بۆچی هەرێم پابەندی ڕێكەوتنەكان نابێ؟!

Friday, 20/02/2015, 12:00

1522 بینراوە






هەفتەى ڕابردوو دوای سەردانى وەفدی باڵای حكومەتى هەرێمى كوردستان بۆ بەغدا و تاوتوێكردنى ئەو رێكەوتنە هاوبەش و لێك حاڵیبوونەى نێوانیان، دوای چەند دانیشتنێك، ئاكامەكان لەكۆنگرەیەكى ڕۆژنامەنووسی بەوە كۆتایی هات، سەرۆكى حكومەت ڕایگەیاند كە ئێراق لە قەیرانێكى گەورەى داراییدایە و تێگەیشتن كە پارە نیە.

ئەو هەواڵە هەموو هاونیشتمانیەكى ئەم هەرێمەى نیگەران و دڵتەنگ كرد، وەڵام لەناوەندەكانى شەقامى كورد تاق و لۆق وەئەگینا كەس بەو دوعایەى نەگوت: ئامین.

پاساوەكان بۆ قەناعەتپێهێنانى شاندى هەرێم ئەوەندە بەهێز نەبوو، ئەوە هەر خەڵكە بەئاشكرا و بەدیاریكراوى بینیان بەكەمتر لە مانگێك تەواوى دراوە ئێراقیەكان بە بیست و پێنج هەزار دینارییەوە بگرە تا دووسەد و پەنجا دینار، بە چاپێكى تازە و نوێ و مۆدێرن و پێشكەوتووتر لەو دراوەى پێشوو، بەسەر فەرمانبەران دابەشكراو و بازاڕەكانى هەرێم و ناوەندى تەنى، لەوەشدا پرسیارێك هاتە ئاراوە: ئەوە خێرە ئەو چاپەدراوە تازە لەچاوتروكانێك تەواوى بانكەكانى بەتاڵ كرد، هیچ نەمایەوە تا یەك بەش لەدوانزە بەشی لەسەدا حەڤدەى بودجەى هەرێمى پێ بدات.

بەهەڵواسراوى ئەو پرسە تا چەند ڕۆژێك تا دواجار (ئارام شێخ مجەمەد)جێگری سەرۆكى پەرلەمانى ئێراق دڕی بەو هەواڵەدا و ڕایگەیاند كە عەبادى پێی ڕاگەیاندین چونكە هەرێم پابەندی رێكەوتنەكانى خۆی نەبووە ئەوە ئێمەیش ئەو پارەیەمان نەدا.

ئەم وتەیە چڕ بكەینەوە چەند مانایەك لەخۆ دەگرێ:

1- دەكرێ بەغدا بەڕاشكاوى بەوەفدی هەرێمیان وتبێ كە ئێوە پابەندی ئەو رێكەوتنەى هەولێر- بەغدا نابن، ئەوە ئێمەیش پابەند بەو رێكەوتنە نابین و ئیلتیزاماتى دارایی جێ بەجێ ناكەین، لەوەشدا ئەو پرسیارە سەر هەڵدەدات: ئەو ڕاگەیاندنەى وەفدی كوردی بۆ تێگەیشتن لەوەى بەغدا پارەى نیە، چ مانایەك دەبەخشێ لەكاتێكدا پێش چوونى ئەو وەفدە لەلایەن پەرلەمانتارێكى كۆمەڵی ئیسلامى ئەو قسەیەى عەبادى پشتڕاست كردەوە كە لەدەزگاكانى ڕاگەیاندنەوە ئەوەى بەگوێی هاونیشتمانیان دادا كە هەرێم پابەندی رێكەوتنەكە نیە.

2- وەڵامنەدانەوەى عەبادى بەفەرمى بۆ ئەو قسانەى بەڕێز ئارام شێخ محەمەد بەڵگەى ئەوەیە هەرێم موماتەڵە دەكات و هەرجارە بەئەجێندایەكەوە لەگەڵ وەفدی دانووستانكار دێتە پێش.

3- ئەو دوفاقیە بۆ كورد كە ئەگەر وابێت، خەڵك ناچار دەكات دەستى هەموو ئەو نەهامەتى و سەرهەڵدانى ئەو قەیرانانە بخەنە ئەستۆی هەرێم.

4- هەقە تەواوى لایەنە سیاسیەكان لەم پرسەدا بێنە سەر خەت و بەڕاشكاوانە خوێندنەوە بۆ قسەكانى عەبادى بكەن و لەڕاست و دروستی لێدوانەكان هەڵوێست وەربگرن و ئەگەر كەسێك یا حزب و لایەنێك و چەند حزبێك لەپشت پەكخستن و لەباربردنى ئەو رێكەوتنەن كە هەرجارەو بەجۆرێ گەمە بەئەقڵی حكومەتى ناوەند بكەن، ئەوە ئەوان ئەوەندە گێل و گەمژەنین خوێندنەوەیان بۆ پرسەكان نەبێت.



5- هەقە ڕووى راستەقینەى ئەو رێكەوتنە بەخەڵكى هەرێم نیشان بدرێت و بێ پەروا ڕایبگەیەنن كە ئەوە ناوەڕۆكى رێكەوتنەكەیە و ئێمە ئەو هەنگاوەمان ناوە و بەغداش ئەو هەنگاوە دەنێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە