کۆبانی - ئاپۆگرادی کوردستانە!

Sunday, 12/10/2014, 12:00

2059 بینراوە




ئەو بەرخۆدانی و ڕومەتپارێزییەی شەڕوانانی یەپەگە لە ڕۆژئاوای وڵاتدا دەیکەن ، نیشانەی تێڕامان و سەرنجی سەرجەم میدیا جیهانی و لۆکاڵی و هەرێمییەکانە ، شارێك لە باوەڕو متمانەو ڕومەت پارێزی ، کێوێك لە شەهامەت و هەڵمەت و بەرخۆدان ماوەی پتر لە بیست ڕۆژە بەرامبەر لەشکرێك لە جاهیل و جوردانی ئاموریی باراگاویکراو بە بیری خەواریج وەستاوە .

ئەوە چی باوەڕی و پەروەردەو ویستێکی جوانە ئەو گەنجە وڵات پارێزانەی پێگەیاندووە کە بە سادەترین کەرەستەی جەنگییەوەو بە نیمچە گەمارۆدراوییەوە و بەو مێژووە کورتەی دروست بونیانەوە بەرامبەر بە لەشکرێك لە ئاموری بوەستن ؟

بێ گومان ئەوانە بەورە بە هەڵمەت و وڵات پارێزەکانی شاگردی ئاپۆن ، کە تەژی و سیخناخ کراون بە بیری سەردەم و ڕێوشوێنەکانی بەرخۆدانی ڕەوا لە پێناو پاراستنی شارستانێتی دیمۆکراس و ژن و ژیارو ژین دا.

ئەوانە چونکە چاویان دەبینێت و گوێیان دەبیستێت و دڵیان دادەخورپێت لە کات و شوێنی خۆیدا ڕاستییەکان دەناسنەوە هەر بۆیە لە پێناو داکۆکیکردن لێی پشت دەکەنە نیعمەتە ماتریاڵییەکانی ژیان و ئەو جۆرە ژینە هەڵدەبژێرن کە دەیانگەیەنێتە لوتکەکانی ڕومەت و سەرمەدی.

بۆیە دەبینین ئەوان لە بەرامبەر وەیشومەی داعش و تاعونی جەهل و لەشکری خەواریجی ئاموریدا نزیکەی مانگێکە پڵنگ ئاسا دەجەنگن و خۆیان ڕاگرتووە، هەر بۆیەشە بەرخۆدانیان بووە بە هێمای خۆڕاگری و میدیا جیهانییەکان بە گرنگی و ئەرزشێکی تەواوە لێی دەڕوانن و لێی دەدوێن .



هۆکاری ئەو نەبەردی نواندن و خۆڕاگرییەش پەروەردەی بەورە شەڕوانانە کە قاڵ بوون بە فکری گیانبازی کە سەرچاوەی لە مانیفێستی شارستانی دیمۆکراتی ئاپۆوە وەر گرتووە، بۆیە دەزانن لە بەرامبەر چی فکرەیەکی دۆگماو چی ئیدۆلۆژییەکی بۆگەندا ڕوبەڕو دەبنەوە، وە دەزانن بۆچی و بۆ کێ دەجەنگن و جەنگاندنیان چی دەئەفرێنێ ، وە دەزانن سەرکردەکانیان بۆچی دەژین و چۆن دەژین بۆیە سنگیان دەدەنە بەردەم ڕێژنەی گولەو خۆیان دەکەنە سوپەری گەل و ئاوەدانی.

هەر ئەمەشە لوغزی خۆڕاگری شەڕوانانی بەورەکچان و شێرەکوڕانی یەپەگە لە کۆبانی ئاپۆگرادی کوردستاندا.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە