پشتگیری ئیسرائیل بۆ كورد سیناریۆیە یان ئیستیفزازە بۆ ئێران؟

Monday, 30/06/2014, 12:00

1457 بینراوە





لەو هەل و مەرجەى هاتۆتە ئاراوە، بارودۆخەكە بەجۆرەها شێوە لێكدانەوە و شرۆڤەى بۆ دەكرێ بەوەى ئایندەى ئەم ئێراقە بەرەو كوێ دەڕوات؟ ئایا ئێراق بە یەكگرتوویی دەمێنێتەوە یان دەبێتە سێ هەرێمى سەربەخۆ یاخود سێ دەوڵەت؟

لەمێژە لە نەخشەرێگای ئەم ئێراقەدا باس لە پارچە پارچەبوونى دەكرێت، بەڵام تا بەم ئان و ساتە ڕادەگات وڵاتانى عەرەبی جگە لەوەى لەگەڵ داڕمانى ئێراق نین، بەڵام بەشێكى زۆریان حەز دەكەن زۆر لاوازبێ و بەهەموو شێوەیەك جاڕدانى دەوڵەتى سەربەخۆیی كورد ڕەت دەكەنەوە،تەنانەت وڵاتانى هەرێمایەتیش لەو ڕووەوە توركیا لەپێناو بەرژەوەندیە ئابووریەكانى خۆی پشتگیری سەربەخۆیی ئابووری هەرێمى كوردستان دەكەن بەڵام لەگەڵ سەربەخۆیی سیاسیدانین، لێكدانەوەى ئەو لێدوانە پاڵپشتى دەوڵەتى سەربەخۆیی كورد ناكەن چونكە دیدگایان بۆ داهاتووى وڵاتەكەیان هەمان گڵپە و گڕوتینى كوردان تیایدا ڕۆژێك دادێ و دەتەقێتەوە بەمەیش ئەو ترسە وادەكات خۆی لەو مەسەلە ببوورێ و ئێرانیش بەهەمان شت دژی سەربەخۆیی كوردستانە و سوریاش لەشێنەیی دا هەمان هەڵوێستى هەیە.

هەر هەوڵێك لەلایەن وڵات و گروپ و حزب و كەسایەتیەكەوە لەمەڕ پشتیوانى كورد دەرهەق بەسەربەخۆیی بدرێ جێی ستایش و دەستخۆشیە، نەخاسمە ئەو لێدوانەى سەرۆك وەزیرانى ئیسرائیل كە دەڵێت: پشتگیری دەوڵەتى سەربەخۆیی كوردستان دەكەین.

كورد بێ پەروا ئەگەر بەڕاستى ئیسرائیل پشتگیری بكات بەهەردوو دیوى ماددى و مەعنەوى، بەدڵنیاییەوە كەس ناتوانێ زەفەری پێ ببات و هەڕەشەكان لەلایەن هەر كەس و حزب و وڵاتێكەوە بكرێتە سەری بێ شك شكست بەهەموو هەوڵەكان دێنێ، وەلێ ئەفسووس ئەوەى جێی تێڕامان و هەڵوێستە لەسەركردنبێ گەمە كردن بەشعوور و ئیرادەى كورد دۆخێك دەڕسكێنێ ئەگەر بەوریاییەوە مامەڵە نەكات دووچاری كارەسات دێ، لەوەشدا ئەو لێدوانەى سەرۆك وەزیرانى ئیسرائیل وەك لەپێشەوە وتمان جێی دەستخۆشیە، بەڵام ئەكەر كردەوەی لەگەڵ نەبێ هەوڵەكان دەبنە بڵقی سەر ئاو، لەكاتێكدا ئەگەر تەنها بۆ ئیستیفزازى ئێرانبێ كە بەدوژمنى سەرسەختى خۆی دەزانێ، لەوەدا ئەگەر بێ هیچ كردارێك لێدوان بدرێ، ڕەنگە لەولاوە ئێران لەڕقی ئەو لێدوانەى ئیسرائیل ئەوەى پێی بكرێ دژ بە كورد بیگرێتە بەر بەجۆرێ ئێران سنووری بەسەر كوردستانەوە هەیە و دەتوانێ بە زۆر شێوە كێبڕكێی هەرێمى كوردستان بكات چ بەداخستنى سنوورەكانبێ یا ئاژاوەدروست كردن لەسەر سنوورەكان و هاندانى شیعەكان بۆ شەڕكردن بەرامبەر بە كورد لەچوارچێوەى ئەو ناكۆكیانەى تا بەئەمڕۆ دەگات لەبازنەى ماددەى سەد و چل چەندین ساڵە بەبێ ئەنجام و بەبێ ڕەزامەندى بەغدا و هەولێر یەكلایی نەبۆتەوەو ..هتد.

هیوادارین ئەوانەى هاوسۆزن بۆ كورد بەكردەوە بوونى خۆیان لەو مەیدان بسەلمێنن و مێژوویەك لەو سەروەرییە بۆ خۆیان تۆمار بكەن.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە