بڵێی یەكێتی بە پلینۆم كێشە بنەرەتیەكانی چارەسەر بكات ؟

Saturday, 12/10/2013, 12:00

1900 بینراوە






دیارە بڕیاری بەستنی پلینۆم و دواخستنی كۆنگرە لە لایەن یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە تا رادەیەك هەوڵی ساردكردنەوەی نارەزایەتیە نێوخۆیەكانی یەكێتیە و خۆی لە خۆیدا رەوانەكردنی كێشە كان و بەسەربردنی كات و هەوڵی پینەو پەرۆ كردنە نەك چارەسەری یەكجارەكی و بنەرەتی ئەو كێشە و گیروگرفت و بەربەستانەی بەردەم سیاسەتی راست و رەوای یەكێتی بێت كە لە پێشخستن و بەرزكردنەوە ی جەماوەرێتی دووری خستۆتەوە . لە پێناو خۆ رزگاركردنی لەو قەیرانە گەورەی كە لەدەرئەنجامی شكستهێنانی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانەوە توشی هاتووە دەبێت بە هەموو جۆرێك هەوڵی خۆ قوتاركردنی بۆ بدات .
ئەگەر هەر چاودێرێكی سیاسی و كادرێكی یەكێتی بە بوێریەوە باس لە هۆكارەكانی ئەو شكستە مەرحەلیە بكات دوور لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی شەخسی و مەرایی بۆ بەرپرسانی، باش دەزانێت گرنگترین فاكتەر بەرژەوەندیە هەمەچەشنەكانی دەستە باڵاكان و دەسترۆیشتوانی سەركردایەتی یەكێتی و كادرە ناوەراستە داردەستەكانیانن كە بەردەوام گورزی گەورە لە یەكێتی دەدەن، نەك بۆ خۆدورخستنەوە لە بەرپرسیارێتی وەك زۆرێكیان دەڵێن سەرەوە بەتەنها بەرپرسە لەو دەرئەنجامانە. بێگومان بارودۆخی خودی و بابەتی هۆكاری سەرەكی ئەم حاڵەی یەكێتی و ئەم دەرئەنجامەن .
ئەگەر سەلاحیەت و ئەركەكانی پلینۆم لە پەیرەوی یەكێتی بخوێنینەوە و بەراورد بەم بارودۆخەی ئێستایدا بكەین و ، رێگە و ئەگەرەكانی چارەسەری بنەرەتی كێشەكانی لە لایەن دڵسۆزانی و چاودێرانی سیاسی كوردستانەوە دیاریبكرێت و شیبكرێتەوە،نەك لە پێناو خودی یەكێتی بەتەنها دەبێت بەڵكو لە قازانجی بەرژەوەندیە باڵاكانی گەلی كوردستانیشە، دەتوانین بڵێین كە هیچ كەسێك گەشبین نابێت لە رزگاربون لەم وەزعەی ئێستای بێ لە خۆبوردەیی و بریاری بوێرانە و قوربانیدانی بەرپرسەكانی لە سەرجەم ئاستەكانیدا و لە گشت بوارەكانەوە .
دەبێت زۆر بە راشكاوی شیكردنەوە بۆ وەزعی ئێستای یەكێتی و چۆنێتی چارەسەركردنی قەیرانەكانی بكرێت و ، بە وردی خاڵ بخرێتە سەر پیتەكان. بۆیە خۆتازەكردنەوە و نەهێشتنی كوتلەبازی و بەرجستەكردنی دیموكراسی نێوخۆیی راستەقینە دوور لە مەحسوبیەت و بنەماڵەیی و پێگەی كۆمەڵایەتی و، خۆ گرێدانەوە بە فەلسەفەی راست و رەسەنی خودی یەكێتی نەك سیاسەت كردن بە پرەنسیپەكانەوە، ئەمە جگە لە سیاسەتی دەرەوەی لەپەیوەندی سیاسی راستەقینە و پلەبەندیەكانی نزیكایەتی لەگەڵ هاوپەیمانەكانی لەسەر بنەمای نزیكێتی لە بیروباوەر و فەلسەفە و ئایدیۆلۆجیا نەك سیاسەتی رووت،دەكرێت رێگایەك بۆ خۆ رزگاردنی یەكێتی بكاتەوە . بۆیە پێویستە یەكێتی چەند هەنگاوێكی چارەنوسساز بهاوێژێت لەوانە:
1-خۆی لەهەموو هاوپەیمانێتیەك بپارێزێت كە بەزەرەر بۆی دەگەرێتەوە لە پێشەوەیاندا بە خشكەیی لە هاوپەیمانیە ستراتیجیەكەی لەگەڵ پارتیدا دەربچێت و نەبێت بە پاشكۆی هیچ لایەنێك .
2-خۆی لە سەركردایەتی و كادرە ناوەراستە گەندەڵەكان پاكبكاتەوە و لە پێكهاتە و باوەربون بە پرسەكە بگەرێتەوە زەمانی حەفتا و هەشتاكانی سەدەی پێشوی خۆی بە ئامرازەكانی سەردەمەوە .
3-جومگە سەرەكیەكانی رادەستی خەڵكی خوێن گەرم و گەنجی بەتوانای دڵسۆزی خۆی بكات .
4-لە سیفەتە بنەماڵەییەكان دوور بكەوێتەوە كە لە پارتیەوە وەریگرتوە و لە نێو بیروباوەری یەكێتی راستەقینەدا بتوێتەوە، ئەگەر واقعی ئەمرۆی كوردستان و بەرژەوەندی خەڵكیش رێگر بێت .
5-بە زوترین كات كۆنگرە ببەستێت كە دەتوانێت مەهامی سەرەكی خۆراستكردنەوە و هەڵسان جێبەجێ بكات كە دەسەڵاتی گۆرینی راستەقینەی هەیە نەك پلینۆم .
6-هەوڵی یەكسانی لە نێوان كادران بدات و هیچ كەسێكی ناموستەحەق لە پلە باڵاكان نەهێڵێت لە ركابەریدا لە سەرحسابی كادرەكانی خۆی وپلەی باڵا نەداتە ئەوانەی لە شوێنێكی ترەوە دەبنە یەكێتی و كادرەكانی خۆی پێ قەڵس بكات .
7-شەفافیەت لە جێبەجێكردن و زانیاریەكان پەیرەو بكات و سەركردایەتی بە گشتی و كادری بەتوانا یەكێتی ببەن بەرێوە نەك ئەڵقەیەكی دەسترۆیشتووی زاڵ .
8-دەسەڵاتی هەر بەرپرسیارێتیەك دیاری بكرێت نەك هەر یەكە و بە پێی بیركردنەوەی خۆی رەفتار بكات و بریار بدات .
9-بە رێژەیەكی زۆر گەورە سەركردایەتیەكەی بگۆرێت.یەكێتیەكی نوێ و پاك و خاوێن و سەردەمانە و واقعی دروست بكات .
10-مەهامی بەشداری لە حكومەت و دیاریكردنی كادرانی خۆی بە پێی مەرج و پرنسیپی دیاریكراو بێت كە لە كۆنگرە قسەی لەسەر بكرێت و دیاری بكرێت نەك بە نزیكی و دووری كادران و مەحسوبیەت بێت لەگەڵ ئەڵقەی دەسترۆیشتوی باڵاوە .
11-راستەرێی خۆی لە راگەیاندن و كاری جەماوەری و خەتی گشتی رێكخستنی خۆی لە سەر بنەمای بیروباوەر بێت .
ئە گەر بە رێژەیەكی زۆر ئەم گۆرانكاریانە نەكات ئەگینا راستبونەوە تەنها بە پینەو پەرۆ ناكرێت و ، بەهەنگاوی چاكسازی نێوخۆیی و بە خۆداچونەوەی ریشەیی یەكێتی لەم میحنەتە رزگار دەكات نەك بە قسە و خۆ هەڵخەڵەتاندن . بە هەڵسانەوەی یەكێتی ونزیكبونەوەی لە سەرجەم بوارەكاندا لەگەڵ بزوتنەوەی گۆراندا تا رادەی یەكگرتنەوە قازانجێكی گەورە بە میلەت و بەرژەوەندیە باڵاكانی دەگات لە سەرجەم بوارەكاندا بە تایبەتی لە ركابەری هێزی محافزكار و بنەماڵیی و دواكەوتوی نێو كوردستاندا .



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە