تكایە زانیاری بە داعش مەدەن..

Monday, 09/03/2015, 12:00

1593 بینراوە






شەڕ بەهەموو مانایەكیەوە لەناو بردنى پیرۆزیەكان و هەموو ئەو شتانەیە كە لەشێنەیی دەتواندرێ لەڕێی دیالۆگ و گفتوگۆوە بەدیبێ و بەشێك لەئامانج و داخوازییەكانى تێدا وەربگرترێ ئەگەر زۆربەى داخوازیەكانیش نەبێت.

كە دەوترێ: جەنگ یان شەڕ، هەموو تەكتیكێك بۆ بردنەوە و سەركەوتن پەنای بۆ دەبردرێ، لەوەشدا كاری سیخوڕی و تابووری پێنجەم و نیشاندانى دیمەنى تۆقێنەرو...هتد.

یەك لەبنەماكانى بردنەوەى جەنگ، سوود وەرگرتنى لەستراتیژی لایەنى بەرامبەر، لەوەش گرنگتر سوود وەرگرتنە لەو پلانەى لەو جەنگەدا بەكاردێ بۆ ئەوەى دژەپلان بخرێتە كارنامەى هێرشی پێچەوانە تا پەردەپۆشی شكستەكانی پێ بكات لەدۆڕانەوە بۆ سەركەوتن و بردنەوە و گرتنەوەى ئەو شوێنانەى چۆڵی كردووە بۆ ئەوەى دووبارە ئازادیان بكات و زیاتریش بخاتە ژێر ڕكێفی خۆی.

ئەمڕۆ ڕاگەیاندن بەتایبەت بینیمان چۆن فەیس بووك بووە هەژموونى ڕاپەڕین و بەهاری عەرەبی زۆرێ لەوڵاتە عەرەبەكان، لەوەشدا ئاڵوگۆڕكردنى زانیاری و خوێندنەوە بۆ تەكنیكى بەرامبەر، زیاتر گۆمى باردۆخەكە دەشڵەقێنێت.

ئەوەى جێی هەڵوێستە لەسەركردنبێت، هەندێ لە تەلەفزیۆنەكان لەچوارچێوەى دەرخستنى عەرزى عەزەلات و بەرزكردنەوەى باڵانسی میدیایی، پەیامنێرەكانى بۆ بەرەكانى پێشەوەى جەنگ دژ بەداعش دەنێرێ كە پێ بەپێی هەنگاوەكانى پێشمەرگە هەموو ئەو پێگە و شوێنانە نیشانى خەڵك بدات، ئەوە دوو ڕەهەندی هەیە:

یەكەم: واخۆیان دەردەخەن ئێمە بەجەرگ و بوێرین دەتوانین وەك دەزگای ڕاگەیاندن بچینە بەرەكانى پێشەوە و وەك پێشمەرگە خۆمان نیشان بدەین تا بۆ خەڵكى بسەلمێنین ئەوە ئێوەش دەتوانن هەنگاو بەهەنگاو سەركەوتنەكانى پێشمەرگە ببینن، ئەوە هەواڵێكى خۆشە تا خەڵك لەنزیكەوە ڕووداوەكان و سەركەوتنەكان ببینن، بەڵام ئەگەر چەند تەلەفزیۆنێك ئەو كارە بكەن ئەوە ئەوانى تریش دەتوانن بەو كارە هەڵبستن بەڵام دڵنیام ئەوان لەهەستیاری پێشكەشكردنى ئەو ڕاپۆرتانە دەگەن و خۆی لێ نادەن نەك نەوێران و نەویستن.

دووەم: ئەگەر دەیانەوێ هەمان شت نیشانى دەرەوە و جیهان بدەن، ئەوەش هەر مایەى خۆشحاڵیە، بەڵام هەرگیز لەدەرەوە زمانى كوردى ومانێكى جیهانى نیە وەك عەرەبی و ئینگلیزى، ئەوە خەیاڵپڵاوە وابزانین جیهان تەماشامان دەكەن.

سێ یەم: ڕەنگە نەیارەكان بەتایبەت داعش لەڕێی كەناڵەكانى خۆیەوە بەدواداچوون بۆ ئەو ڕاپۆرتانە بكات تاوەكو ستراتیژیەتى خۆی لەو شوێنانە بگۆڕێ كە تێیدا شكستى خواردووە، لەوەشدا ئەو ڕاپۆرتانە پێدانى زانیارییە بەشێوەیەكى ناڕاستەوخۆ كە ئەوە پێشمەرگە لەو شوێنەیە، ئەو شوێنەى داگیركردووە و..هتد، ئەوەش مەترسیەكى زەقە بۆ پێدانى زانیاری.

لەوەشدا پێویستە ڕاپۆرتى بەرەكانى جەنگ بەپێی بنەماكانى لەبەرچاوگرتنى یاسا و ڕێساكانى تایبەت بەپاراستنى ئاسایشی نەتەوەى كورت بكرێتەوە و بزاندرێ چۆن ئەو ڕاپۆرتانە نیشان دەدرێن كە دوژمن و داعش نەتوانن بچووكترین سوودی لێ وەربگرن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە