ئەسپ و عارەبانەکەى ئۆباما و دوبارەبونەوەى مێژوو

Thursday, 04/09/2014, 12:00

1783 بینراوە




وتارەکەى ئۆباما لە ئیستونیا ، سەبارەت بە کێشەى عێراق و سوریا و ئۆکرانیا ، زۆر خوێندنەوە هەڵدەگرێ ، کاتێک ئۆباما دەڵێت نامانەوێ عارەبانەکە پێش ئەسپەکە بخەین ، دەتوانرێت قوڵتر دیوى پشتەوەى ئەم وتارە بخوێنینەوە و وە دەیەوێت چۆن کار لەسەر شکستەکانیان بکات ، بەوەى لەسەرەتاوە هاوکارى دروستکردنى داعش کردوە وەک بەشێک لەو سیناریۆیە ، بۆ لاوازکردنى هەژمونى شیعە و کارکردن بۆ باڵادەستى خۆى ، کاتێک ئۆباما کار لەسەر 4 خاڵى سەرەکى دەکات لە دژى داعش ، ئەوا دەبێت تاکتیکى ناو سیناریۆکانى پێشترى بخوێنینەوە... لێرەدا بەو مانایە دێت کە شانۆى سیناریۆکان کۆتاى هاتوە ، ئەم ئەسپ و عارەبانەیەى ئۆباما جۆرێکە لە ماکیاجکردن و دەمامک دانان بۆ ئەو سیناریۆیانەى کە پێشتر دەیویست لە ڕێگەى داعشەوە ترسێک بۆ هەموو جیهان دروست بکات ، بە تایبەت ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و بە تایبەتیتر ڕوسیا ، تا هەمویان بکەوەنە ژێر دەسەڵاتى ئەمریکا و هەر خۆشى ئاراستەى جیهان بکات ، کاتێک دەڵێت ئێمە هەمومان لەبەردەم ترسى داعشداین ، وە داعش شەڕەکان بگوازێتەوە بۆ ناو ماڵەکانى ئێمە ، ئەوە ئەو نامەیەیە کە توانى ئێران و تا ئاستێکیش ڕوسیا بخاتە سەر جەمسەرى خۆى لە دۆسەیى داعشدا ، وە کاتێک دەڵێت بەرەو جیهانێکى ئارام دەڕۆین ، ئەوە بەو مانایە دێت کە دەبێت هەموتان لەگەڵم بن ، خۆ ئەگەر ڕوسیا بە هەمان شێوەى داعش بەو ئاراستەیەدا نەڕوات و پێچەوانەى دەرئەنجامى سیناریۆکانى ئەمریکاوە بێت ، بیەوێت ئۆکرانیا داگیر بکات ، ئەوا ئۆباما سزاکانى توند تر دەکات و بە نا ڕاستەو خۆ هەمان وێنەى داعش دەکات بەبەرى ڕوسیادا ............ ئۆباما کاتێک باسى عێراق دەکات کار لەسەر چوار خاڵەکە دەکات کە ئەمانەن :
1- دروست کردنى بەرەیەکى جیهانى دژى داعش .
2- لە ڕوى سیاسیەوە کار بۆ حکومەتى بنکە فراوانى عێراقى بکرێت ، کە کورد و شیعە و سونە هاوکێشەیەکى یەکسان بن .
3- هێزى پێشمەرگە پڕ چەک بکرێت .
4- لە سوریاش لە داعش بدرێت بە پلانێکى تایبەت .
خۆ ئەگەر ئێستە داعش هەمان مێژووى قاعیدە بێت ، کەواتە ئەمریکا لە دواى ڕوخانى سەدام و لە بەهارى عەربى و قاعیدە و داعشدا توشى جۆرێک لە شکست بووە ، بەو مانایەى ئەگەر سیناریۆکانى بەشێکى کارى لە بەرژەوەندى خۆیدا کردبێت ، ئەوا ئێستا بەشەکەى ترى دژى خۆى وەستاوە و ئەمریکا ئەیەوێت ئەم شکستەى بەشى دووەمى سیناریۆکانى بگۆڕێت بە سیناریۆیەک کە لە بەرژەەوەندى خۆیدا تەواو بێت ... با بپرسین چۆن ....؟
ئەگەر لێرەدا شانۆیەکە کۆتاى هاتبێت و ئیتر کارتى داعش کەڵکى نەمابێت و دەبێت بسوتێنرێت ، ئەوا دەیەوێت لە سەر سوتوى داعشیش تاکتیک و سیناریۆى خۆى هەبێت ، واتا دەیەوێت لە خۆڵەمێشى داعش سودمەند بێت ، ئەگینا بۆ لێدانى داعش لە سوریا و عێراق ، ئەمریکا پێویستى بە وڵاتى تر نیە ، هێندە نەبێت کە وڵاتانى جیهان ڕەزامەندى بدەن . دەبێنین لە ئوسترالیاوە تا ئستونیا دەیانەوێت زوتر بچەنە ناو ئەم هاوپەیمانیەتیەوە ، خۆئەگەر هەر سێ فایلەکە (عێاق و سوریا و تورکیا) بە پلانەکەى ئەمریکا سەر بگرێت ، ئەوا دیوى شکستى ئەم سیناریۆیە زور کەمتر دەبێت لە دیوى سەرکەوتنى ، بۆیە دەکرێت بڵیبَن ئەگەر پێشتر عارەبانەکەى پێش ئەسپەکە دانا بێت ، ئەوا ئێستە دەیەوێت عارەبانەکە پێش ئەسپەکە نەخات ، کە مەبەست لێ ى سیاسەتەکانى جورج بوشە و نایەوێت لە دژى ئێران داعش لەوە زیاتر بەهێز بکات ، وەک چۆن لە دژى ڕوسیا قائیدەى بەهێز کردو 11 سبتمبرى لێکەوەتەوە ، کە ئەمە بۆ داعش ئاسانترە چونکە لە ڕوى ڕێکخستن و پارە و مجاهیدەوە بەهێزترە لە قاعیدە و بگرە بەشێوەیەک کە لە ناو مجاهیدیندا (وەک خۆیان دەڵێن) هەڵگرى ڕەگەزنامەى زۆرێک لە وڵاتانى ناتۆ و وڵاتانى ترى تێدایە ، بە تایبەت ئەمریکا و ڕوسیا و ئەڵمان و بەرتاینیا و فەرنسا کە بیانەوێ تەقینەوە بکەن تەنها یەک تکتى تەیارەیان بەسە بۆ ئەوەى بگەنە ئەو وڵاتانە ، بە مانایەکى تر ئەگەر لەم نێوەندەدا کورد نمایندەى جیهان بکات بۆ شەڕى داعش ، ئەوا ئۆباما لەم وتەیەیدا نایەوێت عارەبانەکە پێش ئەسپەکە بخات ... بەڵام پرسیارەکە لێرەدایە ... ئەى ئەگەر ئەسپەکە بەهێز نەبوو.... ئەو ئەسپەى جاران نەبوو...... نەیتوانى عارەبانەکە ڕاکێشى ئەو کات چى دەگوزەرێ .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە