لە سێبەری شاخ، لە بیرەوەریەکانی پێشمەرگەیەکی ژن - زنجیرەی هەژدەهەم

Friday, 09/01/2015, 12:00

5449 بینراوە


ئەو قەڵەمە بشکێت کە خۆی لە گوتنی راستییەکانی مێژوو دەدزێتەوە یان دەیان شێوێنێات!
لە نێوزەنگ دلاوەری برام لە بارەگای کاک نەوشێروان دەمایەوە. هەموو رۆژێک بۆ چەند سەعاتێک دووردەکەوتینەوە لە قەدپاڵی چیای مامەندە دادەنیشتین. لەگەڵ بوونی جیاوازی تەمەن لە نێوانماندا بەڵام زۆر قسەو بابەتمان هەبوو کە دادەنیشتین نەماندەزانی کات چۆن تێدەپەڕێت. ئەم پەیوەندییە هەر وا مایەوە هەتا دوا رۆژی تەمەنی دلاوەر. لە دانیشتنەکان بۆم دەرکەوتبوو، کە دلاوەر زۆر نارەحەتە لە مانەوەی لەو بارەگایە،  لەگەڵ پێشمەرگەکان هەڵناکات و هەست بە تەنیای دەکات. بێگومان ئەوە مایەی نارەحەتی بوو بۆمنیش، بەڵام لە هەمان کاتیشدا هیچم لە دەست نەدەهات بیکەم. ڕۆژێک دلاوەر هات زۆر دڵخۆشبوو گوتی، لە بارەگای ئێستگە لە گوندی "توژەڵە"دا کوڕێک هەیە هاورێی منداڵیمە پێشمەرگەیە وهاوسێی خۆمان بووە، ناوی "تەها"یە کوڕی حاجی عوسمان، خێزانەکەی ناوی "چیمەن"ە. پێمخۆشە بچین بۆ سەردانیان. زۆر خۆشبوو بۆمن کە بینیم دلاوەر وا دڵخۆشەو کەمێک زەوقی کڕاوەتەوە، پڕ بە دڵ پێمخۆشبوو کە دلاوەر هاورێیەکی خۆی ببێنێت، بۆ ئەوەی تۆزێک لەو بارە دروونیە ناجێگیریە و غەمبارە دەربازی بێت. لە هەمان کاتدا پێمخۆشبوو بچم بارەگای ئێستگەی ئەو شۆرشە نوێە ببینم، کە خەڵک لە شاران بە پەرۆشەوە و بە دزیەوە هەولێنادەدا گوێ لەو رادیۆیە بگرن سەرەڕای بوونی تەشوشێکی زۆری حکومەتی بەعس لەسەری. لە رۆژی ١٠/١/١٩٨٢ دا چووین بۆ توژەڵە بە میوانی بۆ لای ئەو هاورێیەی دلاوەر.  

ئەندازیارانی ئێستگەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کێ بوون؟

کاک نەوشێروان لە لاپەرە ١٦٢ لە پەڕتووکی پەنجەکان یەکتری دەشکێنن نووسیویەتی(تەلعەت گلی، ئەندازیارێکی کەرکوکی و ئەندامی یەکێتیی لە کوێت کاری ئەکرد، کاتی خۆی ئەو دەزگای رادیۆکەی هەلبژارد بوو، لە کوێتەوە بە نهێنی هاتە ناوزەنگ، دوای گەران بە ناوچەکەدا شوێنێکی هەلبژارد پییان ئەوت " گردی کۆپکان" بۆ دانانی داوودەزگای رادیۆئ). لەمە زیاتر ناوی هیچ ئەندازیارێکی ئێستگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی نەهێناوە. کە ئەمە جێگەی پرسیارو ڕامانە! بۆ خوینەری ئئێستا، دوارۆژ، ئەوانەی لە نێو رووداوەکاندا ژیاون و ئاگایان لە ڕاستییەکان هەیە!
ئەوەی من زانیومە لە ساڵی ١٩٨٠وە ، ئەوەی من بینیانم بەدرێژای ژیانی پێشمەرگایەتیم لە شاخدا ئەندازیاری ئێستگە بووبن لە سالی ١٩٨١وە تا ساڵی ١٩٨٨کە هەموو سەرکردایەتی و بنکردایەتی یەکێتی روویان لە ئێران کرد، کەس لە شاخ نەما، تەنیا پێشمەرگەی تیپەکان نەبن کە دابڕان و پەرەوازە ببوون، دواتریش تا ساڵی ١٩٨٩، وەکو راستییەک دەیخەمە روو.
رادیۆی یەکێتی نیشتمانی لە نیسانی ساڵی ١٩٧٩دا بۆ یەکەم جار تەنیا بۆ دوو هەفتە پەخش کرابوو. لە ساڵی ١٩٨٠دا لە گردی کۆپکان لە گوندی "توژەڵە" لە سەر سنووری نێوان عیراق ئێراندا کەوتە کار کردن. ئامرازی ئێستگە لە لایەن تەڵعەت گلی هەڵبژێردرا بوو بۆ کڕین لە دەرەوەی وڵات.

 تەلعەت ئەندازیارێکی کورد بوو کۆنە جەلالی لەگەڵ خێزانی لە کوێت گوزەرانیان دەکرد. لەلایەن  "تاڵەبانی" راسپێردرا بوو کە دەزگای رادیۆ بۆ یەکێتی نیشتمانی کوردستان بکڕێت لەسەر حیسابی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بە مانایەکی تر یەکێتی پارەکەی دەزگای رادۆیی  داوە بە تەڵعەت گلی لەگەڵ مەسروفاتی رێگا. ئەو ئەندازیارە کە ئامرازی رادیۆ دەکڕێت، دەیهێنێتەوە بۆ کوردستان بە رێگای ئێران هات بوو بۆ توژەڵە، بۆ ئەوەی یارمەتی دوو ئەندازیاری تری پێشمەرگە بدات بۆ دامەزراندنی رادیۆ لە گردی کۆپکان. دوای دامەزراندنی بە دوو هەفتە دووبارە  گەڕایەوە بۆ کوێت. تەڵعەت گلی، بۆ یەک رۆژیش پێشمەرگایەتی نەکردووە، بەدریژای خەباتی شاخ،  ئەو لە هەنداران ژیانی بەسەر بردوە، بۆ یەک رۆژیش ساردو گەرمی سەختی ژیانی پێشمەرگایەتی نەچێشتوە، دواتر "کوێت"ی بەجیهێشت و رووی لە "کەنەدا" کرد.  دوای ڕاپەرینی ساڵی ١٩٩١ی باشوری وڵات لە کەنەدا گەڕایەوە بۆ کوردستان.

لە کاتی دامەزراندنی ئێستگە لەلایەن هەردوو ئەندازیاری پێشمەرگە و تەڵعەت گلی،  کاک نەوشێروان لای ئەو دوو ئەندازیارە " ڕەنجە و رێبوار" دەبێت لە یەک خەیمەدا لە گوندی "توژەڵە" و خەریکی خۆ ئامادەکردن دەبێت بۆ کۆنفرانسی یەکەمی کۆمەڵە.  

ئەو وینەی سەرەوە، لە ڕاستەوە بۆ چەپ: رەنجەی موهەندیس، نەوشێروان مستەفا ئەمین، رێبواری موهەندیس، ساڵی ١٩٨٠ گردی کۆپکان لە گوندی توژەڵە کاتی دامەزراندنی رادیۆی یەکێتی نیشتمانی کوردستان.

ئەوەی پێویستە بەراستگۆیەوە پەنجەی بۆ درێژ بکەم ئەوەیە، کە ئەو دوو ئەندازیارە پێشمەرگەیە لەگەڵ ئەندازیارێکی تری پێشمەرگە بەدرێژای قۆناغی شاخ ئەو رادیۆیەیان بەرێوە برد. هەرسێکیان ئەندامی کۆمەڵەی رەنجدەران بوون، لە رێکخستنەکانی نهێنی ناو شار کاریان کرد بوو. دوانیان لە کۆمیتەیی ئاگریین، لە ساڵی ١٩٨٠دا پێش شەری عیراق و ئێران بوون بە پێشمەرگە لە تیپی ٢١ی کەرکووک. ئەویتریان خەڵکی سلێمانی لە ناوچەکانی قەرەداغ پێشمەرگە بوو دواتر هات بوو بۆ رادیۆ.
ئەندازیاری پێشمەرگە. عەبدول مەجید عەبدولحەمید ناسراو (بە ڕەنجەی موهەندیس)، خەڵکی کەرکووک، لە دایک بووی ساڵی ١٩٥٧، دەرچووی زانکۆی سلێمانی، برایەکی شەهید بوو بە ناوی (فوئاد) لە شەری بێتواتە بەدەست جاشەکانی ئەنوەر بەگی بێتواتە لە ساڵی ١٩٨٣ دا. ماڵی باوکیشی ئەوکات حکومەت هێنابوویانی لە شاخ بەرەڵایانی کرد بوون پێان گوتبوون بڕۆن بۆ لای کوڕە موخەریبەکەتان. ئەوانیش لە ترسی گرتنی دووبارە، بە پێیان بە ناو شاخ و کێواندا هاتبوون بۆ لای کوڕەکەیان، لە گردی کۆپکان ژیانیان بەسەر دەبرد، لە نزیک رادیۆ.

ئەندازیاری پێشمەرگە، عەبدولخالق یوسف حەسەن، ناسراو بە (رێبواری موهەندیس)، خەڵکی گوندی "کەڵور"، لە دایک بووی ساڵی ١٩٥٥، دەرچووی زانکۆی سلێمانی. بە درێژای قۆناغی شاخ پێشمەرگە بووە ئەندازیار بووە لە رادیۆی یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا.

پێشمەرگەی ئەندازیار فەرەج شێخ عەبدولرەحمان ناسراو بە (پشتیوانی موهەندیس)، خەڵکی سلێمانی، لە دایک بووی ساڵی ١٩٥٥، هەتا کۆتایی قۆناغی شاخ لە رادیۆ کاری کردووە و پێشمەرگە بووە تا کۆتای قۆناغی شاخ ئەندازیاری ئێستگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوو.


پشتیوانی موهەندیس بەرگەڵوو ١٩٨٦

لە دوای مفاوەزاتیی نێوان حکومەتی عیراق و یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا لە مانگی یازدەی ١٩٨٣دا، ئەندازیارێکی تری خەڵکی شاری هەولێر بە ناوی پشکۆ عەبدولخالق مەعروف، دەرچووی زانکۆی بەغداد، رووی لە شاخ کرد بوو هاتبوو بۆ رادیۆ. باوکی جەلالی بوو لە ناو مفاوەزاتەکەدا بە بیانۆی ئەوەی کە دەچێت دەزگایەکی تری باشتر بۆ رادیۆ دەکڕێت، ناردیان بۆ دەرەوەی وڵات. دواتر رادیۆکەی هەتا ئێران هێنا و لەسەر سێ ئەندازیارەکەی تری بەجێهێشت. سەرکرداییەتی یەکێتی نیشتمانی بۆیان تەرتیب کرد چوو بۆ هەندەران لە رێگای ئێران سووریا.

رێبواری موهەندیس ئێزگە بەرگەلوو ، ئەنتێنی ئێزگەکە لەسەر شاخەکەوە دیارە .١٩٨٤


ناوچەکانی "رادیۆ"ی یەکێتیی نیشتمانیی لێ بوو

رادیۆئ یەکێتیی نیشتمانیی بە درێژای قۆناغی شاخ لە چەند ناوچەیەکدا دامەزرا. لە سالی ١٩٧٩ دا نۆکان، لە ساڵی ١٩٨٠ دا توژەڵە، لەساڵی ١٩٨٣ دا باوەزێی و سەرشیو، لە نیوەی ساڵی ١٩٨٣ دا دۆڵی جافەتی گوندی بەرگەڵوو، لە ساڵی ١٩٨٨دا دۆڵەکۆگە قەندیل، لەنیوەی دووەمی ساڵی ١٩٨٨دا بەفری میری ناوچەیی هەڵەبجە، لەساڵی ١٩٨٩دا لەئێران لە شاری سەقز.

ژووری ئێستگە لە دۆڵە کۆگە قەندیل ساڵی .١٩٨٨


تێبینی یەکەم: رووداوەکانی ناو بیرەوەرییەکانی ئەو زنجیرەیەم بەتایبەتی ناوی ئەندازیارانی دەزگای رادیۆ و وێنەکانیان لە شاخ، تاوەکو ئێستا لە دۆکیۆمێنتی هیج لایەنێک، کەسێک کە مێژووی ئەو کاتەی نووسیوەتەوە نەهاتووە، بە تایبەتی لە پەرتووکی پەنجەکان یەکتری دەشکێننیی نووسەر نەوشێروان موستەفا ئەمین. هەر لایەنێک یان هەر کەسێک، گومانی هەیە لە ڕاستی هەر رووداوێک کە لەو زنجیرەیەدا هاتووە یان لە زنجیرەکانی پێشوو، بابێتە دەنگ. تەلعەت گلی دوای ئەوەی لە کەنەدا گەڕایەوە منداڵەکانی هەموویان پۆستی باڵایان لە نێو حکومەتی عیراق، هەرێم ، رێکخستنەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەرگرت. "تانیا "کچی تەلعەت گلی، گەورە بووی وڵاتانی کوێت وکەنەدا کرا بە ئەندام پەرلەمان لە بەغداد، دواتریش ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی ،ئەندامانی تری خێزانەکەی تەڵعەت گلی، ئەوانیش پۆستی باڵایان وەرگرت، یەکێکن لە دەسترۆیشتووەکانی شاری کەرکووک حاڵی حازر. بە دوو هەفەتە بە میوانی بوون لە شاخ نەوشێروان مستەفا ئەمین ناوی خستۆتە مێژووەش.
تێبینی دووەم: بڕیاڕم داوە هەرچی لە بیرەوەرییەکانی شاخدا کە تاکو ئێستا لە یادم ماوە، لە چەندزنجیرەیک بیان نووسمەوە، تەنیا لە سەکۆی ئازاد بڵاویان بکەمەوە کە ئەویش "کوردستان پۆست"ە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە