بە یاساى لێبوردنى گشتى تاوانبارانى ١٧ى شوبات و رۆژانى دواتر، ئازاد دەکرێن

Friday, 13/04/2012, 12:00

1228 بینراوە


پەیامنیری کوردستانپۆست- ژمارە ٢:
بەپێى ماددەى ٦ى یاساى لێبوردنى گشتى ئەو کەسانەى کەیسەکانیان هێشتا لێکۆڵینەوەى لەسەر ئەکرێت، بەپێى ئەم یاسایە لێبوردن دەیانگرێتەوە و ئازاد دەکرێن و بەهیچ شێوەیەک زیندانى ناکرێن بەمەرجێک ئەگەر لایەنى بەرامبەر لێیان خۆش بێت.
ئەمە لەکاتێکدا ژمارەیەکى زۆرى زیندانى هەیە کە چەندین ساڵە زیندانن و لایەنى بەرامبەریش لێیان خۆش بوون بەڵام لەبەرئەوەى لە زینداندان ئەوا وەکو ئەوانە نین کە ئێستا کەیسەکانیان لە لێکۆڵینەوەدایە و ئازاد ناکرێن تەنها رێژەى ساڵەکانى زیندانى کردنیان بۆ کەم دەکرێتەوە بە رێژەى ٣٠% بەڵام ئەو تۆمەتبارانەى هێشتا لە لێکۆڵینەوەدان ئەگەر لێخۆشبوونیان هەبێت و بەچەند ئیجرائاتێکى ڕۆتینى، ئەگەریش حوکم بدرێن یەکسەر ئازاد دەکرێن و هى واشیان هەیە دەستگیرنەکراون و ئەگەر لایەنى بەرامبەر لێى خۆش بێت، تەنها ئەتوانێت بە چوونە بەردەم دادگا لێکۆڵینەوەیەکى سەرپێى بۆ بکرێت یان حوکم بدرێت، ئەوا بڕیارى ئازادکردنى دەدرێت، ئەم یاسایەش تا ماوەى ٣ مانگ لەدواى پەسەندکردنییەوە لەلایەن سەرۆکى هەرێمەوە کارى پێ دەکرێت.

لە بەرامبەردا زیندانیان ئەمە بە فێڵێکى سیاسى دەزانن بۆ رزگارکردنى تاوانبارانى ١٧ى شوبات و رۆژانى دواتر و مانەوەى هەزارەها زیندانى لە زینداندا.

بەپێى چەند سەرچاوەیەک ئێستا یەکێتى و پارتى لە هەوڵى بەردەوام دان لەگەڵ خێزانى شەهیدەکانى خۆپیشاندانەکانى پارساڵ بە سوڵحى عەشایەرى لە تاوانبارەکان خۆش ببن.

بۆ ئەمەش یەکێتى و پارتى لە رێگەى پەرلەمانتارەکانیانەوە ئەم ماددەیەى لە یاساکەدا چەسپاندووە و ماوەتەوە سەر سوڵحە عەشایەریەکانیان تا خێزانى شەهیدەکان لێیان خۆش ببن.
ئەم ماددەیە رێگەیەکە بۆ ئازادکردنى ئەو کەسانەى کە دەستیان هەیە لە تاوانەکانی کوشتن لە خۆپیشاندانەکانى ساڵى پار لە سلێمانى و دەوربەرى لە رۆژانى ١٧ى شوبات و دواتر، بەم پێیەش بێت ئەم ماددەیە ئەوەندەى بە سیاسى کردنى یاساکەیە ئەوەندە لە بەرژەوەندى ئەو خەڵکەدا نەبووە.

نادادپەروەرییەکە لەوەدایە ئەو زیندانییانەى لایەنى بەرامبەر لێیان خۆش بوون و لە زینداندان، دەبێ ساڵەکانى سزاکەیان تەواو بکەن و تەنها لەسەدا سى ٣٠% لەسزاکەیان بۆ کەم دەکرێتەوە واتا چەند ساڵێکى کەمیان بۆ کەم دەکرێتەوە، و ئەوانەشى کە هێشتا کەیسەکانیان لە دادگایە ئەگەر لایەنى بەرامبەر لێیان خۆش بێت ئەوا دەستگیرناکرێن، واتا ئەگەر تۆمەتبارێک خۆى نەدابێت بەدەست پۆلیسەوە، ئێستا کەیسەکەى لەسەر ئاسان دەبێت و تەنها دەمێنێتەوە سەر سوڵحى عەشایەرى، بەمەش سوڵحى عەشایەرى ڕۆڵێکى بەرزترى پێ دەدرێت لەئاست یاسادا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە