكانی خودی ئۆپۆزسیۆنی دوێنێیەكە تا ئەمرۆش رەفزی لۆكاڵیبونی خۆی دەكات .
بۆیە، ئەگەر تا دوێنی بە هەڵوێست و رەفتار و هەنگاوەكانی ئۆپۆزسیۆن بارودۆخە سیاسیەكە گۆرانێكی بەخۆوە بینی و هاوكێشە سیاسیەكان لەبەرژەوەندی خەڵكدا شكانەوە، ئەمرۆ هەست بەوە دەكرێت كە سەرەتای لەنگەربەستن یان پاشگەزبونەوە لە دونیای سیاسی كوردستاندا دەردەكەوێت و حاڵی هەرێمی كوردستان كتومت وەك ئەم چوارساڵەی پێشوی عێراق دەبێت كە جگە لە دابەشكردنی پارچە كێكەكە بۆ حزب و لایەنەكان هیچی تری لێ سەوز نەبو، ئەمەش زۆر سروشتیە لە ولاتێكی بێ ئۆپۆوسیۆندا هیچ پێشكەوتنێك نەبینین و تەنانەت وڵاتانی دەرەوە و چواردەور و دراوسێ ئەوەی بیانەوێت بەبێ هیچ رێگریەك جێبەجێی بكەن .
ئەم رەفتارەی پارتی لەم رۆژانەدا ئەو سیناریۆ خەتەرناكانە دێننە بەرچاومان كە چاوەرێمان دەكەن و یاریچی سەرەكی تێیدا ئەم حزبانەن و براوەی یەكەمیش وڵاتانی داگیركەری كوردستانن .
بۆیە، لەوڵاتێكی بێ ئۆپۆزسیۆندا، ئەگەر رۆشنبیران و خەڵكی بژاردەی سەربەخۆ رۆڵی خۆیان نەبینن، دەبێت چاوەروانی پاشەكشە و گەرانەوە بكەین بۆ چوارگۆشەی یەكەم. لەم سۆنگەیەوە ئەكرێت بڵێین ئەركی نەتەوەیی و نیشتمانی ئەو خەڵكانەیە كە هەڵوێستی راست و دروستی خۆیان بەهەموو شێوەیەك لەمەر هەر پێشهاتێك دەربرن و، نەهێڵن پارتی ئاسا حزبەكان مەرامی تەسكی خۆیان جێبەجێ بكەن .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە