گوڵبەهار گوڵێك لەسەرى لاوان نەتەوەیەك لە مردنى بێئاگایە

Saturday, 06/03/2010, 12:00

1879 بینراوە



زۆر كەمن ژمارەى ئەو ماڵانەى لە باكوورى كوردستان سازێكیان تێدا نەبێت، بۆیە دەگوترێت، ئەوەى بە زاری كرمانجى بدوێ، دەكرێت گۆرانیبێژێكى دەنگخۆشیش بێت، گوڵبەهاریش وا بوو، ئەو لە باكورەوە بە گۆرانى"ئەز كچم، كچا كوردانم" هات، ژیان ئەوى گەیاندە بەغدا، دواجاریش پاش ژیانێكى كولەمەرگى، لەوێ ماڵئاوایى لە كورد و ئاواز كرد.
"دیتنى مەسعود بازرانى و نێچیرڤان بازرانى، تاكە ئاواتى گوڵبەهار بوو لە كوردستان، زۆر هەوڵمدا لە رێگەى بەرپرسانى پارتییەوە ئەو ئاواتەى بۆ جێبەجێ بكەم، بەڵام بەداخەوە نەمتوانى". ئەوە قسەى سینەماكار خاتوو ڤیان ماییە، كە رۆژێك دواى مردنى گوڵبەهارى هونەرمەند رایگەیاند، ئەو هەواڵى گوتیشى، كە گوڵبەهار زۆر حەزى دەكرد لە كوردستان بمێنێتەوە، بەڵام حكومەت مووچەكەی بڕى و نەیتوانى لە كوردستان خۆى بژیەنێ و بە ناچارى لەگەڵ براكەى گەڕایەوە بەغدا.
رۆژى 24/2/2010 رۆژى كۆچى دوایى هونەرمەندى كورد گوڵبەهار بوو، ئەو رۆژەى كە بێنازى گوڵبەهارى بە كۆتاهێنا، وەك لە هونەرمەندە هاوڕێكانى ئەو دەگوترێ، "گرفتى بە هونەرمەندبوون و دوورى و خۆبەدوورگرتنى خزم و كەسانى، ئینجا بێمێردى و هەژارى و بێنازى، گوڵبەهارى بەرەو پیربوونێكى زوووەختە برد". گوڵبەهار ناوى راستەقینەى فاتیمە محەمەد ئەحمەدە و لە ساڵى 1932 لە باكورى توركیا باژێرى ئامێدى لەدایكبووە، لە ساڵانى شەستەكانیش لە ئێزگەى بەغدا دەستى بە گۆرانى گوتن كردووە و 50 گۆرانى لە ئەرشیف ماوە. ئەوەى جێگاى سەرنجە گوڵبەهارى هونەرمەند زۆر بەبێدەنگى ماڵئاوایى لێكردین، دواى دوو رۆژ لە مردنى، بێ ئەوەى كەناڵ و دەزگا راگەیاندنەكان بەیەك دێڕ باس لە ئاوابوونى ئەو ئەستێرەیەى گۆرانى كوردى بكەن.
ئەو 45 ساڵ نموونەى ئافرەتێكى بێكەس لە بەغدا ژیا، لەو ماوەیەدا خۆشى و ناخۆشییەكى زۆریشى بینى، هونەرمەند باكوورى كە یەكێك لە هاوڕێ نزیكەكانى گوڵبەهار بووە، ئاوا باس لەو هونەرمەندە دەكا، "گوڵبەهار زۆر بەتەمەن نەبوو، بەڵام ئەو و نەسرین شێروانی لەبەرئەوەى تۆزێك جوان بوون، هەموو رۆژێك داوەتدەكران و دەیانخواردەوە، مەشروبیش زوو مرۆڤ پیر دەكا"، باكوورى ئەوەى ئاشكرا كرد، كە گوڵبەهار مێردێكى كاتى لە بەغدا هەبوو، تامانەوەى ئەو مێردە، ئەویش وەك شاژن دەژیا، "سادق موحەقەق ناوى مێردە كاتییەكەى گوڵبەهار بوو لە بەغدا، ئەو پیاوە ئێرانى بوو و زۆریش دەوڵەمەند بوو، هەموو مەسروفاتێكى گوڵبەهارى دەكرد، من و كاك فوئاد ئەحمەد شەوێك داوەتى ئەو بووین، خانوویەكى زۆر باشى هەبوو، لە مەیدانى حافز و قازى لە بەغدا، جوانترین جلوبەرگى لەبەردەكرد و هیچ كێشەیەكى نەبوو، چەندین جار لەگەڵ عیسا بەروارى و محەمەد عارف جەزراوى چووە پاریس و بەریروت ئاهەنگیان كرد، بەڵام كە مێردە كاتییەكەى رۆیشت، ئەو تووشى دەربەدەرى بوو"، هونەرمەند باكوورى باس لە كێشە سەرەكییەكانى گوڵبەهار كرد و پێى وایە بێمێردى و نەمانى جوانییەكەى ئەوى تووشى دەربەدەرى كرد و دەڵێت "لە شۆڕشى 1958 پیاوە كاتییەكەى گوڵبەهار لە بەغدا هەڵات، كەس نەبوو پارەى پێ بدا، تا ئەوكاتەى گەنج و جوان بوو، زۆر كەس هەبوون مەسرەفیان دەكرد، كە پیریش بوو، بەڕەڵڵایان كرد و فڕێیان دا، كەس داخوازى نەكرد. لەوكاتەوە لە گەراجێكى بەغدا دەژیا و بە تەنەكە ژوورێكى بۆخۆى دروستكربوو، ژیانێكى مەمرە و مەژی دەژیا، نەك هەر ئەو، بەڵكو عایشەشان و نەسیرین شێروانی و مریەم خانیش واژیان". باكووری دەشڵێ "ئەو زۆرجار باسى لە مێردكردن دەكرد و حەزى دەكرد مێرد بكا، بەڵام تائێستاش كە خوازبێنى نەكرد، هەروەها باسى خزم و كەسەكانى خۆى دەكرد، كە قسەیان لەگەڵ نەدەكرد، لەبەرئەوەى ببووە گۆرانیبێژ، ئەویش غەریبى دەكردن و بەو شتانە زۆر غەمبار دەبوو و دەگریا، ئەوانە زوو گوڵبەهارى بەرەو پیربوون برد". بەڵام ئەو هونەرمەندەى كە پێنج مانگ لەگەڵ كۆتایى تەمەنى گوڵبەهاردا ژیا، قسەكەى باكوورى رەتدەكاتەوە و ڤیان مایی گوتى "هونەرمەندى كۆچكردوو لاى من باسى ئەوەى كرد، كە مێردى بەعەرەبێكى موسڵ كردبوو و كچێكیشى لێى هەبووە، كچەكەى ناوى (بێریڤان)ـە و ئێستاش شووى كردووە و سێ منداڵى گەورەى هەیە". ئەو سینەماكارە نموونەیەكیش بۆ قسەكانى دەهێنێتەوە و دەڵێت "هەموو هونەرمەندان و كاربەدەستانى وەزارەتى رۆشنبیرى پێیان وابوو، گوڵبەهار لە ژیاندا نەماوە، بەڵام گوڵبەهار لە ماڵى كچەكەى لە ئوردن دەژیا، لەوێشەوە ئەوم دۆزیەوە و هێنامەوە كوردستان".
2006 ساڵى هێنانەوەى گوڵبەهارى هونەرمەند بوو بۆ كوردستان، ئەو تەنیا پێنج مانگ لە دهۆك نیشتەجێ بوو. ڤیان مایى كە كارەكتەرى هێنانەوە و چاودێریكەرى گوڵبەهار بوو، گوتى "ئامانجى من ئەوە بوو لەكوردستان خزمەتى ئەو بكەین، هەروەها ئەو وەك نموونەی ئافرەتە هونەرمەندێك نیشان بدەین، بۆئەوەى كچانى كوردستان بەوە بزانن و بێنەوە بوارى گۆرانى گوتن و لاسایى گوڵبەهار بكەنەوە"، بەڵام مایى گلەیى لە دەزگا راگەیاندنەكان هەیە و لەبەرامبەر ئەو هونەرمەندەدا بە كەمتەرخەمیان دەبینێ و گوتى "ئەوانەى كارى راگەیاندن دەكەن، هەر نازانن ئیشى خۆیان چییە، ئەوەى زانا بێت لە راگەیاندنى كوردى جیگاى نابێتەوە، ئەوەندەى گوڵبەهار لە كوردستان بوو، راگەیاندنێك نەهات، ئەو هونەرمەندە دەربخات". ڤیان مایى گلەیى ئاڕاستەى هونەرمەندەكانى كوردستانیش كرد، ئەوەشى گوت "لە ماوەى پێنج مانگدا تەنیا هونەرمەند سەمیر زاخۆیى سەردانى گوڵبەهارى كرد، هەموو كات دەیگوت: بۆچى هونەرمەندێك نایێ سەردانم بكا، زۆر حەز دەكەم بیانبینم، لەكاتێكدا هەموو هونەرمەندێكى ئەو كوردستانە دەیانزانى ئێستا گوڵبەهار لەدهۆك دەژیێ". ڤیان مایى ئاماژەشى كرد، بڕینى موچەى رێزلێنان تەئسیرێكى زۆرى كردەسەر گوڵبەهار و نەیتوانى ئاوا لە كوردستان بمێنێتەوە، بەتایبەت لەوكاتەى كە تووشى نەخۆشى و شەلەلى هات. ئەو سینەماكارە دەڵێ "براكەى هاتە لاى و بردیەوە بەغدا و گوتى: نابێ لێرە بەمشێوەیە بێناز بێ، ئێمە دەتوانین لەوێ خزمەتى بكەین".
وریا ئەحمەد هونەرمەندى موزیكژەن، وێڕاى نیشاندانى نیگەرانى لەبەرامبەر كۆچى گوڵبەهار، ئاماژەى بۆ ئەوە كرد، كە لەسەردەمێك گوڵبەهار هاتە مەیدانى گۆرانى گوتن، گۆرانیبێژە پیاوەكان خەریكى هێنان و نیشاندانى كچ و ژنى عەرەب بوون، گوتى "لەكاتێك ئەو ژنە خزمەتى بەهونەرى گۆرانى كوردى كرد، زۆرێك لەهونەرمەندەكان دەچوون لەبەغدا كچ و ژنى عەرەبیان دەهێنا و گۆرانیان لەگەڵ دەگوتن، لەدوورەوە دەتزانى، كە ئەوە كورد نییە، واتا ئیشەكە زۆر كرچوكاڵ دەردەچوو، لەو رۆژگارەدا دنیایەك بۆشایى هەبوون، سەرەڕاى لایەنە كۆمەڵاتییەكە، كە تەنانەت پیاو نەدەوێرا گۆرانى بڵێ، گوڵبەهار لەو سەردەمەدا هات دەستى كرد بەگۆرانى گوتن، لەبەرئەوە زۆر حەزم دەكرد بەمدوایەى تەمەنی نازى گوڵبەهار هەڵبگیرایە و خزمەتى زیاترى كرابایە، لەبەرامبەر ئەو خزمەتانەى، كە بۆ گۆرانى كوردى پێشكەشى كرد". ڤیان مایى ئاوا باس لەئاواتێكى گوڵبەر دەكا، كە بۆى نەهاتەدى و گوتى "لەبەرئەوەى گوڵبەهار زۆر كوردپەروەر بوو، حەزى دەكرد كاك مەسعود و كاك نێچیرڤان ببینێ، كە لەتەلەفزیۆن ئەو دووانەى دەبینى، ماچى بۆ دەهاویشتن، زۆریش هەوڵمدا لەرێگەى بەرپرسەكانى پارتییەوە گوڵبەهار بگەیەنمە سەرۆك، بەڵام بەداخەوە نەمتوانى ئەو ئاواتەى بۆ جێبەجێ بكەم، هیچ كەسێك ئاسانكارى بۆ نەكردم". لەو باریەوە وریا ئەحمەد قسەى هەیە و دەڵێ "بەداخەوە گەنجێك لە ئەوروپا دێتەوە كوردستان، دنیایەك پارەى دەدەنێ و تادەچێتەوە هیچ خزمەتێك نامێنێ بۆى نەكەن، دەبوو بۆ ئەو ژنەش دوو هێندەى بۆ كرابایە".
ئەو ئافرەتە سینەماكارە وەك خۆى باسى دەكا، تائێستاش نەوەكانى گوڵبەهار نەیانزانیووە، كە داپیریان گۆرانیبێژە بووە، بۆ (سڤیل) دەیگێڕێتەوە، ئەو حاڵەتە زۆر گوڵبەهارى بێتاقەت دەكرد، كە زۆرجار وەك كارەساتێك باسى دەكرد، "گوڵبەهار پێى گوتم: كچەكەم (بێریڤان) لەئوردن مێردەكەى كوژرا، هەر لەوێش ماوەتەوە و خاوەن سێ منداڵە، بەڵام تائێستاش كە پیربوومە، نەیهێشتووە منداڵەكانى بزانن، داپیریان گۆرانیبێژ بووە، نەوەیەك نەزانێ داپیریان چۆن ژیاوە؟ بێئاگا لەژیان و خزمەتى من".
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە