گیانبازی لە رێبازی براکۆژی دا

Monday, 17/12/2012, 12:00

1533 بینراوە


ماوێک لەمەوبەر هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە بالی نیزامی پارتی ژیانی ئازادی کوردستانە، سەبارەت بە ئەو پیلانگیریانە لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ رەش کردنی پارتەکەیان پەیرۆ دەکرێت لێدوانێکی نووسراوی بڵاو کردەوە. لە لێدوانەکەدا هەروا ئاماژە بە هەڵسووکەت هێندێک لە ئەندامان و لایەنگەران حیزبەکانی دیکە کوردی کراوە کە لەسەر تۆرە کۆمەڵایەتییەکان شوێن و رێگای گەریلاکانی پەژاک لە ناوچەکانی ناوخۆی رۆژهەڵاتی ئیفشا دەکەن و ئەو کارەی ئەوان دەبێتە هۆی مەترسی گیانی بۆ گەریلاکانی ئەوان و داوا لە هەر یەک لە حیزبەکانی کۆمەڵە شورشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و حیزبی دیموکراتی کوردستان و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کراوە لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی ئەندامان و لایەنگەرانیان هەڵوێستیان روونیان هەبێت و دەبێت وەڵامدەر بن .

دوابەدوای بڵاو بوونەوەی ئەم لێدوانە لەسەر ماڵپەرە و تۆرە کۆمەڵایەتیەکانەوە زۆر لایەن و کەسایەتی لە بەرامبەر ئەم هەڵوێستە کاردانەوەیان نیشان دا کە ئەویش شتێک ئاساییە کە هەر کەس و لایەنێک بە پێی روانگەی خۆی ئەو لێدوانە دەخوێنێتەوە و هەر لەو چوارچێوەیش هەڵوێستیان نیشان دا بەڵام شتێک کە لای من زۆر جێگای سرنج بوو هەڵوێستی فەرمی یەکیەتی خۆێندەکارانی حیزبی دیموکراتی کوردستان ئێران بوو کە بە لێدوانێکی فەرمی بە شێوەی زۆر توند دژکردەوەیان نیشان درا بوو و هەر کات ئەگەر زیندوو کردنەوەی شەری براکۆژی لە داهاتوودا زیندوو کردەوە.

پەژاک لەسەرەتایی دەمەزردانییەوە لە لایەن ئەندامان و لایەنگەرانی ئەحزابی کوردی بە تایبەت حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بە توندترین شێوە رووبەرووی سۆکایەتی و نکۆڵی بووە و هەر لە رۆژی دەستپێکەوە هەتا ئێستا لە لایەن ئەم رەوتە پەژاک وەکوو جاشی کۆماری ئیسلامی و سناریویەک بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆ لای پ ک ک و دوورکردنی ئەوان لە حیزبی دیموکرات و کۆمەڵە پێناسە کراوە و هەمیشە بە هۆی روانەگەیە کە بەسەر حیزبەکەدا زاڵ بووە ، زۆربەی ئەندامان و لایەنگەرانی ئەو حێزبەیش هەر بەو شێوە عەقلیەتەوە لە بەرامبەر بە پەژاک هەڵسووکەوت دەکەن.

یەکیەتی خۆێندەکارانی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە ئەو پەری بێ شەرمییەوە باڵی سەربازی پەژاک وەکوو ملیشیا پێناسە دەکات و لێدوانەکەیان بە ئەم سەردێرە دەستپێدەکەن " ئاگادارییەك لە لایەن یەكیەتیی خوێندكارانی دێموكراتەوە سەبارەت بە هەڕەشە و گوڕەشەكانی لقێكی میلیشیایی سەر بە PKK "

لە درێژەی لێدوانەکەدا هاتووە " ئەم لقە بەو پەڕی بێ پرەنسیپی و بە پشت كردن لە كۆی بەرژوەندییە گشتییەكانی نەتەوەكەمان، حیزبە رەسەن و مێژوودارەكانی كوردستان كە خاوەنی هەزاران شەهیدن و بست بە بستی خاكی كوردستان شاهیدی لە سەر گیانبازی و لە خۆبردوویی پێشمەرگەكانیان دەدات، بە سیخوڕ و هاوسەنگەری دوژمن ناودەبات، بەجۆرێك كە دوژمنانی ئەم خاكەش ناتوانن وا بێ شەرمانە لێدوان بدەن. "

هەروەها لە درێژەی لێدوانەکەدا باسی شەری قەندیل و گوایە رادەستکردنەوە شاخی جاسوسان بە کۆماری ئیسلامی کراوە و وەها دەلێت " لە سناریۆی شەڕی شاخیجاسووسان دا بە روونی دەركەوت و ئەم لقە لە سەر بڕیاڕی خاوەنەكانیان سەرەتا سپای پاسدارانیان راكێشی ئەو ناوچە و دواجاریش ئەم شاخەیان رادەستی هێزەكانی رێژیم كرد و بە واژۆكردنی رێككەوتنێك، بڕیاردرا كە هێزە شەڕكەرەكانیان بە قازانجی كۆماری ئیسلامی و هاوپەیمانەكانی، رەوانەی بەرەی شەڕ لە سووریە و توركیە بكرێن."

یەکیەتی خۆێندەکارانی حیزبی دیموکرات پەژاک بەراوەرد لەگەڵ نازییەکانی ئاڵمان و بەعسی سورییە و عێراق و حیزبوڵڵا قوم لۆبنان دەکات.

لە کۆتایی لێدوانەکەدا هاتووە " یەكیەتیی خوێندكاران بۆ بەربەرەكانێ لە گەڵ هەرچەشنە ئەندێشەیەكی دۆگم و دواكەتووانە هەردەم ئامادەی رۆشنگەری و گیانبازی لەو پێناوەدایە."

حیزبی دیموکراتی کوردستان ئێران هەر وەکوو رۆژی یەکەمی دامەزراندنی پەژاک نکووڵی لە بوونی پەژاک لە واقیعی سیاسی و نیزامی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات و ئەویش بۆ عەقلیەتی ئەوە دەگرێتەوە کە حیزبەکە خۆی بە خاوەن مێژووی خەبات دەیان ساڵەیە کوردایەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەزانێت مافی ئەوەی بە خۆی دەدات خۆی بە رەسەن پێناسی بکات و بە جێگای خەڵک بریار لەسەر پێگەی سیاسی حیزبێکی دیکە بدات و هەر وەکوو رۆژی یەکەم پەژاک بە دەستپەروەردەی کۆماری ئیسلامی بزانێت!، ئەمە لە حالێکدایە کە مەشرووع بوون، رەسەن بوون و.. لە لایەن گەلەوە دیار دەکرێت نە حیزبەکەوە.

من وەکوو هاوڵاتیەکی خەڵکی شاری کامێران ئەو پرسیار لە ئەو ئەو حیزبە دەکەم کە چون ئاگایان لە ئەو هەموو هێزە نییە کە لە گۆندەکانی دەرووبەری شاهۆ جێگیر کراوە و ترسی لە بوونی هێزەکانی پەژاک وایکردووە کە هێزەکانی سپای پاسداران بۆ یەکەم جار لە مێژوی خەباتی چەکداری حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوچەکانی شاهۆ، بە ساز کردنی دەیان پادگانی نیزامی شاهۆ گەمارۆ بدەن و چەندین پادگانی گەورەی سپای پاسداران بۆ یەکەم جار لە ناو بەرزاییەکانی شاهۆ دروست بکەن و بە سەدان هێزی تایبەت سپا لە ئەوێ جێگری بکەن،ئایا ئەم ملیتاریزە کردن ئەو ناوچانە بە چ هۆکارگەلێک ئەنجام دەدرێت، گواستنەوەی هەزاران پاسداری تایبەت لە پارێزگای لورستان بۆ ناوچەی کامێران و کۆنترلی کردنی ئەمنیەتی ناوچەکە لە لایەن ئەم هێزانە تایبەتە لەم چەند ساڵەی دوایی دەبێت بە چ هۆکارگەلێک ئەنجامدرا بێت.

جێگربوونی گەریلاکانی پەژاک لە بەرزاییەکانی شاهۆ، ئەنجامدانی چەندین چالاکی نیزامی گەورە لە ئەو ناوچانە لە لایەن هێزەکانی پەژاک، بەشدار بوونی رێژەیەکی زۆری لاوی کامێرانی و دێهاتەکانی دەوروبەری بۆ ناو رێزەکانی پەژاک، بوژانەوەی هەستی خەبات و تێکۆشان لە ناو خەڵک بە هۆی حزوری گەریلاکانی پەژاک و... لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە باش گرنگی پێدراوە و ئەم ئامادەکارەیش بۆ تەسک کردنی خەباتی گەریلاکانی پەژاک لە ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستانە، شایدیش حیزبی دیموکرات بڕوا وایە کە ئەمە ئامادەکاری سپا پاسداران بۆ شەرە لە دژی پێشمەرگەکانی ئەوان بێت لە کاتی گەرانەوەیان بۆ ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان! یان وەکوو ئاغای نوریزادە دوستی حیزبی دیموکرات پارەکە لە کاتی شەری قەندیل باسی کرد، شەری قەندیل سناریویەک بوو لە لایەن سپاوە بۆ ڕاکێشانی حیزبی دیموکرات و کۆمەڵە بۆ گۆرەپانی شەرە لە قەندیل و ئێستاش یەکیەتی خۆێندەکارانی سناریویەکی دیکە دەخاتە روو ئەویش هێنانی سپا بۆ تەحویل دانی شاخی جاسوسان بە هێزەکانی سپا! دیارە ئەو شەرەی قەندیل کە بە سەدان کۆژراوی سپا کە لە نێوانیاندا چەندین پلەبەرزی سپای پاسداران دەبینرا، لێکەوتەوە بە ڕوانگەی ئەمان هەموو سناریو بووە! ئەگەر سرنج بدەین میدیا و چاپەمەنییەکانی کۆماری ئیسلامی لەسەرەتا دەستپێکردنی شەری قەندیل ئەوان ئارمانجی خۆیان کۆتایی هێنان و لە ناو بردنی پەژاک لە ناوچەکە ڕاگەیاند نە گرتنی شاخێک! و هەر بە پێی ئەو ئارمانجەی دەستپێکی خۆیان ئەوان نەیاتوانی بە مەبەست بگەن بوویە بۆ یەکەم جار گرتنی شاخی جاسوسان لە لایەن کۆماری ئسیلامیەوە بۆ چاوەشەکاری و بە لاڕیدا بردنی ڕای گشتی لە بەرامبەر شکەستەکەیان ئەو بابەتە بووبە بە رۆژەڤ میدیا و چاپەمەنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کەچی دواتر هەر ئەم بابەتە کەوتە سەری زاری ئەندامان و لایەنگەرانی کۆمەڵە و دیموکرات.

بە راست ئەو عەقلیەتە نکۆڵیە بۆ دەبێت هەتا ئەو ئاستە بێت کە هەموو شتەکان بە سناریو و پیلانی دەرەوە پێناسە بکرێت، کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لە سەرەتایی دەمەزراندنینەوە باس لە ئەوە دەکات ئۆپۆزسیونی کوردی داردەستی وڵاتانی بێگانەیە و شتێک بە ناوی کێشەی کورد هەبوونی نییە تەنیا ئەوە کێشەیەکی ئاسایشی کە وڵاتانی رۆژئاوای بۆ ئاژاوەنانەوە لە ئێران سازی دەکەن، دیارە ئەو کۆلتوورەیش لەسەر هێندێک حێزبەکانی کوردی هەر بە ئەو شێوەیە کاریگەری لەسەر عەقلیەتی ئەوان کردووە ئەوانیش هەر ئەو شتە لە بەرامبەر بە لایەنێکی کوردی دیکە پەیرو دەکەن.

ئەندامانی و لایەنگەرانی ئەم حیزبە لە لایەک بانگەشەی ئەوە دەکەن کە گەریلاکانی پەژاک لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە ئازادانە دەگرن و کچان و کۆرانی کورد بەشداری ڕیزەکانی ئەوان دەبن و سپای پاسدارانیش لە بەرامبەر بە بوونی ئەوان لە ناوچەکە بێ دەنگە! لە لایەکی دیکەش بانگەشەی ئەوە دەکەن کە پەژاک هێزەکانی خۆی کێشاوەتەوە و دەربازی سووریە! و تورکییە! کردووە و هێزی لە رۆژهەڵات نەماوە. لەم قسانە تەناقۆزێکی زەقە بەرچاو دەکرێت، چون دەبێت گەریلاکانی پەژاک لە ناوخۆ ئەوندە زۆر بن و بە ئاسانی بگەڕن بە جۆرێک کە هەموو خەڵک ئاگاداری هاتوچووی ئەوان بێت و بە قەولی ئاغای بەراتی بە شێوەیکی بەفراوانی لە ئەو بۆشایەتی نەبوونی حیزبی دیموکرات و کۆمەڵە کەڵک وەربگرێت و خەڵک بۆ لای خۆی ڕابکێشێت و لە لایەکی دیکە دەلێن گەریلاکانی پەژاک لە ناوخۆ نەماون و بۆ شەر بەرامبەر بە تورکییە و پاراستنی رژمی بەشارد ئەسەد چوونە و لە ناوخۆ نەماون. دیارە ئەم شتانەی هەموو سەفسەتەگەراییەکە بۆ نکووڵی کردن لە هەبوونی هێزێک بە ناوی پەژاک.

شتێکی دیکە کە بە پیویستی دەزانم لێرە ئاماژەی پێ بکەم ئەوەیە کە حیزبی دیموکراتی کوردستان لە لایەک خەباتی چەکداری! لەم کاتانە بە باش نازانێت و بانگەشەی ئەوە دەکات کە شەری چەکداری خزمەتی چارەسەر دۆزی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان ناکات و لا لەیەک یەکیەتی خوێندەکارانی لە بەرامبەر بە لێدوانەکانیHRK هەڵوێستی توند نیشان ئەدات و دەلێت ئامادەی گیانبازیە لە بەرامبەر بە پەژاک، پرسیارێک کە لێرە دێتە ئاراوە ئەوەیە کە ئاخۆ بۆ دەبێت ئەم حیزبە لە بەرامبەر بە دەستدرێژی بە کەرامەتی گەلی کورد کە رۆژانە لە لایەن کۆماری ئیسلامی هەر رۆژ بە شێوەیک ئەنجام دەدرێت، هەر وڵامدانەوێکی چەکداری بە رەوا نابێنێت بەڵام لە بەرامبەر بە ئەو لێدوانەی HRK ئەوان ئامادەیی خۆیان بۆ گیانبازی لە بەرامبەر ئەو لێدوانە نیشان ئەدەن!

دیارە ئەو حیزبە بە ئەو عەقلیەتی پانخوازیە کە لەسەری زاڵە ئەو شتانەی کە راستەخۆ ئەندامان و لایەنگەران و بەرژوەندی ئەو حیزبە دەخاتە مەترسی ئامادەیی هەر وەڵامدانەوێکی گیانبازیانەی هەیە بەڵام لە بەرامبەر بە ئەو هەڵسووکەوتانەی کۆماری ئیسلامی ساڵانە لەسەر نکۆڵی و پاکتاو کردنی گەلی کوردە دەیکات تەنیا داوای رۆخانی کۆماری ئیسلامی ئەویش بە رێگای مەدەنی! دەکات.

بە داخەوە ئەم ئامادەییەی کە خوێندەکارانی حیزبی دیموکرات بۆ گیانبازی لە بەرامبەر بە پەژاک نیشانیان داوە جگە لە مەترسی گیانبازی لە رێبازی شەری براکۆژی شتێکی دیکە بۆ گەلی کورد بە دیاری نایەنێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە