توركمانێك پێى وتم: كورد بۆ وایە؟ ئێمه‌ش ده‌ڵێین خاوه‌نی سه‌رانی 31 ی ئابین..

Monday, 31/08/2009, 12:00

1665 بینراوە


هەڵبەتە گەلێكى جل ملیۆنى كە تا ئێستا دەوڵەتێكى سەربەخۆى نەبێت، ئەمە شتێكە لە بۆشاییەوە نەهاتووە، دیارە پێكهاتەى خودى ئەم گەلە ئەوە هەڵدەگرێت، لەم سەردەمەدا گەلانى جیهان پێشبڕكێى نوێترین زانستەكانى سەردەم دەكەن، سەركردەكان و هەندێ نوسەرى ئێمە ئوردوگانیان گەیاندە ئاستى پێغەمبەرەكان گوایە بڕیارى داوە ناوى كوردى بۆ ئەو شارو گوندانە بگێڕێتەوە كە پێشتر تەتریك كرابوون، پیاو نازانێت بگرێت یان پێبكەنێت، یەكێ نەزانێت ئەڵێى توركیا وەك و كەنەدا باكورى كوردستانى خستووەتە ڕیفڕاندۆمەوە بۆ ئەوەى خەڵك دەنگ بۆ سەربەخۆبوون بدات یان مانەوە لە گەڵ توركیا هەروەك و ئەوەى هەرێمى (كویبك) لە كەنەدا. بەهەر حاڵ با بگەڕێینەوە بۆ لاى قسەى توركمامەكە.
ـ توركمانێك كە ئەو كاتە لە بەرەى توركمانى بوو لە نێوان سلێمانى و هەولێردا هاتوچۆى دەكرد، كاتى شەڕى ناوخۆ بوو، ووتى لە بازگەكان زۆر ڕێز لە ئێمە دەگرن بەڵام ئەو ژنانەى كە كەس و كاریان پێشمەرگەى لایەنەكەى دیكەیە قسەى وایان پێدەكەن ئێمە شەرم لە خۆمان دەكەین. ووتى باشە كورد بۆ وایە؟.
بەڵێ كورد وایە لە كاتى ڕاپەڕینەوە ئەوەندە بۆ توركمان ..... دیموكراتى وئیمتیازات هەبووە ئەوەندە بۆ كورد نەبووە، ئەگەر دەسەڵاتى كوردى لەباشورى كوردستان دەستى بە توركمانەوە نەگردایە لە ڕێگاى كردنەوەى قوتابخانەو لەو جۆرانە بۆیان ئێستا بە كورد دەبوون وزمانى توركیان لەبیرەوە دەچوو.
ــ لە بەریتانیا دەیان شەڕ دروست دەبێت لە نێوان خەڵكى ئەو وڵاتەو خەڵكى بیانى لەسەر ئەوەى كەسێكى بیانى تف دەكاتە سەر خاكەكەیان یان شتێكى لەو جۆرە دەكات، لاى ئێمەى كورد ئەو سەرۆك جاشانەى كە ئێستا دیوەخانانەو پاسەوانیان بۆ دابین دەكرێت لە گەڵ سۆپاى داگیركەردا لادێكانى كوردستانیان بە تاڵان بردو ڕوخاندیان.
ـ من لە شارێكدا دەژیم (98%) ى كوردە كەچى دادوەرێكى عەرەب و توركمانى بەنایاسایى بۆ دامەزرێنراوە، كورد كاتێك دەچێتە بەردەمیان دەبێت واز لە زمانەكەى خۆى بهێنێت یان وەرگێڕێك لە گەڵ خۆیدا بەرێت، من پرسیارى ئەوە دەكەم لە چى وڵاتێكدا هەیە دەسەڵاتێك گەلەكەى خۆى ناچار بكات واز لە زمانەكەى خۆى بهێنێت جگە لە دەسەڵاتى كوردى نەبێت.




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە