هەماهەنگی یەكێتی و گۆڕان قازانجی دەبێت بۆ هەمووان

Monday, 26/05/2014, 12:00

1446 بینراوە




لە روانگەی تاكێكی ئەم كوردستانەوە قسە بكەین، پاش چاوخشاندن بە وەزعی گشتیدا، ئەم قۆناغە گواستراوە بە پردی پەرینەوە بۆ سەرەتایەكی یان زۆر باش یان زۆر خراپ دەبینین . دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان و سیناریۆی پێكهێنانی حكومەت و دابەشبونی لایەنەكان بەسەر دو بەرەی زەرد و سەوز لەئاستی كوردستان و عیراق و ناوچەكە، ئەگەر و شێمانەیەكی زۆرمان دەخەنە بەرچاو . كە زۆر پێویستە لایەنەكان بە وریاییەوە لەگەڵیدا مامەڵە بكەن .
لە رووی ناوچەییەوە، ئەگەر ریكەوتنی ستراتیجی پارتی و یەكێتی زەرەری ناوخۆیی خۆی هەبوو بەڵام تا رادەیەك زەرەری دەرهاویشتەكانی ململانێی بەرەی توركیا و ئێرانی لەسەر كوردستان كەمكردبووەوە كە هەردوكیان دوو هێزی دەسەڵاتداری باڵادەستبون . ئێستا سێ هێزی گەورە هاتۆتە ئاراوە ولە دەسەڵاتدان، ئەگەر دوانیان لەگەڵ هەر بەرەیەكدا بن تای تەرازووەكە بەو لایەدا دەشكێتەوە و ، ئەمەش راستەوخۆ زەرەری گەورە بە ئامانجە ستراتیجیەكانی هەرێمی كوردستان دەگەیەنێت، چونكە بەرەی دۆرا و بە ئاسانی دەست لە بەرژەوەندیەكانی لە كوردستان هەڵناگرێت و هەموو یاریەك دەكات لە پێناو بەهێز مانەوەی خۆیدا بەرامبەر نەیارەكەی . بۆیە لەم رووەوە هەماهەنگی یەكێتی و گۆڕان ئەو ئەگەرە لاوازدەكاتەوە و دەكرێت ئاستەنگ بخاتە بەردەم یاریەكانی بەرە ناوچەییە دۆراوەكە و باڵانسی هێزی ناوچەیی لەكوردستان وەك خۆی بهێڵێتەوە و،سەرئەنجام دەكرێت لە قازانجی كوردستانیشدا سیاسەتی لەگەڵدا بكرێت و بە جۆرەها رەفتاری سیاسی بەكاربهێنرێت لە قازانجی دورارۆژی كوردستاندا . ئەگەر گۆڕان نەچێتە ژێر ركێڤی پارتی و خۆی لە هیچ بەرەیەكدا ساغنەكاتەوە، بە قازانجی خۆی و كوردستانیش بە گشتی دەشكێتەوە، واتە وەك قورسایی هاوسەنگی هێزی ناوچەیی لە ئاست كوردستاندا مامەڵە بكات، ئەمەش دوور لە هەموو رێككەوتنێك، دەتوانێت هەماهەنگی لەگەڵ هەردوو هێزەكەی كوردستان بكات ، بەتایبەتی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە هاوسەنگن لە هێزی زۆنی خۆیاندا . لەلایەكی ترەوە و لە دەرئەنجامدا دەستی دەسەڵاتی سیاسی كوردستان بە گشتی، لە مامەڵە كردن لە گەڵ دەسەڵاتی ناوەندیی عیراقیشدا، كراوە دەبێت .
لە رووی ناوخۆی كوردستانەوە، ئەگەر گۆڕان و یەكێتی دوور لە رق و قینەی حزبی و شەخسی، هەماهەنگیەكی دروست پەیرەو بكەن، زۆر كاری سیاسی قازانجبەخش بە كوردستان دەگەیەنن، لە رووی بەرقەراركردنی ئارامی و ئاشتی لەم ناوچەیە و، بەهێزبون لەئاست ململانێی پارتی و نەهێشتنی فەرمان سەپاندن و فەرزكردنی بەرەی توركیا لەم ناوچەیە و،ئاساییكردنەوەی پەیوەندیە كۆمەڵایەتی و سیاسیەكانی لایەنگرانی هەردوولا و ، گۆرینی واقعی رۆشنبیری و سیاسی و فكری و كۆمەڵایەتی لەم ناوچەیە و پێشكەشكردنی نمونەیەك بۆ كوردستان بە گشتی ، كە لە نەهێشتنی پەرەسەندنی تاكڕەوی حزبی و شەخسیدا خۆی بدۆزێتەوە .بەو شێوەیەش تارادەیەك دەتوانن قەرەبوی نەمانی هێزی ئۆپۆزسیۆن لە كوردستاندا بكەنەوە .
لەبەرامبەردا، ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی لە بورجی عاجیی خۆیان نەیەنە خوارەوە و ئەوەی بۆیان بكرێت لە رقی یەكتر بیكەن، ئەوە دەبێت باش بزانن، پێش هەموو لایەك خۆیان زەرەمەندی یەكەم دەبن چ لە ئاست ناوچەكە بە گشتی یان لە ناوخۆی كوردستاندا، لەبەرامبەردا دەكرێت هێزیێكی محافزكاری وەك پارتی بەڕەكە لە ژێر هەردوكیان دەربكات و بەرەی توركیاش وەك هێزی ناوچەیی خۆی بەسەر ئەم ناچەیەی كوردستانیشدا بسەپێنێت و بگاتە ململانێیەكی قورس لەگەل ئیراندا و لە ونێوەندەشدا كوردستان دەبێتە ناوەندی تەراتێنی ململانێی هەردوولا و زەرەرمەندی یەكەم .
پێشتر لە رۆژنامەی هاوڵاتی بەرێزدا وتارێكم بە ناونیشانی (هەماهەنگی پارتی و گۆڕان قازانجی نابێت بۆ هەموان نوسی) ، ئەم پەرەگرافەی لێرە دوبارە دەكەمەوە كە بۆ ئەمرۆ دەگونجێت (ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان هەموو بیرو كارو خەیاڵی سیاسی خۆی لە رووبەرێكدا گردبكاتەوە، كە هەرچیەك بكات بەهانەی بەدەستەوەیە و لەو پێناوەشدا بۆی هەیە هاوپەیمانی لەگەل شەیتانیشدا بكات بەرامبەر ئەو لایەنانەی كە بە ركابەر و نەیاری سەرەكی خۆی دادەنێت، ئەوە هەڵەیەكی گەورە دەكات و لەهەردوو حاڵەتی سەركەوتن وژێركەوتنیشیدا لەدواجاردا بە دۆراو لێی دەردەچێت، بە تایبەتی ئەو ئیدعای گۆرانكاری دەكات و هەر هەنگاویكێ دژ بە گۆڕانی گشتی بێت لەگەڵ بۆچونەكانی خۆیدا یەكناگرێتەوە و یەكتردەبرێت، چونكە خاڵە ئیجابیەكانی سەركەوتنە كاتیەكەی ئەگەر لە هەر هەماهەنگیەكیشدا بێتەدی، لەو كارلێكە كورتخایەنەدا خۆی دەبینێتەوە و، سەرئەنجام دەكەوێتە سەر ئەو زنجیرە بردنەوە و بەرەو پێشچونە سیاسیانەی پارتی بەتەنها بۆی لواوە و،لەم ماوەیەی دوو دەیەدا قازانجیی حزبی خۆی بەدەستیهێناوە بەو وململانێە كلاسیكیەی خۆیشیەوە)لە هەموانی بردۆتەوە .
لێرەوە بۆمان دەردەكەوێت كە هەماهەنگی یەكێتی و گۆران قازنجی بۆ خۆیان و كوردستانیش دەبێت لەم قۆناغە و لە ماوەیەكی دورمەوداشدا.




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە