شڤان پارە-وەر قارەمانی شەڕی ناوخۆ

Wednesday, 26/02/2014, 12:00

2136 بینراوە






بە پێچەوانەی زۆر کەسەوە، من زۆر چاوەڕوانی هەڵوێستی گەورەو جوان نیم لە کەسی هونەرپیشە. بەشێوەیەکی گشتی مرۆی هەونەرپیشە لەهەموو بارورو زروفێکدا وەکو هەلپەرست ترین توێژەکانی ناو کۆمڵگا دەردەکەون. تەنها لە هەندێ حاڵەتدا نەبێ کە ئەگەر هونەرپیشەکە هەر خۆی بەجیا لە بەهرە هونەریەکەی، کەسێکی بە هەڵوێست و خاوەنی باگراوندێکی ڕۆشنبیری بێت کە تارادەیەکی زۆر لە ئاستی هونەرەکەی بەرزتر بێت، بەواتایەکی تر، بەبێ بەهرە هونەریەکەشی ئەو هەر بۆخۆی کەسێکی وشیاروچالاك بێت. ئەم جۆرەش ژمارەیان زۆر کەمە و، بۆ دەرمان چەن نمونەیەك دەست دەکەوێت.
خەڵکێکی زۆرێش، بێگومان بە خۆشمەوە، لەگەڵ ئەو باوەڕەدان کە دەڵێ:"ئێمە چی کارێکمان بەسەر هەنەرمەندەکە خۆی و ژیانی شەخسی وە هەیە؟ تەنانەت ناکرێ ئەو مافەش بەخۆمان بدەین کە ژیانی شەخسی کەسەکە تێکەڵاوی هونەرەکەی بکەین". ئەمەشیان هەر راستە. بۆ نمونە بۆ کەسێکی وەکو ئیبراهیم تاتلیساز کە خاوەنی هونەرێکی بەرز و بەناوبانگەو، نە لافی نەتەوەو نیشتمان پەروەری بەسەرکەسدا فرۆشتوە، نە لە ژیانیشیدا خاوەنی هەڵوستێکی بەرزو لەبەرچاوو بووە، بەپێچەوانەی "ئەحمەد قایا"ی هونەرمەندەو مرۆڤ دۆستەوە کە خاوەنی هونەرو هەڵوێستی گەورەو لەبەرچاووە، تاتلیساز بۆخۆی کاری هونەری کردوە و خەریکی رابواردنی خۆی بووە. قەتیش ئەوەندە مەسائیلی نەتەوەیی بۆ گرنگ نەبووە. هەرچەن تاوانباریش دەکرێت بەوەی کە هونەری کوردی دزیوەو تورکاندویەتی، بەڵام ئەمڕۆ لە رۆژهەڵاتی ناوەرست دا، چ کلتورێک و نەتەوەیەک تەخسیریان کردوە لە دزی کردن لە هونەری یەکتری؟ ئەوەتا لای خۆمان چەندەگا موزیکزان هەیە فولتایم خەریکی ئەو کارەن. بۆ نمونە کەسێکی وەکو هەڵکەوت زا‌هیر، لەناو چەقی دەسەڵاتەوە چوارمشقی لێی دانیشتوە،و سەدان ئاوازی میسری وتورکی کورداندوە، ئەوەشی زیاد قسە بکات، ئەتوانن بۆی بخەنە قاڵبێکی سیاسیەوە، وەها میزاجی بۆ بشێوێنن هەتا ماوە موسیقای رەسەن ونارەسەنی بۆ لەیەك جیا نەکرێتەوە.
بەڵام بۆ کەسێکی وەکو شڤان، کە ساڵەهایە لافی و گەزافی هونەرپیشەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرمان بەسەردا دەفرۆشێ، خۆی وا پیشان دەدات کە گەلەك خەم خۆری میلەتەکەیەتی و، هەڵگری قەزێیە، هاوکێشەکە تەواو جیاوازە. چونکە ساڵ لە دوای ساڵ باشتر دەردەکەوێ کە لەراستیدا ئەم پیاوە تەنهاو تەنها کێشەی میلەتێکی لە پێناوی بەرژەوەنیەکانی خۆیدا بەکارهێناوەو لەسەری ژیاوە نەك بە پێچەوانەوە. هەندێ کرداری تری ئەم هەڤاڵە وامان لێ دەکات کە تاڕادەیەك گومان لە نەتەوەو رەگەزیشی بەکەین. ئەمەش هەرگیز لەبەر ئەوە نییە کە باوکی لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێ: من تورکی کوڕی تورکم، یان لەبەرئەوەی بەلای منەوە کورد بوونی یان کورد نەبوونی شتێکی زۆر گرنگ بێت، یان هیچ لە هاوکێشەکە بگۆڕێت، نەخێر، ئەمانە زۆر گرنگ نین، ئەکرێ سەربە نەتەوەیەك بیت وخاوەنی هەڵوێستی ئینسانی بەرزیش بیت بەرامبەر نەتەوەیەکی تری چەوساوەو ژێردەست. بەڵام من پێم وایە ئەم پیاوە تەنها لەبەر دەسکەوتی شەخسی، خۆی بە کێشەی میلەتێکدا هەڵواسوە. چونەکە بۆ کەسێکی وەکو ئەو، بەو ئاستە هونەریە دیاریکراوەوە کە هەیەتی، ئەگەر بەتورکی گۆرانی بچڕیبایە، ئەوە لەچاو ئەو هەموو هونەرمەنەدە بەتوانایەی وڵاتێکی وەکو تورکیا، رەنگە چانسێکی زۆر کەمی هەبوایە، یان هەتا ئاستێکی نزمی هونەری بڕی دەکردو دەسکەوتێکی مادی ئەوتۆشی بۆ دابین نەدەکرد. من بۆ خۆم گوێم لە شڤان بووە گۆرانی تورکی چڕیوە لە فیستڤاڵێکی تورکیدا کە لە ئەوروپا سازکرابوو، گورانیەکی فۆلکلوری تورکی دەچڕی، لەو گۆرانیانەی کە لەرووی ئاوازو شیعرەوە لە ناو دنیای مۆسیقای تورکیدا دیارە، بەڵام بەراستی کە بە دەنگی شڤان گوێم لێبووە، گۆرانیەکەشم لەبەرچاوکەوت. تەسەورکەن گۆرانیەکی عاشقانەی تورکی ئەچری، وام هەست ئەکرد کە لەبەرەکانی شەری ناوخۆیەو سرودی حەماسی وهاندان دەڵێتەوە! بۆیە هەستئەکەم ئەم هەڤاڵە بەو ئاستە هونەریەوە هەر چانسی ئەوەی هەیە لەناو میلەتێکی داماوی وەکو کوردا موهیم بێت. چونکە لە ناو دنیای کوردیدا، کە خاوەنی مێژویەکی زۆر تاڵە، بۆ ماوەی چەندەها دەیە بۆی نەبووە بە زمانی خۆیشی قسە بکات. مەحروم بوون و سەرکوتکردن تا ئاستێکی بردوە کە ئەگەر هەرکەسێ ناوی بهێنابا یان ئاوڕێکی خێری ڵێداباوە، ئەم رێزیکی زۆری بۆ دادەنا، هەتا ئەگەر هونەرەکەشی زۆر کرجوکاڵیش بووایە، ئەم میلەتە بە چاووپۆشین لە توانا مەعنەوی وهونەری کەسەکە، لێی دەبوو بە قارەمانو هونەرمەندو مرۆڤی خاوەن هەڵوێست و، گوێی لە هەموو شتێکی باشو خەراپی دەگرد. ئەکرێ بڵێم شڤانیش دەقاودەق پاڵەوانی ئەو رۆژگارەیە و تا ئەمڕۆ لێی دەخواو کەڵکێکی باشی لەو بارە وەرگرتووە.
شیڤان نمونەی هەلپەرستترین هونەرپیشەیە. ئەم زەلامە لە گەرمەی شەری ناوخۆدا، لە خۆێناوترین رۆژگاردا، لە ساڵی ١٩٩٦ کە هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار قەسابخانەیەکیان بۆ خەڵکی کوردستان دروست کردبوو، بەلێشاو تەرمی کوژراو لەبەرەکانی شەڕ دەهاتەوە، ئەم کابرایە بەڕوویەکی زۆر قایمەوە، زۆر بێ شەرمانە بۆ مشتێک دۆلار، لە مەسیف وشەقڵاوە بۆ یادی دامەزراندنی پارتی چالاکانە بەژداری کرد، وەکو لاینگرێك دەوری خۆی بینی لە هاندان و خۆشکردنی ئاگری ئەو شەڕە. لەوانەیە هەندێ کەس باوەڕیان وا بێت کە ئەم هەڤاڵە تەنها بۆ دەسکەوتی مادی ئەو کارەی کردوە. کەواتە ئەو بەژدارە لە شەڕێکدا کە ئەمڕۆ هەر دوو لایەنی شەڕکەر تا رادەیەك ئەگەر بەدرۆش بێت پەشیمانی دەردەبڕن بەرامبەر ئەو رۆژگارە، ئەی دەبێت ئەم پاڵەوانە ئێستا بڵێ چی؟ لەوانەیە پێیوا بێت کە ئەگەر پارتی و یەکێتیش پەشیمان بن، ئەم ئەوەندە دەسکەوتێکی مادی باشی لێخواردوە، هەر هەست دەکات کارێکی باشی کردوەو کە ئەرکێکی ئینسانیو نیشتیمانی بەجێهێناوە؟
لەکۆتایدا چەند ئامۆژگاریەکم بۆ شڤان پارەپەروەر هەیە. یەکەم: ئەگەر پەشیمانت و هێشتا پارەکەت خەرج نەکردوە، ئەوە ئەگەر ڕۆژێك دادگایەک بۆ تاوانبارانی شەڕی ناوخۆ دانرا، دەتوانیت بەو پارەیە پوختەوجوان موحامییەك بگریت وە من دڵنیام دەیبەیتەوە. دووەم: وەکو لەسەرەتاوە وتم من زۆر چاوەڕێی هەڵوێستی گەورە نیم لە مرۆڤی هونەرپیشە، بڕوا ناکەم کەسیش داوا بکات کە ئێوەومانان وەکو تاونبارێك و هاندەرێکی شەڕی ناوخۆ بدرێنە دادگا بەمەرجێك تۆش ئیتر بەس وەکو هەونەرمەندێکی نیشتمان پەروەر خۆتمان پێ بناسێنەو مێشکمان مەبە. سێیەم: هەوڵبدە ئەگەر ئەم جارە گۆرانیو مۆرانیت بۆ حیزبو میزب و دەسەڵات چڕڕی، با لە زەمانی ئاشتی دا بێت چونکە باجەکەی ئەهوەنترە، تا رادەیەك دەسکەوتە مادیەکەشی کەمتر خوێناویە. ئینجا بۆ خۆشبەختی ئێوەومانانیش، میلەتی ئێمە چەقۆی بیری کولەو شتی زۆر زوو بیرئەچێتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە