بۆ باوكی‌ ئه‌سما و گشت ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ تێكستیان نارد

Tuesday, 29/09/2009, 12:00

1803 بینراوە


ڕۆژی‌ 27-9-2009 له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ژماره‌یه‌ك كه‌س له‌هه‌ڵه‌بجه‌ خۆپیشاندانیان كردوه‌و داوای‌ جیاكردنه‌وه‌ی‌ كچ و كوڕ ئه‌كه‌ن له‌خوێندنگاكاندا، من ڕه‌خنه‌م له‌و هه‌نگاوه‌ گرت و بۆچونه‌كانی‌ خۆمم به‌بێ‌ ناوهێنانی‌ هیچ كه‌سێك له‌ووتارێكدا خسته‌ ڕوو. به‌ڵام له‌كاردانه‌وه‌ی‌ ئه‌و نوسینه‌دا چه‌ند تێكستێكم به‌ئیمه‌یڵ‌ بۆهاتبوو، كه‌ چه‌ندین سوكایه‌تی‌ و هه‌ڕه‌شه‌و قسه‌ی‌ بازاڕییان تیادا بوو، كه‌له‌ناویشیاندا لینكی‌ بابه‌تێك بوو له‌سایتی‌ ئه‌بو ئه‌سما كه‌هاوكات به‌ناوی‌ ئه‌بو ئه‌سماشه‌وه‌ نوسرابوو، وه‌ڵامم درایه‌وه‌. دیاره‌ من له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكی‌ ئه‌و تێكستانه‌ی‌ كه‌ بۆم هاتوون ته‌نها دوو قسه‌م هه‌یه‌: یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ من ئه‌گه‌ر (replay) نامه‌یه‌كی‌ كۆنتری‌ ناو مه‌یڵه‌كه‌ی‌ خۆمم نه‌كردایه‌، ئه‌وا ناونیشانی‌ ئه‌و كه‌سانه‌م نه‌ده‌بوو كه‌ ووتاره‌كه‌ی‌ منیان بۆ ڕۆیشتوه‌. قسه‌ی‌ دوهه‌میشم ئه‌وه‌یه‌ كه‌ من موسڵمان و ناموسڵمان به‌چاوێكه‌وه‌ ته‌ماشا ئه‌كه‌م و به‌و هیوایه‌وه‌م كه‌ هه‌ر هه‌موو بێنه‌ سه‌ر ڕێگه‌كه‌ی‌ من، كه‌به‌ بڕوای‌ من ڕێگه‌ی‌ ئینسانیه‌ت و پاراستنی‌ كه‌رامه‌تی‌ ئینسانه‌. هه‌ر بۆیه‌ دڵگران نیم له‌و فه‌رهه‌نگه‌تان و هه‌ر ئه‌بێت ڕۆژێك بێت و په‌شیمان ببنه‌وه‌ لێی‌.
سه‌باره‌ت به‌ باوكی‌ ئه‌سما، من نازانم كه‌ جه‌نابت كارمه‌ندی‌ كام ده‌زگای‌ سیخوڕی‌ ده‌وڵه‌تانی‌ ئیسلامیت، كه‌وا سایتێكی‌ تاكه‌ كه‌سیت بۆ دانراوه‌و جه‌هاله‌ت و خورافه‌ ده‌ردخواردی‌ خه‌ڵكی‌ ئه‌ده‌یت، به‌كام به‌ڵگه‌و به‌چ پێوه‌رێك منت به‌ خزمه‌تكاری‌ ده‌سه‌ڵات داناوه‌؟ زۆر خه‌ڵك به‌ئیسلامیه‌كانیشه‌وه‌، من ئه‌ناسن و لوتفه‌ن بڕۆ پرسیار بكه‌، ئه‌وسا جیاوازی‌ من و ئێوه‌ له‌سه‌ر خزمه‌ت به‌ده‌سه‌ڵاتیش ده‌رئه‌كه‌وێت.
باسی‌ مه‌سینه‌ت كردبوو، ڕاستیه‌كه‌ی‌ من تێنه‌گه‌یشتم كه‌ مه‌به‌ستت چیه‌، چونكه‌ ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌م نه‌بووه‌و ئه‌شزانم كه‌ دونیا ئه‌وه‌نده‌ پێش كه‌وتوه‌ تازه‌ مه‌سینه‌ش جگه‌ له‌توالێتی‌ مزگه‌وته‌كان له‌ توالێته‌كانی‌ ماڵاندا به‌كار نایه‌ت، چونكه‌ زۆربه‌یان ئێستا غه‌ربین وپێویستیان به‌و مه‌سینه‌و شتانه‌ی‌ جه‌نابت نه‌ماوه‌، به‌ڵام با كه‌مێك له‌م باره‌یه‌وه‌ قسه‌بكه‌ین: تۆ مه‌سینه‌ هه‌ڵگرت له‌جیاتی‌ ئه‌و شته‌ به‌كارهێناوه‌ كه‌ له‌كۆمه‌ڵگادا پێیان ئه‌ڵێن "ماستاو چی‌"، یان له‌باشترین حاڵه‌تدا مه‌به‌ستت له‌ بچوكی‌ و سووكی‌ كه‌سی‌ مه‌سنه‌ هه‌ڵگره‌ له‌به‌رده‌م سه‌رانی‌ ده‌سه‌ڵاتدا، به‌ڵام تۆ نازانی‌ كه‌ ڕیشه‌ی‌ خۆ به‌كم وبچوك زان و كۆیله‌بوون و چاوله‌ده‌ستی‌، ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئایینه‌كان، له‌ئایینه‌كاندا مرۆڤ وا باردێنن كه‌ خۆی‌ به‌ چاو له‌ده‌ستی‌ خه‌ڵك و ملكه‌چ و ده‌ست به‌دۆعاو ڕیسوا بزانێت. كه‌واته‌ كاتێك كه‌ خۆتان داهێنه‌ری‌ شتێك بن، به‌چ ڕوویه‌كه‌وه‌ دێن و به‌ خه‌ڵكیتریه‌وه‌ ئه‌لكێنن؟ له‌مباره‌یه‌وه‌ چه‌ندین ئایه‌ت و سوونه‌تم له‌به‌رده‌سته‌ كه‌ به‌ڵگه‌ن بۆ ئه‌و ڕاستیه‌. باسی‌ ڕه‌وشتت كردوه‌و، ووتوته‌ كه‌ مناڵانی‌ كچ و كورٍِ ئه‌گه‌ر له‌خوێندنگادا پێكه‌وه‌ بن، ئه‌وا: "وه‌ ڵا ئه‌ وکات ده‌ بێت نه‌ خۆشخانه‌ یه‌ کی تایبه‌ ت به‌ سك پڕی زۆڵ بکرێته‌وه‌!تا که‌ س و کار به‌ کج و کوڕه‌ کانیان نه‌ زانن که‌ کاری به‌ د ڕه‌ وشتیان ئه‌ نجام داوه‌، زۆریش به‌ لاتانه‌ وه‌ ئاسایی بێت دواتر له‌ به‌ ر سڕینه‌ وه‌ ی کاری به‌ د ڕه‌ وشتیان له‌ ژێر ناونیشانی یارمه‌ تی دانی لاوان بۆ هاوسه‌ رگیری له‌ به‌ ر ڕشتنی ئاره‌ قی شه‌ رمه‌ زارییان ئاهه‌ نگێکی گه‌ وره‌ ساز بکرێت وه‌ ك ئه‌ وه‌ ی له‌ ساڵانی ڕابردوودا بینیمان له‌ یاریگای سلێمانی تاوه‌ کو کاری به‌ د و گڵاویان بشارنه‌ وه‌". ئه‌مه‌ فه‌رهه‌نگی‌ ڕاسته‌قینه‌ی‌ ئێوه‌یه‌، بزانه‌ ڕه‌وشت چۆنه‌ له‌لاتان؟ ئاخر باوكی‌ ئه‌سما بڕیاری‌ تێكه‌ڵكردنی‌ مناڵانی‌ خوار ته‌مه‌نی‌ 15 ساڵ‌ دووساڵه‌ ده‌رچووه‌و كاری‌ پێئه‌كرێت له‌كوردستان، ئایا چه‌ند كه‌س سك پڕ بوون و چه‌ند حاڵه‌تی‌ له‌و شێوه‌یه‌ی‌ كه‌تۆ لێی‌ ئه‌ترسی‌ ڕوویداوه‌؟ كاتێك كه‌ به‌ڵگه‌یه‌كت لانیه‌ كه‌ شتێكی‌ له‌و جۆره‌ هه‌بوو بێت، به‌ چ ڕوویه‌كه‌وه‌ باسی‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ تایبه‌ت ئه‌كه‌یت و خه‌ریكی‌ سوكایه‌تی‌ و ته‌شهیر به‌و كه‌سانه‌ بكه‌یت كه‌ له‌ئاهه‌نگی‌ گه‌وره‌دا هاوسه‌رگیریان ئه‌نجامداوه. مناڵان تێكه‌ڵكران و هیچ ڕووینه‌داو بگره‌ به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ڕێژه‌ی‌ ئاستی‌ خوێندن چوه‌سه‌ر و سه‌رحاڵی‌ مناڵان بۆ به‌ورده‌وامی‌ له‌خوێندن و خۆشه‌ویستی‌ وتامی‌ تایبه‌ت بۆ خوێندنگا جارێكیتر گه‌ڕایه‌وه‌، له‌كاتێكدا كه‌ خوێندنگاكان له‌ساڵانی‌ ڕابردوودا وه‌ك زیندان وابوون و ته‌نانه‌ت كاری‌ لێدان و سزاش به‌سه‌ر مناڵاندا ئه‌سه‌پێنرا، به‌ڵام ئێستا ئه‌و حاڵه‌ته‌ گۆڕدراوه‌ به‌ره‌پێشه‌وه‌چووه‌، بۆچی‌ ئه‌تانه‌وێ‌ بیگێڕنه‌وه‌ بۆ دواوه‌؟ تازه‌ گریمان حاڵه‌تێگ یان دوان له‌وانه‌ی‌ كه‌ تۆ باسیان ئه‌كه‌یت ڕوویاندا بێت كه‌ نیه‌، باشه‌ لێت ئه‌پرسم كه‌ كامیان به‌د ڕه‌وشتیی‌ و سه‌خافه‌ته‌، په‌یوه‌ندی‌ سێكسی‌ ئازادانه‌ی‌ نێوان دووكه‌س ئه‌گه‌ر هاوسه‌ری‌ یه‌كتریش نه‌بن، له‌گه‌ڵ‌ په‌یوه‌ندی‌ سێكسی‌ نێوان دوو هاوسه‌ر كه‌ پیاوه‌كه‌ هاوكات سێ‌ ژنی‌ تریشی‌ هه‌یه‌و له‌گه‌ڵ‌ هه‌رچواردا كاری‌ سێكسی‌ ئه‌نجام ئه‌دا؟ ئه‌وه‌ی‌ دووه‌م سووننه‌تێكی‌ ئیسلامه‌ و ئه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌میش زاده‌ی‌ به‌رو پێشچوونی‌ كۆمه‌ڵگایه‌. ئایه‌ته‌كانی‌ شاهیدی‌ ئه‌م ڕاستیانه‌ن و ئێمه‌ بوختان ناكه‌ین بۆتان.
باوكی‌ ئه‌سما، تۆ درۆیه‌كیتری‌ شاخداریشت بۆ پاڵپشتی‌ قسه‌كانی‌ خۆت هه‌ڵبه‌ستوه‌ كه‌ گوایا:" ئێمه‌یه‌ك که‌ له‌ئه‌وروپا ده‌ژین ڕۆژانه‌ خۆمان به‌ چاوی سه‌ رمان له‌ ڕۆژنامه‌ و ته‌ له‌ فزیۆن و ڕاگه‌ یاندنه‌ کاندا ئه‌ وروپایی و ئه‌ مریکییه‌ کان ده‌ بینین که‌ چۆن گیریان خواردوه‌ به‌ ده‌ س له‌ده‌ ست دانی قییه‌ م ونه‌ ریت و ڕه‌ وشتیانه‌وه ئه‌ مریکاو ڕۆژئاوا له‌ تاو کاری به‌ د ڕه‌ وشتی و ده‌ ست درێژی کردنه‌ سه‌ رئافره‌ تان و داڕوخانی ڕه‌ وشت و نزم بونه‌وه‌ ی ئاستی خوێندنیان له‌ خوێندنگاکانیان دا وا خه‌ ریکن کار بکه‌ ن بۆ جیا کردنه‌ وه‌ ی کوڕوکچ له‌ خوێندنگه‌ کانیان دا" ئه‌م قسه‌یه‌ درۆیه‌و جگه‌ له‌و وڵاتانی‌ ئیسلامی‌، له‌هیچ وڵاتێكیتر مناڵانی‌ كوڕ و كچ له‌یه‌كتری‌ جیاناكرێنه‌وه‌، له‌هیچ شوێنێكی‌ ئه‌وروپاو ئه‌مریكاش كار نه‌كراوه‌و ناشكرێت بۆ جیاكردنه‌وه‌ی‌ مناڵانی‌ كوڕو كچ. ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ بابه‌ڵگه‌ بیسه‌لمێنێت؟ له‌ ئه‌وروپا و ئه‌مریكاش به‌هه‌مان شێوه‌ ڕاده‌یه‌ك له‌چه‌وسانه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر ژنان و ئه‌وانیش هه‌ندێ‌ سوونه‌تیان له‌ ئیسلامیه‌كان ئه‌چێت له‌په‌یوه‌ند به‌مه‌سه‌له‌ی‌ ژنه‌وه‌، به‌ڵام ڕۆژئاوا هه‌رگیز به‌راوورد ناكرێت له‌گه‌ڵ‌ وڵاتانی‌ ڕۆژهه‌ڵات به‌گشتی‌ و ده‌وڵه‌تانی‌ ئیسلامی‌ به‌تایبه‌تی‌، له‌په‌یوه‌ند به‌و ڕٍێژه‌ی‌ چه‌وسانه‌وه‌یه‌. چونكه‌ ئه‌گه‌ر له‌وێ‌ كاره‌كه‌ فه‌ردی‌ یان به‌شێكی‌ بچوكی‌ سیتمه‌كه‌ تیایدا تاوانبار بێت، ئه‌وا لێره‌ ته‌واوی‌ یاسا و "ده‌مڕاست"ه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگا كه‌ مه‌لاكانن و كه‌لتوری‌ خه‌ڵك كه‌ زاده‌ی‌ كه‌لتوری‌ ئیسلامه‌، هه‌ر هه‌موو پێكه‌وه‌ تاونبارن به‌رامبه‌ر به‌ژنان. ئیتر بێڕه‌وشتیه‌ك ئه‌گه‌ر هه‌بێت ئه‌وا به‌زیاده‌وه‌ له‌ئایینه‌كه‌ی‌ ئێوه‌دا ئاماژه‌ی‌ بۆكراوه‌و به‌رنامه‌ی‌ بۆ داڕێژراوه‌، من بومایه‌ له‌جیاتیت باسی‌ ڕه‌وشتم نه‌ئه‌كرد، چونكه‌ ماڵی‌ خۆتان له‌شوشه‌یه‌.
سه‌باره‌ت به‌ قسه‌بازاریه‌كانیشت خۆم ناهێنمه‌ ئه‌و ئاسته‌وه‌و وه‌ڵام ناده‌مه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و قسه‌یه‌ دووباره‌ ئه‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ له‌نوسراوه‌كه‌ی‌ پێشوومدا ووتومه‌: له‌گه‌ڵ‌ هه‌ر وه‌رچه‌رخانێك ئه‌گه‌رچی‌ بچوكیش بێت له‌ناوچه‌كه‌دا، یه‌كه‌مین كه‌س كه‌ ده‌كه‌ونه‌ به‌رده‌م هێرشی‌ خه‌ڵكی‌، دڵنیابه‌ پاش ده‌سه‌ڵاتداران ئیسلامیه‌كانن (ئیسلامی‌ سیاسی‌) و به‌تایبه‌تیش مه‌لاكانن، بێگومان ئه‌وكاتیش هه‌ڵوێستمان ئه‌بێت له‌داكۆكیكردن لێیان، وه‌ك چۆن له‌ كاتی‌ هه‌ڵكوتاكه‌ی‌ پارتی‌ له‌ساڵی‌ 2005 بۆسه‌ر باره‌گاكانی‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ هه‌ڵوێستمان بوو و چه‌پڵه‌مان بۆ ڕشتنی‌ خوێنی‌ ئیسلامیه‌كان لێنه‌دا، له‌كاتێدا كه‌ ئه‌زانم به‌مه‌رگی‌ ئێمه‌ومانان خۆشحاڵ ئه‌بن. چونكه‌ ئه‌سڵ‌ بۆ من ئینسانه‌، نه‌ك بیرو بۆچونه‌كه‌ی‌. بۆیه‌ باشتره‌ به‌رله‌وه‌ی‌ سبه‌ی‌ چاوه‌ڕوانی‌ كه‌سانێك بن داكۆكیتان لێبكات، ئێستا خۆتان فكرێك له‌حاڵی‌ خۆتان بكه‌نه‌وه‌و به‌خه‌می‌ سبه‌ینێتانه‌وه‌ بن.
28-9-2009

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە