مردنی مام جەلال، كۆتایی دنیا نیە

Thursday, 27/12/2012, 12:00

1969 بینراوە







ماوەی 7رۆژە كە مام جەلال بەهۆی‌ توشبونی‌ بەجەڵتەی‌ دەماغ لەنەخۆشخانەیەكی ئەڵمانیا كەوتووە و تەنیا هەناسە دەدات، ئەگینا بێئاگایە لەدنیا، هەر ئەوە ماوە بڵێن ئەگەر مرد ئەوە دنیا كۆتایی دێ.
میدیای ئەهلی لەمیدیایی حزبی خراپتری لێهاتوە تاكە مەبەستیش ئەوەیە كە بازاڕێك بۆ میدیاكەیان پەیدا بكەن كە لەسەر تەحلیل و تەفسیر و تەشریحی سەرچاوەی وەهمی بنیاتنراوە.
مردنی مام جەلال نەك هیچ لەمەسەلەكە ناگۆڕێ بۆ عیراق و كوردستان بگرە زۆر مەسەلەی هەڵواسراو یەكلا دەبێتەوە، تاكە لایەنێك كە زیان دەكا بنەماڵەكەیەتی كە لەو هەموو خێر و بێرەی یەكێتی و كۆمپانیای نۆكان بێبەری دەبێ و ئیتر ئاوا بەئاسانی بۆیان ناچێتە سەر وەك بنەماڵەی بەرزانی داهاتی نەوت بخۆن ، لەدوای مردنی مام جەلال یەكێتی دەبێ بەسێ بەشەوە بەشە كەمەكەی بەناوی یەكێتی دەبێ ، ئەگەرنا باڵێك كە بەرهەم ێاڵح سەرپەرشتی دەكا و خەڵكانێكی وەك شێخ جەعفەر و ئازاد جوندیانی و عەدنان موفتی لەگەڵە هەر زوو تەسلیم بەپارتی دەبن ، كە ئەمە كارێكی هێندە ئاسانە بۆ مەسعود بارزانی كە بەئاسانی بەشێكی یەكێتی بۆ خۆی دەبات بێ هیچ خۆ ماندوكردنێ و ئەو پەیامەش كە بڵاویكردەوە لەیەكەم رۆژی نەخۆشكەوتنی ماجەلال كە داوای كرد وەك برا گەورە حیسابی بۆ بكەن بۆ سەركردایەتی یەكێتی هەر لەخۆوە نیە، بەڵام باڵێك كە خۆیان بەسەرداری یەكێتی دەزانن كە لەمەلا بەختیار و هێرۆی ژنی و قوبادی كوڕی و د.نەجمەدین كەریم و عومەر فەتاح پێكهاتوە یەك دیناری یەكێتی ناخەنە ژێر دەستی هیچ كەسێكەوە، ئەوە باڵەكەی كۆسرەتیش لەولاوە بوەستێت كە هەموو ئاواتیان دەست بەسەراگرتنی ئەو تیكە چەورەیە كە چەندین ساڵە خۆیانیان بۆ ئامادەكردووە، كۆسرەت ماوەی یەك ساڵە لەهیچ كوێیەكەوە دیار نیە كەچی ئێستا لێمان بۆتە پاڵەوانی بەر شاشە و پشت بەمادەی 28ی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی دەبەستێ كە لەكاتی لەكار نەمانی سكرتێری گشتی بە هەر هۆیەك بێ، لە ماوەی دوو مانگ دا دەبێ كۆنگرەی نا ئاسایی ببەسترێ، هەر بە پێی ئەو مادەیە جێگری سكرتێری گشتی تا بەستنی كۆنگرەی نائاسایی سكرتێرە.
كەواتە یەكێتی ئەمە وەزعی بێ لەمردنی مام جەلال دا تەنیا ئەوە زەرەرمەند و هیچ كەس و لایەنێ زەرەرمەند نیە.
ئێستا یەكێتی وا پیشانی خەڵك دەدا ئەگەر مام جەلال بمرێ ئەوە كورد لەبەغداد تەواو دەبێ و مالكی كورد لوشەدا ، ئەم شیكارە لەدوو لایەنەوە بۆ هەستانەوەی باری گلاوی یەكێتیە ، لەلایەك ئەوە نیشانی خەڵك دەدەن كە مام جەلال توانیویەتی پێگەی كورد بەرزكاتەوە لەبەغدا ئەمە بەهیچ كەسێ ناكرێ ، لەلایەكی تر بە تائاشكرای بەخەڵك دەڵێن ئەگەر مام جەلال نەبێ ئەوا مەسعود بارزانی توشی شەڕێكی خوێناوی مان دەكا لەگەڵ مالكی ، لەكاتێكا بەپێچەوانەوەیە نە كورد تیاچێ لەبەغداد نە شەڕی خوێناویمان توش دەبێ ، چونكە نە ئەەوەی مام جەلال كردویەتی بۆ كورد بووە و نە ئەوەی مەسعود دەیكا بۆ نیشتمان و نەتەوەی كوردە بەڵكو هەموو سەركردایەتی كورد نەوت و پارە بونەتە ئامانجیان و بڕواشم نیە كورد لەو زیاتر زیان بكا ، لەكاتێكدا 1\3ی خاكەكەی كە ناوچە دابڕێنراوەكانە لەپێناو نەوت و پۆستدا بەفیرۆیاندا ، كەواتە ئەو شیوەن و فیغانە كە میدیای حزبی و ئەهلی 10 رۆژە دەستی داوەتێ تەنیا دوو ئامانجی هەیە یەكەمیان بۆ دەرخستنی حزب و ئەوەندەی تر ئەتككردنی خەڵك و تەفرەدان و دزینی قوتی خەڵك و سەرقاڵكردنی خەڵك بەمەسەلەی نەخۆشی مام جەلالەوە، دووەمیان میدیای ئەهلی جگە لەبازاڕ پەیداكردن هیچی تر نیە.
پرسیاری سەیرو سەمەرە دێننە پێشەوە كە ئینسان پێكەنینی دێ، رۆژنامەیەكی ئەهلی نوسیویەتی سلێمانی دوای تاڵەبانی چۆن دەبێ؟ ئاخر سلێمانی لەسایەی تاڵەبانیدا چ خۆشیەكی دیوە تا لەسایەی ساڵەبانیدا وێران بێ؟ بەڕاستی مایەی پێكەنینە كەسێك بكرێتە پاڵەوان كە هەر بستێك هەنگاو بنێی لەشارێكی وەك سلێمانی دا كۆمپانیاكی حزبەكەی ئەوی تێدایە.
ئاخر ئێران چۆن خەمی مام جەلالی نیە كە ئەگەر ئەو بمرێ ئەوا پارتی هەموو ئاراستەی سیاسی كوردستان بەلای توركیادا دەبا و ئەو دۆستە گەورەیەی كە شۆرشی خۆرهەڵاتی كوردستانی بۆ كپكردبۆوە لەدەستی دەچێ، كەواتە خەمی ئێران بۆ مام جەلال خەمی نەتەوەی كورد نیە ، بەڵكە خەمی گەل و سیاسەتی دەرەوەی ئێرانە.
ئەمریكا خەمی مام جەلال یەتی چونكە كاتێك قوبادی كوڕی نوێنەرایەتی كوردستانی دەكرد لە واشنگتن، قوباد وەك بەڕێوەبەری كارەكانی تاڵەبانی كاری دەكرد زیاد لەوەی نوێنەرایەتی كورد.
ئەمریكا زۆربەی كارەكانی لەعیراق تایبەتن، تۆڕێك لەكەسی وەك مام جەلال و چەند كۆمپانیایەكی ئەمریكی، كارەكان بەڕێوە دەبەن ، ئەو نەوتەی لەهەرێمەوە ئاودیوی دنیا دەكرێ لەسایەی كۆمپانیاكانی تەڵەبانیدا رۆژ بەرۆژ ئەمریكا دارایی پێ بەرزدەكاتەوە.
كەواتە خەمی ئەمریكا خەمی نەتەوەی كورد نیە لەدوای مردنی كاك جەلال بەڵكو خەمی بەرژەوەندی ئابوری گەلی ئەمریكایە لەسایەی سەری مام جەلالەوە.
باشە ئەگەر هەموو ئەو لایەنانەی كە خەمی مردنی مام جەلال یانە لەبەر خاتری كورد و نەتەوە و نیشتمانەكەی من نەبێ من خەمی مردنی چی ئەوم بێ لەكاتێكدا مام جەلال هەموو بەرژەوەندی ئەو كەس و لایەنانەی لەجەستەی خۆیدا پاراستوە ، هەر بۆیە لەوانەیە لای مەلا بەختیار و هێرۆ و قوباد و ئەمریكاو ئیران مردنی مام جەلال كۆتای دنیا بێ لەبەر بەرژەوەندیەكانیان بەڵام لای كورد كۆتای دنیا نیە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە