مستەفای حەسەنە گەورە

مستەفای حەسەنە گەورە ئەندامی ستافی کوردستانپۆست و ئەندامی دەستەی بەرێوەبەری بەرەی خەڵک، رۆژی (07 / 05 / 2020) لە وڵاتی دانیمارک بەهۆی نەخۆشی کۆڕاناوە کۆچی دوایی کرد.

https://www.facebook.com/profile.php?id=100063475880088


من عاشقی کچەکەی بارزانیم.. وانەیەک لەسەر ئازادیی

Friday, 04/05/2012, 12:00

3459 بینراوە


(من عاشقی کچەکەی بارزانیم) ئەو دێڕە و ئەو کورتە نامەیە و ئەو خەیاڵ و روئیایە بوو بۆ پێوانەکردنی ئازادیی لەسایەی حوکمداری بارزانیدا.
شەهید سەردەشت بەتاکە نامەیەک و فیداکاری گیانی خۆی، بە ڕستەیەک و ئاڕاستەیەکی زۆر سادە، حەقیقەتێکی نیشانداین، سیحرێکی بەتاڵکردەوە لە نوشتەی ئازادیی و ئەفسانەی ماف و تەلیسمی درۆینەی یەکسانی کوردێک بە کوردێکی تر.. بە تەنیا دێڕێک دەماری کۆنەپەرستی و خێڵەکیانەی هەموو مێژووی بنەماڵەی بۆ سەلماندین.. گرنگ ئەوە نەبوو سەردەشت ئاشق بوبێت بە خانم بارزانی، ئەوەی لەو پەیامە کورتەوە دەری بڕی نیشاندانی هەموو ئەو پیرۆزیانە بوو کە بنەماڵە بەسەر ئێمەدا فەرزیان کردووە، پیرۆزی ئاخی بارزان، پیرۆزی شێخی بارزان، پیرۆزی تەریقەتی بارزان، پیرۆزی فەشەلەکانی خەباتی بارزان، پیرۆزی ٣١ی ئاب، پیرۆزی هەزارپیاوەکە و بەکەعبە کردنی سەری ڕەش.. سەردەشت تەنیا شەهید و قارەمانێک نیە ڕاستەوخۆ لەناو جەرگەی ئەو پیرۆزیانەی بە زرێڤانی و پاراستن و ماکینەی پروپاگەندەکردن دەرخواردی ژیانی خەڵکی ئەدەن، ئەو لە چەقی ئەو هەمووبتە جۆراوجۆرەی وێناکانی پیرۆزی بارزانیدا، ئیبراهیم ئاسا کەوتە شکاندنی بتەکان، دەیزانی مەنجەنیقێک لە تۆڵە چاوەڕوانی دەکات، بەڵام ئاشق بوون کەی ئاگای ترس و سڵەمینەوە دەزانێت، سەردەشت ئاشق نەبوو بە خانمەکەی کچی بارزانی بەڵکە ئاشق بوو بە ئازادی، بە ژیانێک بێ بت و پیرۆزی درۆینە. ئازادی بەرلەوەی دیاردەیەک بێت، غەریزەیەکی ئینسانیە، غەریزەی ئازادی سەردەشت لەترۆپکی نەشوە و پێگەیشتندابوو، کەم کەس هەیە بتوانێت ژیان بگۆڕێتەوە بە ئازادی، مەگەر ئەم فیداکاریە لە توانای عاریف و سۆفیەکدابێت مەنسوری حەلاج ئاسا لەپێناو حەقدا، خۆی بکاتە پاروی حەقیقەتە درۆزنەکان.. ئەو ئازادیەی لە کوردستانە زەردەکەی بارزانیەوە باسی دەکرا، حەقیقەتە درۆینەکەیە کە سەردەشت لەواتا و ماناکانی گەیشتبوو چ هەڵخەڵەتاندنێکە، چ زیف و گاڵتەجاریەکە.. مەشقێکی ترسناک بوو بە هەموو رۆشنبیر و فەلسەفەیەک نەدەکرا، چونکە بەرلەوەی هەر شتێک بڵێت دەبێت حساب بۆ مانەوە و پاراستنی گیانی خۆت بکەیت، بەڵام مەشقەکەی سەردەشت ئەوەبوو، کە بیسەلمێنێت، ئەوەی ئێمە پێمان وایە ئازادیە و لە کوردستان مومارەسەی دەکەین ئەو فەزای ئازادی نیە، بەڵکە فەزایەکە پڕیەتی لە بت و پیرۆزیەکانی.. پیرۆزی لەبری ئازادی دەرخواردی ئینسانی کوردی ئەدرێت، دەنا لە کەمترین ئاستیدا ئازادی ئەوەیە توانا و بواری قسەکردنم هەبێت، ئەگەر سەیرکردن و تێڕامان لەبتەکان و پیرۆزیەکان ئازادی بن، ئەوە شکاندنی زمانە و کەڕولاڵ کردنی ئێمەیە. بەم مەشقەوە سەردەشت لەبەردەم جەلادەکانیدا بەدەست و چاوی بەستراوەوە لەبەردەم دوو ئیختیاردا دەمێنێتەوە، یان ئەوەیە وەک هەندێک لەو نوسەرە سێرکیانەی ئەکرۆپاتانە بازبازێن دەکەن پەشیمان ببێتەوە و بچێتە ژێر سێبەری خێوەکانی پیرۆزیە درۆینەکان و لەسەر گۆرەکەی بارزانی بەفاتیحایەک بڵێت من هەڵەبووم، یان ئەوەیە مەنسوری حەلاج ئاسا بڵێت ئەگەر بشمکوژن، شەهادەتەکەم لە پێناو عیشقێکدایە ئازادیە، لە پێناو ژیانێکدایە بێ لە بت و بێ لە تەسلیمبوون بە گەوجاندن.

سەردەشت تەنیا شەهیدێک نیە، ڕوداوێک نیە، رۆژنامەنوسێکی قوربانی قەڵەمەکەی نیە، ئەو وانەیەکە، ئەگەر ئەمڕۆ باسکردنی لەناو چاوگوێ ی بتەکاندا حەرامە، ئەوا سبەی نمونەیەکە نەوەکانمان لە فێرگەکان بەدەم دەرسی ئازادیەوە باسی دەکەنەوە و جەلادەکانیشی وەک هوبەلەکان بەر نەفرەتی مێژوودەکەون.
رۆحت شاد هاوڕێم، ئەی سۆفیە عاشقەکەی ئازادی و کچەکەی بارزانی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە