پانۆرامای ٢٠١٣

Saturday, 28/12/2013, 12:00

1621 بینراوە




دۆسیەی باکوور.

هەر لەگەڵ هاتنی ساڵی ٢٠١٣ وە گەلی کورد چەند گورزێکی جگەربڕانەی لە باکوور پێگەیشت و ڕووداوە تاڵەکانی (ڕۆبۆسکی) درێژەی کێشایە نێو ساڵی تازەوە، بەشێوەیەك ساڵی نوێی ٢٠١٣ مان بەشین و شەپۆڕ دەست پێکرد کە دوژمنی سەرسەختی کورد هێنای بەسەر کوردستانی باکووردا، ئەمە یەکەمین ڕووداوی دڵتەزێنی ساڵی ٢٠١٣ بوو کەدواتر، لەبەهاری هەمان ساڵدا و لەڕۆژی نەورۆزدا، پەیامی سەرۆك ئاپۆ لە ئاماد خوێنرایەو لاپەڕەیەکی نوێی ئاشتی لەلایەن پەکەکەوە هەڵدرایەوە. ئێمە هەر لەو ڕۆژەوە ئەو هەنگاوانەمان بەنەرێنی تەماشا کرد و گومانی خۆمانمان نەشاردەوە لەوەی تورکیا ناتوانێ هیچ هەنگاوێك بەرەو ئاشتی بهاوێژێ. بەداخەوە بۆچوونەکانمان ڕاست دەرچوو، ئەگەر چی پەکەکە یەكلایەنە دەستی کرد بەهەنگاوەکانی ئاشتی و پاشەکشە بەهێزەکانی لەنێو خاکی کوردستانی باکوور بەرەو قەندیل.. کەچی سوپای تورك نەك هەر لەهێرش نەوەستا، بەڵکە هیچ هەنگاوێکی ئەرێنی نەهاویشت و تا کار گەیشتە ئەوەی کۆی پرۆسەکە تووشی تێکشاندن و پاشەکشەی بەخۆوە بینی.

یەکێ لەدەرهاویشەکانی ئەم پرۆسە ئاشتی یەكلایەنە بە تیرۆر کردنی ٣ کەڵە ژنی کورد لەشاری پاریسی فەرەنسا کۆتایی هات و لەمەشدا پرۆسەی ئاشتی نەیتوانی تورك ناچار بکا مل بۆ مافە ڕەواکانی گەلەکەمان بدا.

دۆسیەی ڕۆژهەڵات.

حەتمەن شاڵاوی گرتن و لەسێدارەدان لەم ساڵەدا لە کوردستانی ڕۆژهەڵات پەرەی سەند و بەتایبەتی دوای هاتنی سەرۆك(ڕوحانی) ئەمەش چەندین تۆڵەی بەدوای خۆیدا هێناو هێزەکانی پژاك توانیان خوێنی ئەو کوردانە لە داگیرکەران بستێنەوەو دوژمن لەچەندین شوێن تێك و پێك بشکێنن. ئەوەی سەرنجی بەندەی ڕاکێشا ئەوەبوو، یەکێ لەو کوردانەی لەسێدارەدران ، لەنامەکەیدا بۆ کەس و کارەکەی داوای لەباوکی کردبوو لەلێی خۆشبێ لەوەی نەیتوانیوە بەدڵی ئەو بکا. دیارە مەبەستی ئەوەبوو کەوا باوکی ئارەزووی ئەکرد کوڕەی ئەو ڕێچکەیە نەگرێ کەوا بووە هۆی لەسێدارەدانی، بۆیە مافی خۆمانە بڵێن، ئەو ڕێگایەی ئەو قارەمان گرتی و لەپێناویدا لەدار درا، مایەی سەربەرزی و شکۆمەندیە بۆ هەموو کوردێکی دڵسۆز.\

دۆسیەی ڕۆژئاوا.

پاش چەندین دەیەو چەندین ساڵ کوردانی ڕۆژئاوا توانیان زۆربەری شارو شارۆچکەکان ئازاد بکەن و جارێکی دی ڕەنگ و بۆن و ناوی کورد وکوردستان بژێننەوە. دیارە بۆ ئەمەش نابێ پەکەکە لەیاد بکەین و ڕۆڵی مەزنی بەڕێز(ساڵح موسلیم) بەبەرزی بنرخێنین و توانی بە هزرێکی پیشکەوتوانە زاڵببێ بەسەر ئەو هەموو کۆسپ و تەگەرانەی کەوا تورکیاو مەسعود بۆیانیان دروست کردن. بەداخەوە بنەماڵەی مەسعود هەروەك چۆن ببون بەچقڵ بۆ هەموو ڕێكخراوو بزاڤە کوردستانیەکان، ئاوهاش ئەم جارەش ڕۆڵی نیگەتیڤیانەی خۆیان سەلماند و چەندین کاری تیرۆر و تێكدانیان لەدژ کوردانی ڕۆژئاوا بەئەنجام گەیاند. جگە لەمەش بەرەی نوسرە لە بەفیتی تورکیاو مەسعود داڵدە دراون مەشقی سەربازیان پێکراوە، دژی کوردانی دەستیان دایە جەنگ و لەمەشدا کوڕی ساڵح موسلیم شەهید بوو، سەیدای گەنج و لاو نەیویست وەك قوبادەکان و مەسروورەکان شیری خیانەت هەڵقوڕێنن و درێژە بەکاری خیانەت و چەواشەکاری بدەن.

دۆسیەی باشوور.

دیارە ساڵی ٢٠١٣ تەژی بوو بە چەندین کردەی تیرۆر و کوشتن لەگشت جیهاندا و جگە لەو دەوڵەتانەی کەبە بەهاری عەرەبی تێپەڕبوون، چەندین شوێنی تریش دیاردەی تیرۆری لەخۆ گرت. ئەمریکا بەدەر نەبوو لەم کارە و لەشاری بۆستن لەکاتی ماراسۆندا دوو برای چیچانی توانیان کردەیەکی تیرۆریستی بەئەنجام بگەیەنن . تیرۆر درێژەی کیشاو کوردستانی باشووریشی گرتەوە. لەوانە کردە تیرۆریستیەکەی شاری هەولێر کە وەك ئاشکرا بوو دەستی پاراستنی پارتی تیابوو، لەئاکامدا چەندین کەس کوژران و دواتر ئەفسەرێکی تر لەلایەن پاراستنەوە تیرۆرکرا. زۆربەی شارو شارۆچکەکانی ناوچە داگیرکراوەکان ڕۆژانە کاری تیرۆری تیا بەئەنجام گەیەنراو چەندین هاوڵاتی بوونە قوربانی.

هەر لەمانگی دیسەمبەری ئەم ساڵدا کاوە گەرمیانی بەدەستی یەکێتی تیرۆرکراو بەشێوەیەکی گەلێ دڕندەو نامرۆیانە لە ئامێزی دایکیدا خوێن و خاکی گەمیانیان تێكەڵ بەیەك کرد. ئەم کردە تیرۆریستییەی دەزگای دژە تیرۆر و پیاوەکانی مەحمود سەنگاوی ئازارێکی گەلێ خەست و جەرگبڕ بوو کەلە خانەوادەکەی و گەلەکەمان کەوت، ئەم کارە چەپەڵەی بنەماڵەی جەلال درێژە ئەکێشێ هەروەك چۆن تورکە فاشیەکان دیاریەکی وایان دا بەگەلی کوردمان لەباکوور لەدیسەمبەری ٢٠١٢، ئاوهاش هێرۆو لاهور ئەم دیارییەیان بۆ گەلی ئەنفالی گەرمیان بەتایبەتی و گەلی کورد بەگشتی پیشکەش کرد.



دیارە هەر لەم بەشەی ووڵاتدا چەندین ڕووداوی ناخۆش و دڵتەزێن ڕویان دا کە وا ئەتوانین ئاماژەیان پێبدەین لەوانە(بەکارهێنانی دەرزی ئیکسپایەر کە هۆکارەکەی کوێر کردنی چەندین هاوڵاتی شاری هەولێر)،(هەڵبژاردن: کە ئەم جارەش گۆڕان توانی جەماوەر بەرێتەوە بۆ لای دەسەڵات و ڕەوایەتی بەو هەموو ناهەقی و گەندەڵی و نایەکسانیە بدا کەئەبوو جەماوەر زیاتر ووشیار ببوایە لەوەی کە نەچنە پرۆسەیەکی دۆڕاو و نابەرانبەر. لێرەدا هەقی خۆیەتی گلەیی لەگەلەکەمان بکەین لەوەی چاوەڕوانی بایکۆتی ئەوان بووین بۆ هەڵبژاردن، کەچی ئەوەیان نەکردو و جارێکی تر تەمەنی ئەم دەسەڵاتەیان درێژ کردەوە).(سەرۆکی ماوە بەسەر چوو: ئەمەش لەمانگی حوزەیراندا هەریەك لەئەندام پەرلەمانەکان و پارتەکانی دەسەڵات و گۆڕانیش دەنگیان دا بەدرێژ کردنەوەی ماوەی سەرۆکی تەزوویر و کەچی لەم لاوە بەنیاز بوون پاریزگاری سلێمانی بەنایاسایی و ئیکسپایەر بناسێنن و کار بکەن بۆ لابردنی.)(کزبوونی دەنگی میدیای ئازاد و بەناو سەربەخۆ: ئەوەی کە دیتمان لە توانا عوسمانی بەڕێوەبەرری تەلەفیزێۆنی NRT پاش ئەوەی هاوڵاتیەك تەنها لەسەر ئەوەی چەند ڕاستیەك لەبارەی بنەماڵەی بارزانیەوە لە پەخشێکی ڕاستەوخۆدا دەرئەبڕێ و دواتر هەڵۆی ئەحە سمیڵ و هەوادارانی پارتی خەریکی هێرش کردنە سەر ئەو کەناڵەن، دێت و داوای لێبوردن لە پارتی ئەکا و بارزانی بە ڕەمزی نەتەوەیی ئەناسێنێ) .. بەکورتی ئەمانە چەند تەوەرەیەکی گرنگی ئەم پانۆرایەبوون و چەندین ڕووداوی سەیرو سەمەرەی وەك خانەنشینی پەرلەمانتارەکان بەبڕی ٤٩ ملیۆن دینارەکەو چەندینی تر.. بەندە پیشبینی ساڵێکی گەلێ ناهەموارتر و زیاتر بەرتەسکردنەوەی ئازادی و نەمانی ڕۆڵی بەناو ئۆپۆزیسیۆن و زیاتر گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی ووڵات و تیرۆرو کوشتنی زیاتری هاوڵاتی کورد.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە