کورد لە هەزارەی سێیەمی دوای زاینیشدا، جارێکی دیکە شەقڵی خۆی لە مێژوی مرۆڤایەتی دەدات؟!

Saturday, 08/11/2014, 12:00

1872 بینراوە






ئاری نەژادو هندۆ ئەوروپییەکان کە بە دامەزرێنەری ژیارە دێرینەکانی دۆڵی دو ئاوان و دۆڵی نیلیش دەدرێنەقەڵەم بە پێچەوانەی سامییە ئامورییەکانەوە هەردەم خاوەنی لێبوردەیی و بەخشین و میهرەبانی و ژیاندۆستی بوون ، کەمتر باوەڕیان بە توندو تیژی و بەکارهێنانی زمانی چەك هەبووە ، ئەم خەسڵەتەشیان ڕیشەیەکی دێرینی هەیە هەر لە مادەکانەوە بیگرە هەتا دێتە سەر هێزە نوێکانی ئێستای سەرگۆڕەپانی کوردستان بەڕوونی دیارە پێیانەوە، میزۆپۆتامیا کە بە پێی هەمو سەرچاوە مێژوییەکان بە بە یەکەمین لانکەی شارستانییەت دادەنرێت لە سەردەستی گەلانی ئاری نەژاددا ئەو شارستانییەتە بەردی بنچینەی بۆ دانراوە ، بۆ وێنە وەرچەرخانی یەکەم لە ژیانی مرۆڤدا کە دواتر وەكو شۆڕشیش ناسراو لە سایەیدا مرۆڤایەتی قەڵەمبازێکی گەورەی هاویشت ڕووەو پێشکەوتن و باش بونی ستایڵی ژیان لە سەردەستی گەلە ئارییەکانی میزۆپۆتامیاوە هاتۆتە ئەفراندن کە قۆناغی کڵان دەرباز دەکەن و پێ دەخەنە قۆناغێکی نوێوە کە بە قۆناغی نیولیتیك دێتە ناساندن کە لەم قۆناغەدا مرۆڤ بناغەی ژیاری گەردونی دادەنێت بە دۆزینەوەی کشتوکاڵ ، کشتوکاڵ دەبێتە هۆی هاتنە کایەی زیادەی بەرهەم و دروستبونی ئاڵوگۆڕی سەربەسەرو دواتر دروستکردنی پێناوی ئاڵۆگۆڕ (دراو) و دواتر دروست بونی کاردابەشکردنی کۆمەڵایەتی و دروست بونی پسپۆڕی و دروست بونی توێژ و چینە کۆمەڵایەتییە جۆربەجۆرەکان و دواجار ڕێکخستنی ئەم توێژو چینانە و پاراستنی مافە ئابوری و کۆمەڵایەتی و ڕامیارییەکانیان بە پێی سیستمێکی نیمچە دیمۆکراسی هەر لە پێش زاین و لە دەسپێکی بەرەبەیانی مێژودا.

هەمو ئەم دەستکەوت و سەروەرییانە دە گەڕێتەوە بۆ باپیرانی گەلی کوردمان کە دواتر لەسەر ستراکچەریان قۆناغ بە قۆناغ ئەم ژیارەی مرۆڤایەتی سەردەمی ئەمڕۆمان ئاوا کرا ، هەر بۆیە دەبینیت گەلەکەمان چونکە خاوەنی پاشخانێکی ئاشتیخوازی و بەرگری لەخۆکردن و نەبەردییە ، وێرای تێپەڕاندنی ماوەی٢٥٦٤ ساڵ لە بێ قەوارەیی و کارگێڕی خۆسەری، کەچی توانیوێتی مۆرکە ڕەسەن ماکە ئاشتیخوازی و جوامێرپەروەرییەکەی خۆی و کەڵچەرو کەلەپورە زەنگینەکەی و زمان و مۆڕاڵە باڵاکانی بە باشی بپارێزێ بە بێ بونی دامەزراوەیەکی سیاسی ، سەربازی، نیشتیمانی، بە هێزیش! ئەمەش گەواهی ڕەسەنایەتی و بە هێزی کەلەپورو نەریتە بەرزو جوانەکانی گەلەکەمانە کە بە ئەفرێنەری یەکەمین خشتی بناغەی ژیاری مرۆڤایەتی دادەنرێت.

هەر بۆیەشە دەبینین لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا هەروەك ڕابردو نەوە نوێکانی ئاری ڕۆڵە بە جەرگەکانی (نوزی و ئارابخاو واشکۆنی) نوێ ، وێڕای ستەم و زوڵمێکی لە ڕادەبەدەر کە بەرامبەریان ئەنجام دەدرێت لە لایەن هێزگەلی سامی بارگاوی بە بیری توند ئاژۆیی ئاینی و نەتەوەیی بە پاڵپشتی کردنی هێزگەلی هەرێمی گەورەشەوە بەڵام توانیویانە نەبەردانەو کاردۆخی ئاساییانە خۆیان لە بەرامبەریاندا ڕابگرن و دەرسێکی وەهایان پێ دابدەن کە جارێکی دیکە زوقرەی ئەوە نەکەن تخوبی سەروەرییە نیشتیمانی و نەتەوەییەکانی کورد ببەزێنن.

ئەم نەبەردییانەی ئەم دوایەی برایانمان لە ڕۆژئاوای نیشتیماندا دەرخەری ئەو ڕاستینەیە بو کە گەلەکەمان وێڕای نەبونی ڕێکخستنێکی ڕوخساری، سەردەمی، سەربازی و نەتەوەیی، بەڵام خاوەنی ڕێکخستنێکی ناوکۆیی و ناوەکی هێند بە هێزە، کە سنورە دوژمنکردە بە مین و تەل چنراوەکانی سیستمی دەوڵەت نەتەوە ناناسێت و هیچ کاتێکیش ئەو سنورانە ناتوانن پێش بە ویست و هەڵوێستە نەتەوەییەکانی بگرن .

هەر بۆیە ناردنی هێزی پاڵپشتی پێشمەرگەی باشوری کوردستان بۆ ڕۆژ ئاوا جارێکی کە ئەو زەنگە مەترسی دارەی دایەوە بە گوێی داگیر کەرانی کوردستاندا کە گەلێکی ڕەسەنی خاوەن ژیارو مێژو خاك، هیچ کاتێك پاوانەکانی سیستمی دەوڵەت نەتەوەو سیاسەتی ئاسیمیلاسۆنی نەگریس و ڕامیاری پەرتکەو زاڵبەی پێگیری لێکراوی فاشییەکان ،ناتوانن چۆکی پێ دابدەن و هەردەم و هەردەم هەر بە زیندویی و نەبەزی و خۆڕاگرتویی دەمێننەوە.

بۆیە پێمانوایە چارەکی یەکەمی سەدەی بیست و یەك و دەسپێکی هەزارەی سێیەمی دوای زاین وەك هەزارەی نۆیەمی پێش زاین بۆ گەلەکەمان پڕ دەستکەوت دەبێت ، ئەگەر لە هەزارەی نۆیەمی بەر لە زایندا باپیرانمان لە چەرمو ژیاری نیولیتیك و شۆڕشی کشتوکاڵیان هێنابێتە بون ، ئەوا لە هەزاری سێیەمی دوای زایندا لە کۆبانی شۆڕشی ژن و شۆڕشی بەرگری لە کەمە نەتەوە و کەمایەتییە ئاینییەکانی میسۆپۆتۆمیا دەبێتە ڕومەتێکی تری گەلەکەمان و دەستکەوتێکی دیکەی دیرۆکی بۆ گەلێك کە هەمو قۆناغێکی مێژوی جیهان بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی ناوین بە تایبەتتر شەقڵی جوامێرێکی ئەم گەلەی پێوە دیارەو بە ڕوونیش ئەو شەقڵە دەدرەوشێتەوە.

بابان بریزی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە