وەزیری دارایی و نهێنی بودجەی یەکێتی و پارتی

Tuesday, 24/08/2010, 12:00

1645 بینراوە


کارەساتە کوردستان ناو بنێین وڵاتی سیستەم و دامەزراوەیی، لەکاتێکدا خوا و یەکێتی و پارتی خۆیان نەبێت، کەس نازانێت ئەم دوو حیزبە بودجەکەیان چەندە و چەند وەردەگرن و چۆنی وەریدەگرن و چۆن چۆنی سەرفیدەکەن.
ئاخر لە هەموو دونیادا، حکومەت دەبێت بودجەی وەرگیراو و بەدەستهاتوو بەهەموو ئەو داهات و پارەیەی دەڕژێتە خەزێنەی دەوڵەتەوە، لەگەڵ بودجەی سەرفکراو و خەرجیەکانی حکومەت و دەوڵەت، بە ئاشکرا و بێ پەردە بخاتە بەرچاوی هاووڵاتییانی وڵات، بە نامیلکە و لەسەر سایتی وەزارەتی دارایی نیشان بدرێت، بخرێتە بەردەم دامودەزگا نا حکومییەکان، بۆ ئەوەی خاوەنی ئەسڵی بودجەکە، کە هاووڵاتییانن، بزانن بودجەی وڵاتەکەیان چۆن سەرفدەکرێت، وە بۆئەوەی حکومەت بە گشتی و وەزیری دارایی بەتایبەتی بەرامبەر بە هەموو کەموکوڕییەک لە بودجەکەدا بەرپرسیاربن. ئەمە ئەگەر زۆر سادەی بکەینەوە نزیکبونەوەیە لە سیستەمێکی سیاسی تەندروست.
کەچی لە کوردستان دا، نەکەس دەزانێت حیزب، بەتایبەتیش یەکێتی و پارتی، چەند وەردەگرن و چۆن وەریدەگرن، نمونەش وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان، کە یەکەم بەرپرسە لە دابەشکردنی سامانی وڵات، لە چاوپێکەوتنە ڕۆژنامەوانیەکانی ئەم دواییانەیدا، نایەوێت ئەوە بخاتە ڕوو و پێمان بڵێت، کە بودجەی یەکێتی و پارتی چەندە چۆن وەریدەگرن، بەڵکو تەنها ئەوەندە دەڵێت "کە بودجەی یەکێتی و پارتی ئەوەندە کەمکراوەتەوە کە تەسەور ناکرێت".
ئاخر ئەگەر ئاشکراکردنی بودجەی یەکێتی و پارتی نهێنی دەوڵەتە و پەیوەستە بە ئاسایشی نەتەوەییەوە، ئەوا ڕەنگە مەجالێکی تێدا هەبێت بۆ شاردنەوەی (هەرچەندە لە وڵاتانی سیستەم تەندروست دا، هەموو زانیارییەک دەبێت ئاشکرا بکرێت)، ئەگەر ئاشکراکردنی بودجەی ئەو دوو حیزبە زانیارییەکەو، دوژمنانی کورد دەتوانن زەرەر لە هەرێمی کوردستان بدەن پێی، ئەوا ڕەنگە ئاهێکی تێدا بێت بۆ ئاشکرانەکردنی و هێشتنەوەی لە تاریکیدا، بەڵام کاتێک بودجەی ئەم دوو هێزە ئاشکراناکرێت و تا ئێستا هاوولاتییانی دانیشتووی کورددستان نازانن کە چەندێک لە بودجەکەیان دەدرێتە ئەو دوو حیزبە، ئەوا دووبارە بە داخەوە کابینەی شەشەمی حکومەتی هەرێم، وەک کابینەکانی پێش خۆی دەکەوێتە بەر هێمای پرسیار، کە داخۆ ئەم کابینەیە خاوەنی بەڵێنەکانی خۆی دەبێت (ئاشکراکردنی بودجەی حیزب)، لە کاتی هەڵبژارندەکان دا بە هاووڵاتییانی دا، یان دەخوازێت بودجەی کوردستان لە تاریکیدا تەخشان وپەخشان بکرێت (وەک چۆن لە کابینەی پێنج دا بینیمان)، بێ لێپرسینەوە. ئەمە ئەو پرسیارەیە کە وەزیری دارایی و سەرۆکی حکومەتی دەبیت وەڵامی بدەنەوە.
/ دانیمارک
[email protected]
لە ژ. ٤٣ ی ڕۆژنامەی دەستوور دا بڵاوکراوەتەوە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە