بەناوى كەرتى تایبەتەوە قوڕتان بۆ ئەم میللەتە گرتۆتەوە

Tuesday, 27/08/2013, 12:00

1782 بینراوە





گۆران كە بە پێشەواوبلیمەتى كاروانى شیعرى نوێى كوردى دادەنرێ، شەست ساڵێك لەمەوبەر لەشیعرێكى بەهێزوسەرنج راكێش و رۆمانسى دا بەحسابى خۆى دواى سەركەوتنى گەلى كورد و رزگاربوونى لەداگیركەر شیعرێكى درێژى پێدەڵێت كە ئەمە چەند دێڕێكێتى:
(دواى ئەمە ئێمەین و نوێكردنەوەى ماڵ/
هەردەساڵ لە تەئریخ ئەبڕین بە یەك ساڵ/
 ئاوى چەم ئەكێشین بۆ سەر لووتكەى شاخ/
بەردى رەق دەردێنین، جێى ئەكەین بەباخ/
لەسەر هەر لووتكەیەك، تەپۆڵكەویاڵێ/
هەر بن داربەڕوویەك ئەكەین بەماڵێ/
درێژى ناو دۆڵ و پانایى ناو دەشت/
بەتەلارى جوان جوان ئەكەین بە بەهەشت/
زەوى و زار بەبەرى رەنجى تراكتۆر/
عەمارمان پڕ ئەكات لەگەنمى زۆر/
نەوتمان كارگەمان، بەرهەمى كانمان/
نادزرێ و نرخەكەى دێتەگیرفانمان/
چ خێرى نیشتمان چ ئارەقى رەنج/
كوردستان سەرانسەر پڕ ئەكا لەگەنج/
باخچەمان سەرانسەر گوڵى ئەپشكوێ/
بولبولمان فێر ئەبێ بە ئاوازەى نوێ/
تەنانەت لە بێشكەى ساوامان گریان/
ون ئەكا موعجیزەى بەختیارى ژیان).

ئەمە ئەو خەیاڵە بوو كە نەك گۆران بەڵكو زۆرێك لە دڵسۆزانى كورد تاوەكو پێش راپەڕین خەویان بەرۆژێكەوە دەبینى كە كوردستان ئازاد بێت و خۆى حوكمى خۆى بكات، بەڵام مانگەشەو سەر لە ئێوارەوە دیاربوو، لەسەر سفرەى زەماوەندى راپەڕین حیزبەكان یەكترییان تیا خوارد، لەماوەى ئەم بیست و دووساڵەدا حوكمێكى ئەوەندە ناشرینیان دەرخواردى خەڵكدا كە بەعەقڵى كەسدا نەدەچوو یەكێتى و پارتى ئەمە بەرهەمیان بێت،نوێكردنەوەى ماڵ وەكو گۆران ئاماژەى پێداوە و ئێستا پێى دەڵێن رێكخستنى ماڵى كوردى، ئێستا ناتەبا یەو درزى تێكەوتووە، ئەو لوتكەو تەپۆڵكەویاڵەى كە گۆران ئاواتى ئەوە بووە ببێت بەماڵ، بەڵێ بووە بەماڵ بەڵام هى خەڵك نا، بەڵكو هى دەستەبژێرێك لە بەرپرسان و سوودمەندانى ئەم بارودۆخە، نەوت و بەرهەمى كانەكان وەكو گۆران ئاماژەى پێداوە كاتێ رزگار دەبین ئیتر نادزرێ و نرخەكەى دێتە گیرفانمان،بەڵام نەك هەر دزرا،بەڵكو تاڵانیش كرا، تازە بە تازە وەزارەتى سامانە سروشتى یەكان كەوتۆتە خۆیى و نرخى یەك لیتر بەنزینى بە 500 دینار دیارى كردو ئاشكراشى كرد كەپێشتر جۆرى موحەسەن و سوپەر نەبووە ئەوە هەر بێجیەكە بووە و بەنرخى جۆرى باش فرۆشراوە، كاتى خۆى ئێوە لە شاخ جیاوازى چینایەتى و بەرگرى لە هەژارانتان زەق دەكردەوە و دەتانكرد بە دەستمایەتى خەباخ دژى بۆرجوازى،كە ئەو كات هیچ پێویستى نەدەكرد ئێوە درزبخەنە ناو چینەكانەوە چونكە لەبەردەم داگیركەردا هەمووى یەك چارەنووسى هەبوو، بەكورتى كاتێك لەهەڵەبجە درا بۆرجوازو هەژارى بەیەكەوە شەهید كرد، بەڵام دواى راپەڕین وئێستا ئێمە دەمانەوێ ئێوە لەسەنگەرى بۆرجوازى بێنەدەرەوەو خزمەتى زۆرینە بكەن، كەچى رێك پێچەوانە بونەتەوەوخۆتان بوونەتە سەرمایەدارى نمرە یەك، بەڵێ ئەگەر ریكلام نەبێ ئەمە یەكێكە لەئیشە باشەكان و نەك هەر بۆ بەنزین بەڵكو بۆ تێكڕاى پێویستیە گرنگەكانى خەڵك پێویستە لەم جۆرە هەنگاوە بنرێت ئەو هەنگاوەى كە جاران پێى دەوترا ئیشتراكى و سۆشیالیستى، ئێو ە 22 ساڵە لە ژێر ناوى كەرتى تایبەتدا كە خۆى لە بنەڕەتدا كەرتى حیزبییە قوڕتان بۆ ئەم میللەتە گرتۆتەوە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە