ئیسلامی سیاسی لێوان لێوە لە ترس و بێ هەڵوێستی

Thursday, 25/09/2014, 12:00

1912 بینراوە




پێش دروست بونی بزوتنەوەی گۆڕان لایەنە ئیسلامی یەکانی باشوری کوردستان لە لایەن سیستمی بارجەلیزمەوە وەکو گیسکەکەی هەیاسیان بەسەر هێنا بون و لە ناو مەنگەنەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی ناهەمواردا دوا هەناسە سوارەکانی ژیانیان دەدا. ئەوان لە مزگەوت و لە شەقام و لە زانکۆو پەیمانگاکان و لە ناوەندەکانی کارو لە سەراپای کایە کلتوری و فەرهەنگییەکاندا کەوتبونە بەر هەڕەشەیەکی دژوارەوە ڕۆژێك قەڵەوو ڕۆژێك لەڕ بون ، لە کولەکەدا هاواری نادادییان دەکردو بە فسکەفسك دەوێران پەیامە سیاسییەکانیان بگەیەننە هەوادارانیان ، سەرانیان لە بەردەم سەرانی بارجەلیزمدا بە خوێنساردی و شەرمەوە دەیانوت ئێمە نەهاتوین هەتا ببینە بەدیلی سیاسی کەس بەڵکو دەسبارگرو پشتیوانین بۆ دەسڵاتی سیاسی کوردستان ، ئەوان ئیرادەیان پێماڵکرا بو، لە پرۆسەی سیاسیدا تەنها بۆ جوانکاری سیستمە شێواوەکەی بارجەلیزم بەکاردەهێنران و سپەیسی کارگێڕی پەراوێزییان پێ پڕدەکردنەوە ، دەیانگرتن و دەیانکوشتن و دەیانتۆقانن و ئەوەی کە با بە دەواری دۆمی دەکا پێیان دەکردن ، بەڵام لە دوای دروست بونی بزوتنەوەی گۆڕان و هەڵکردنی مۆمی ئومێدی بێچارەکانی کوردستان حزبە ئیسلامییەکانی کوردستان توانییان لە سایەو سێبەری گۆڕاندا بحەوێنەوەو چیدی ستەم و زۆری سیستمی بارجەلیزم لە سەریان هەڵگیرا ئەوان بە پشتیوانی گۆڕان کاریگەری سیاسییان زیادی کردو بونە هاوبەشی ڕاستەقینە لە پەڕلەمان و حکومەتدا ، ئەوان لە سایەی باڵی گۆڕاندا فێری بوێری و نەترسی بون و لە قۆزاخەی ترسی ئەزەلییان هاتنە دەرێ، بەڵی بە گەواهی میللەت و چاودێران گۆڕان چەندی هۆکار بو بۆ بوژانەوەی وشیاری تاکی کورد هێندەش هۆکار بو بۆ بەرزبونەوەی کێرڤی بوێری ئیسلامی سیاسی ، گۆڕان سیستمی بارجەلیزمی گۆڕی بۆ سیستمی بەڕێوەبەری پارتە براوەکانی هەڵبژاردن، گۆڕان کۆمەکێکی زۆری پێشکەش بە حزبە ئیسلامییەکان کرد لە پێناو فراوانکردنی پانتایی ئازادی سیاسیدا ، بەڵام دواجار ئیسلامییەکان چییان کرد؟ ئیسلامییەکان ئەو کاتەی کە گۆڕان و میللەت پێویستی بە هەڵوێت و بڕیاریان بو ترسنۆک و مونەرم و بێ هەڵوێست بون ! نەیانوێرا پشتیوانی براوەی یەکەم بکەن و کۆتایی بهێنن بە سیستمی بارجەلیزم ، بیانوشیان پاراستنی ئارامی سیاسییە، بێئاگا لەوەی هێشتنەوەی ئەم سیستمە ی ئێستا لە هەمو شت زیاتر هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی و ئارامی لە باشوری وڵاتدا، ئەوان لە ترسی سیستمی بارجەلیزم حەزیان بە دەنگدانە بەلیستی سەوز ، بەڵام دەشترسن لە تۆڵەی دەنگدەرانیان ، بۆیە کوردستانیان خزاندووەتە مەنگەنەیەکی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتییەوەو هۆکارن بۆ هێشتنەوەو ڕەگ داکوتانی زیاتری بارجەلیزم ، بۆیە دەبێت هاوڵاتیانی کوردستان باش بزانن ئەم ئیسلامی یە سیاسییانە بەتاڵن لە بوێری و هەڵوێست ، وە هەر هێزێکیش خاوەنی بوێری و هەڵوێست نەبێت توانای گۆڕینی سیستمی بارجەلیزمی نابێت ، لەو بارەشدا تەنیا و تەنیا دەبێت بە ناوەندێك بۆ دیماگۆگییەتی سیاسی.



نوسەر/ بابان بریزی



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە