خاتوو كەژاڵ نوری، منیش ئاوا یاخی دەبم

Saturday, 12/01/2013, 12:00

2369 بینراوە


قەسیدەكەی خاتوو كەژاڵ نوری چاوی پڕ كردم لەفرمێسك، بۆیە ئەو بەشێوەیەك یاخی بووە شەقهەڵدەدا لەئیڤڵ و دەیەوێت بەپاریس بڵێ "ئەمەیە پاراستنی مافی مرۆڤ لەلاتان؟!"، بۆیە وێرای دەستخۆشیم لەخاتوو كەژاڵ من بەپێچەوانەوە یاخی دەبم و وەڵامی زۆر پەرەگرافیم بەمشێوە داوەتەوە...
ئاخ ئەگەر لە پاریس دەژیام ، من بەپێچەوانەوە یاخی ئەبووم و لەهەر كۆڵانێكدا مۆمێكم دادەگیرساند.....دەچومە سەر ئیڤڵ و بەدەنگی بەرز هاوارم دەكرد و بەسەر سەركردەكانی ئەم هەرێمەی كوردستاندا دەمقیژاند كە ئیتر بەسە هاوكاری تورك و عەجەم و عەرەب و دەرگا واڵاكەن بۆ كوردانی هەر سێ پارچەكەی تری كوردستان....
بەڵی ئەگەر لەپاریس دەژیام من بەباستل لەسەر دیوارەكانی موزەخانەی لوڤەر دەمنووسی بژی كورد بژی كوردستان ...
وێنەی قەندیلم دەكێشا و گەریلایەكم دەكرد بەگژ سەرۆكی هەرێمدا و دەموت: لەمە زیاتر چی دەكەن بۆ توركەكان...
ئەگەر لەپاریس دەژیام... بەبۆیەی سپی لەسەر گۆڕەكەی فرانسۆ جۆرج بیكۆ دەمنوسی سەركردەكانی كورد پەندیان لەمێژوویان وەرنەگرتووە و 21ساڵە تورك دەهێننە ناو هەرێمی كوردستان.....
خۆ ئەگەر لەپاریس دەژیام بەپێچەوانەوە خاتوو كەژاڵەوە
هەرچی دارتەلی كارەبای هەرێمی كوردستانم هەڵەكەند و دەمبرد بۆ پاریس لەوێ دەمچەقاند..
ئەگەر لێشیان بپرسیمایە دەمگوت بۆ ئەوەیە نەوەك رۆژێك وەك نەوتەكەی كوردستان بیكەن بەقوڕگی تورك و فارسدا و قازانجەكەشی بدرێت بەفیشەك بنرێت بەجەستەی سێ ژنە گەریلای تری كوردستان ...
ئاخ ئەگەر لەپاریس دەژیام ئەم جارە وەك خاتووكەژاڵ لەدوورەوە هەموو ئامادەبووانی كۆنسێرتەكانم دەدایە بەربەرد، بەڵام من پێمدەگوتن، كوا هاوەڵەكانی میتران... دیارە لەسەركردەكانی هەرێم تێگەیشتون چی ئەكەن بۆ توركەكان...
ئەگەر لەپاریس دەژیام، لەخاتوو كەژاڵ یاخی تر دەبووم و
نەك زنجیرە چیای ئەلبم لەشوینی خۆی لادەبرد و دەمگوێزایەوە بۆ ژوورەكەی ئاپۆ لەدورگەی ئیمرالی، بەڵكو كوردەكانی ئەوروپام دەكرد بەسەدان لوتكەی تری وەك ئەلمۆن بلاند و دەمهێنانەوە بۆ هەرێمی كوردستان بۆئەوەی ببنە قەڵایەك لەبەردەم رۆیشتنی ئەو سەروەت و سامانە بۆ توركەكان.....
ئەگەر لەپاریس دەژیام ، بەپێچەوانەوە پرۆگرامی شاشەی تیڤییەكانی دەسەڵاتی كوردیم هاك دەكرد و پێمدەوتن شورەیی نییە ئەو قسە بێمانایەی سەركردە توركەكان لێدەدەنەوە كە دەڵێت: ناكۆكی پەكەكە بۆتە هۆی تیرۆری ئەو 3 گوڵاڵە سورەی كوردان....
ئەگەر لەپاریس دەژیام... خاتوو كەژاڵ نەك 40 رۆژ بۆ هەتاهەتایە پرسەم دادەنا و لەوێوە هاوارم دەكرد ئەرێ بۆچی هیچ شوێنێ ئارام نەماوە بۆ كوردان ، تەنانەت لەهەرێمە پڕ مافیاكەی خۆشیان...
تێبینی: قەسیدەی ئەگەر لەپاریس دەژیام ... شیعری خاتوو كەژاڵ نوری، بۆ 3 ژنە تیرۆركراوەكەی پارتی كرێكارانی نوسیوە.

**************

ئەگەر لە پاریس دەژیام

لە هەر کۆڵانێک نەمامێکم دەسوتاند
لە هەر شەقامێک جامی ماشێنێکم دەشکاند
بە بۆیەی هەمەڵشنی سوور
جامخانەی هەموو مارکێتەکانم دەنووسی و
فڵچەیەکی سلفادۆردالیم دەهینا و
خانوو بە خانووی ئەو شارەم لە سوور هەڵدەکێشا و
دار و بەردی شانزەلیزیەم
وەک بەردێکی خوێناوی سەرلوتکەی قەندیل
دوای شەهیدبوونی گەریلایەک دەنەخشاند
لە بەر دەرگای هەر ماڵێکیدا ئاڵایەکی کوردستانم دەچەقاند


ئەگەر لە پاریس دەژیام
بەبۆیەی رەش
لەسەر ویستگەی هەموو پاسێکم دەنووسی
ئێوە بوون سایکس پیکۆتان ئیمزاکرد و
لە لۆزاندا میژووی کوردتان بەمرۆ گەیاند


ئەگەر لە پاریس دەژیام
ئیستا وەکو عەلیا ماجید
هەرچی ژنی قژ زەرد و چاوکاڵی تیایە
جلم لە بەر دادەکەند و ئالایەکی کوردستانم لێ دەئاڵاند


ئەگەر لە پاریس دەژیام
هەرچی گڵۆپی دارتێلەکانی شار هەبوو
بە بەردی قۆچەقانی دەم شکاندن و
لەجێگەیدا تاکێ پێلاوی گەریلایەکی شەهیدم هەڵدەواسی و
بۆ بانگەشەی ماڤی مرۆڤ، دەمکرد بە سمبوڵی داهینان

ئەگەر لە پاریس دەژیام
کەوالیسی سەرتەختی شانۆکانم گشت تێک دەدا و
پۆستەری هەموو پیشانگا هونەرییەکانم دەدڕاند


ئەگەر لە پاریس دەژیام
لە دوورەوە هەموو ئامادەبوانی کۆنسیرتەکانم دەدایە بەر بەرد و
پێمدەوتن :-
ئەوە کۆتایی مۆزارت و باخ و شۆپەتانم راگەیاند


ئەگەر لەپاریس دەژیام
زەنگی بەردەرگای هەموو مالێکم لێدەدا و
دەموت دەبێ هەمووتان خولەکێک بێدەنگ بن
ئەمرۆ قاسملۆ لە بەرزترین کەنیسەی شارەوە
زەنگی پرسە لیدەدات و
بۆ تیرۆری سیاسیی سێ ژنە چالاکی کورد
مێژووتان دەخاتە بەردەم پرسیارەوە و
شارتان دێنیتە خرۆشان


ئەگەر لە پاریس دەژیام
شا (کلۆفیسی یەکەم)م لە گۆر دەردەهینایەوە و
دەم وت دەبێت بۆ شکۆی شەرەفی شانشینی فەرەنگ
لەگەل شازادە لویس دا
لە پێشەوە برۆن و تابوتەکەی (چانسیز) هەڵگرن بە شان

ئەگەر لە پاریس دەژیام
(ئەلب)م لە شوینی خۆی لائەبرد
دەم گوێزایەوە بۆ ژوورەکەی ئاپۆ لە دورگەی ئیمرالی و
دەم کرد بە قەڵایەک بۆ باکوری کوردستان
(ئیفل)م بەیەک شەق ئەخست بەدەما و
ئاگری نەوروزی ئەمساڵم دەبردە سەر (ئەلمۆن بلان)

ئەگەر لەپاریس دەژیام
هەر ئەمرۆ پرۆگرامی شاشەی تی فی یەکانم هاک ئەکرد و
پەیامێکم بۆ کوردەکانی ئەو ولاتە لەسەر دائەنا :-
(وەرن هەموومان سبەی لە سەرگۆری شارلمان ،
دەست بکەین بەخۆپیشاندان)


ئەگەر لە پاریس دەژیام
بەیەک رۆژ تۆبۆگرافیای گالەم هەڵدەوەشاندەوە و
بەیەک هەفتە دیموگرافیای شانشینی فەرەنگیەکانم ئەشێواند


ئەگەر لە پاریس دەژیام
جل رۆژ پرسەم دەبردە ، ماڵی ئۆلاند و
پێشم ئەوت ،
ئەرێ بۆچی ئەم شارەی تۆ
کە چادرێکی ئارامی تیدا نەبوو بۆ ئۆجەلان
ئیستا پرە لە فیشەکی تورکی فاشیست و
سلۆگان بۆ تیرۆری نەتەوەیەکی
بێ شوناسی بێ ناونیشان؟

ئەگەر لەپاریس دەژیام !

که‌ژاڵ نوری
هۆلەندا
١٠ ژێنوەی ٢٠١٣


*پیشکەشە بەرۆحی پاکی هەرسێ ژنە چالاکە تیرۆرکراوەکەی کورد لەفەرەنسا (ساکینە چانسز ، فیدان دۆغان ، لەیلا سۆیلە مز)


* عەلیا ماجد ئەوکجە عەرەبەمیسری یەی کە ناوبەناو بۆ نارەزایی دەربرین لەدەست دەستوری میسری و دابو نەریتی دواکەوتوی ئەو ولاتەو ئیسلامی سیاسی و ئیخوان خۆی روت دەکاتەوەو ئالایەکی میسر بەدەست بەرز دەکاتەوە

*سایکس پیکۆ ، ئەوبەیاننامەیە بوو کەلەسالی ١٩١٦ لەنێوان فەرەنسی و بەرتیانی یەکاندا ئیمزاکراو تیایدا بریاری دامەزراندنی دەولەتیک بۆکوردی تیادرا بەلام بەلینەکە نەبرایە سەرو دواتر لە لۆزاندا ئەو خەونە زیندە بەجال کرد

*شا (کۆفلیسی یەکەم)یەکەم پاشا بوو لەمیژودا کەلەسالی ٤٨٦ ز دا ولاتی فەرەنسای لەسەردەست دامەزرا ناوی لینا شانشینی فەرەنگ و فەرنساشی لەزەوی یەکانی ولاتی گالە جیاکردەوەو ناوی نا ولاتی فرەنکیا کەدواتر بووبەفەرەنسا

*شارلمان ئەو پاشا فەرەنسی یەبوو کە لەسەردەستی ئەو شانشینی فەرەنگی یەکانی لەسالی ٨٠٦ ز لەشانشینەوە گۆری بەئیمپراتۆریەت باوکی شالویسی یەکەمە

* فەرەنسا دەکەوێتە سنوری‌ (دەریای‌ باکور و زەریای‌ ئەتڵەسی‌) یەوەو دەکشێت بۆ چیاکانی‌ ناوچەی‌ باشوری‌ خۆرئاواو چیای‌ (ئەلب) یش دەکەوێتە ناوچەی‌ باشوری‌ خۆرھەڵاتەوە، لەناوەراستی‌ فەرەنسادا ناوچەی‌ بەرزی‌ بەردین‌و دارینی‌ چڕ ھەیە، چیا سەرەکیەکەی‌ فەرەنسا چیای‌ (ئەلب) ە و بەرزترین لوتکە شاخ تیایدا بریتی‌ یە لەلوتکەی‌ (ئەلمۆن بلان)ە و بە بەرزترین لوتکە شاخی‌ (ئەوروپای‌ خۆرئاوا) دەژمێررێت‌و بەرزیەکەی‌ دەگاتە(٤٨٠٨)م

*تۆبۆگرافیا :- زانستی زەوی ناسی ،بەرزی و نەزمی زەوی دەگریتەوە

دیموگرافیا :-زانستی پیکهاتەی دانشتوانی ولاتیکە

* ئۆلاند :-فرانسوا ئۆلاند سەرۆک کۆماری ئیستای فەرەنسایە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە