سلێمانی ئازاد دەبێتەوە بەرپرسەکانیش چاڵێک هەڵبکەنن خۆتانی تێبکەن

Sunday, 08/05/2011, 12:00

1671 بینراوە






ماوەیەکە هێزێکی زۆر ڕژێنراوەتە سلێمانی،دەردی ئەو ژنەی کە لە تەلەفزیۆن ووتی کە ئەڕۆیت قاچت لە پۆلیس هەڵدەکەوێت،سلێمانی داگیرکرا بەزەبری ئەو هێزە زۆرە،خەڵک ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر سەرکوت دەکریت،ڕاگەیاندنەکانی یەکێتی و پارتیش دەڵێن ئارامی گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی،ئەگەر ئارامی گەڕاوەتەوە ئەی بۆ ئەو هێزە ناکێشێننەوە بزانن ئارامییەکە هەر بەردەوام دەبێت؟
دەکرا سەرکردەکانی باشور لە ڕابردوودا دەورێکی باشتریان بگێڕایە،دەکرا بەرپرسەکان هەستیان بە بەرپرسیارێتی سەرشانیان بکردایە دڵسۆزانە خزمەتی گەلەکەی خۆیان بکردایە،دەکرا یەکێتی و پارتی دوای ڕاپەڕینەکە شەڕی ناوخۆیان هەڵنەگیرساندایە، دەکرا تورکیاو ئێران و حزبی بەعسییان نەهێنایەتە باشور کاتی شەڕی ناوخۆ،دەکرا لە ڕێگەی یەکێتی و پارتییەوە دوژمنەکانی کورد زەختیان لە کوردەکانی پارچەکانی تری کوردستان نەکردایە،دەکرا خۆفرۆش و خۆ بەبچوک زان نەبوونایە،دەکرا خەڵکیان نەچەوساندایەتەوە خەڵکیان برسی و هەژارنەکردایە،سەروەت و سامانی میللەتییان نەدزیایە،منداڵەکانیان پۆزییان بەسەر منداڵی هەژاردا لێ نەدایە،دەکرا دەست درێژیان نەکردایەتە سەر ژن و تەماحیان لە هاوسەری خەڵکی تر نەکردایە،دەکرا یەکی سەر و دوو هاوسەر و سێ هاوسەریان نەبوایە،ئەگەر چی هەر کەس ئازادە چەند هاوسەری دەبێت بەڵام نەک بە پلەو پایەو بە پارەی میللەت ژن ئیستیغلال بکەیت،دەکرا مافی ژنان و منداڵان و ژن و پیاوە بەتەمەنەکان و کەم ئەندامان پارێزراو بووایە،دەکرایە کوردستان جوانترو قەشەنگ تر بووایە،دەکرا کوردانی پارچەکانی تری کوردستان دڵیان بە کوردستانی باشور خۆشبوایەو چاویان لێ بووایە کە ئێستا لەم کاتەدا هاوکاری ئەوان بکەن دژی دووژمنەکانی کورد لە سێ پارچەکەی تر،نەک خەڵکی باشوریش هێندەی پارچەکانی تری کوردستان تامەزرۆی ڕووخانی ئەو حکومەتە کوردییە بن وەکو یەکێتی پارتی ناویان لێناوە.
ئێوە خۆتان بە مرۆڤ دەزانن بەرپرسەکانی باشور،بەڵام من لە خەڵک دەپرسم ئایا ئەوان مرۆڤن؟ئەگەر ئێوە مرۆڤن بۆ عەقڵتان نییە؟ئەگەر ئێوە مرۆڤن بۆ بیر ناکەنەوە؟ئەگەر ئێوە مرۆڤن بۆ چاکەو خراپە لەیەک جیاناکەنەوە؟ئەگەر ئێوە مرۆڤن بۆ دەستان دەچێتە خوێنی مرۆڤەوە؟ئەگەر ئێوە مرۆڤن بۆ بە ئازاردانی مرۆڤ خۆشحاڵ دەبن؟
ئێمەی کورد نازانین یادی چەند شەهید بکەینەوە یادی شەهیدانی ڕۆژهەڵاتمان بکەینەوە یاخود یادی شەهیدانی باکور و ڕۆژئاوا،بەداخەوە کە دەبێت یادی ئەو شەهیدانەش بکەینەوە کە بەدەستی کورد لە سەر نوسین لەسەر داواکردنی مافەکانیان شەهید کران.ئێوەی بەرپرس دەبوو کوردتان بپەرستایە نەک بەخوێنی سەریان توونی بوونایە،ئێمە بەرگەی چەند کوشتن و کوشتاری بگرین هی سێ دەوڵەتی داگیرکار یاخود هی حکومەتێکیش کە کورد خۆی بەڕێوەی دەبات.
ئەوەی ئەمڕۆ بەسەرتان دەێت ئەی بەرپرسان خۆتان لێی بەرپرسن،تاوانی گەل نییە کە ئێوەی ناوێت،بەهۆی ئەو هەموو هەڵانەیە کە کردووتانە لە ڕابردوودا و کە دەکرا نەیکەن،پارە ئەوەی نەدەهێنا خۆتانی بۆ سوک بکەن و لە بەرچاوی گەل و هەموو دنیا خۆتان ناشرین بکەن.هێندە ماوە کە بڵێم ئەمڕۆ یان سبەی سلێمانی ئازاد دەکرێت ئێوە ناتوانن هەتا سەر سلێمانی بکەن بە مەعەسکەر و تازە ئەو چاکسازییەش کە باسی دەکەن ئێوە پێتان ناکرێت کات نەماوە زۆر درەنگە،مەگەر چاڵێک هەڵبکەنن و خۆتانی تێبکەن باشترین چارەسەرە خۆتان و گەلیش ڕزگاریان دەبێت.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە