هەژارنی كوردستانیش هەڵوێستی خۆیان دەبێت

Wednesday, 19/10/2011, 12:00

1558 بینراوە






بەم بەناو سیستمە حوكمڕانیەی كوردستان و زەقبونەوە جیاوازیە كەورەكانی نێوان پێكهاتە هەمەجۆرەكانی كۆمەڵگە و تەسكبونەوەی مەودای چینی ناوەراست و زیاتر دەڵەمەندبونی ژمارەیەكی زۆر كەمی ئەم گەلە لە سەر حیسابی ئەوانیتر و فرانبونی ڕێژەیەكی زۆر لە هەژار و كەمدەرامەتان، بە تایبەتی لە وەزعێكدا بین كە بودجەی هەرێم بەم ژمارە دانیشتوانەوە سێقاتی هەندێك وڵاتی ناوچەكەش بێت نەك دەوڵەتە هەژارەكانی ئەفریقا، بێگومان ئەمە بەڵگەی راست و بەرچاوی بێپلانی و هەڵەشەیی و نەبونی بەرنامەی ئیداری و ئابووریی ئەم هەرێمە دەگەیەنێت . بەتایبەتی لە شوێنێكی وەك هەرێمی كوردستان، جیا لە بەشەكانی تری عیراق، ئاشتی و ئارامی تا ڕادیەكی باش بەرقەرارە، سەرەرای ئەو بەرنامانەی كەلە كاتی هەڵمەتی پروپاگەندەی هەڵبژاردنەكاندا خرایە بەردەستی دەنگدەران وەعدی جێبەجێكردنی درا، بەڵام ناتەواویەكە لە نەبونی سیتمی بنرەتی حوكمداریە نەك بەرنامەی هەڵبژاردن و هەوڵی بەدەستهێنانی دەنگ . ئەوەی جێی نیگەرانیە هەمیشە بیری خەڵك بەرەو ئەوە رادەكێشن كە بەرپرسی یەكەم و گۆڕینی ئەو چارەسەری قەیرانەكان دەكات وەك ئەوەی سیستیمێكی پێرفێكت لەئارادابێت وخەڵكی بە ئەزمونتر دوور لە بەرژەوەندیە كەسی و حزبیەكان، هەرێمی كوردستان بەریببەن،لە عەقڵیەتی دەشترۆیشتوان وایە كە كێشەكە تەنها لە شێوەی جێبەجێكردندایەو خەتاكەش لەو كەسەیە و گوایە كارەكانی بەجوانی رایی نەكردبێت، یان سەرنجی خەڵك بۆ ئەوە رادەكیشن كە بە جێگۆركێی ئەم یان ئەو پلە ئیداری یان حزبیانە خەڵك لەو بێ عەدالەتیە قوتار دەبێت! بەو شێوەیە بۆ ماوەیەك خەڵك بەو هەڵایە مەشغول دەكەن، كە بەتایبەتی جەوهەر و كاكڵەی قەیرانە سیاسی و ئابووریەكان خۆی لەو بۆچونانەدا نابینێتەوە بەقەد خودی بەرێوەبردنی وڵات و نەبونی سیستمێكی گونجاو و دوورەدەستی پلانێكی زانستیی پێویست، كە شەرمە تا رۆژگاری ئەمرۆشمان كوردستان لێی بێبەش بێت .
گرفتەكان لەبەرچاون، ئەوەی نابینرێت عەقڵیەتی دابینكردن و فەراهەمكردنی پێداویستیە زەروریەكانی خەڵك و حیساب نەكردنە بۆ ئەگەری قەیرانێكی نەخوازراو لە هەر كاتێكدا زەمینەخۆشبیت دێتە پێشەوە . تا ئێستا، لەسەرجەم بوارەكانی ئابووری ئەم هەرێمەدا تەنانەت بەڕێژەیەكی بچوكیشی هەستپێكراو بێت خودئیكتفایەك نابینرێت و، ئەو پرۆژە زەبەلاحانەی كە باس دەكرێن تەنها لە بواری بەكاربردندان، ئەگینا لە حاڵەتی نەمانی ئەو بودجەیەی كە وا پشتی پێبەستراوە وكراوەتە ئوكسجینی ژیانی خەڵك، توانای چەند مانگێكی خودژیاندن ناگرین. ئەم بارودۆخە ئەگەر لە گەڵ زەمانی دوو ئابڵوقەی ئابووری جیهانی و عیراقیش لەسەر كوردستاندا بەراورد بكرێت، بۆمان روون دەبێتەوە كە تا ئەمرۆ ئێمە چەند پشتمان تەنها بەقەدەر بەستووە و، تەنانەت لە زۆر رووەوە پاشەكشەشمان كردووە، بەتایبەتی لە بواری كشتوكاڵیدا . رێژەی پرۆژە بەرهەمهێنە ستراتیژیەكان كە لەگەڵ واقیع و بارودۆخی ئابووری و حەیاتی ئەم هەرێمەدا هاوتەریب بێت بە هیچ شێوەیەك لە ئارادانیەو تەنانەت لە ئاسۆشدا نابینرێت . لە رووی پیشەسازیەوە، ئەو فابریقە بچوكە كۆنانەش كە تائێستا ماون داهاتی بەرهەمەكانیان بەشی نیوەی پێویستیی خەرجیەكانیان ناكات .
ئەو باڵاخانانەی كە رۆژانە بەرزدەبنەوە، كە بێشك لەسەر حیسابی ئارەقەو ماندوبون و مافی هەژارانی كوردستانە و ، رۆژ نیە حەقی ئەوان لەو رێكانەوە هەڵنەلوشرێت و نەچێتە گیرفانی سەرمایەدارە تازە و كۆنەكان و سیاسەتمەدارە سەرمایەدارەكانەوە لە پێناو كۆمەڵێك بەرژەوەندی تەسكدایە، هەر ئەم بەرژەوەندیانەش وای لەو چینە بێچارە كردووە كە زیاتر بەرەو هەژاری بڕۆن و، بێكاریی دەمامكدار و هەژمونی دەوڵەمەند و دەسترۆیشتوان و رۆیشتنی پارەوپول و بودجە لە جێگەی هەڵەدا خۆی ببینێتەوە ولە جێگەیەكدا نوقم ببێت كە زۆر دوورە لە ئەولەویاتی زۆرینەی خەڵكی كوردستان و، تادێت هەژاری زیاتر دەكات و ئەو ژمارە كەمەی دەوڵەمەندانیش دەوڵەمەندتر دكات .
ئەگەر لە وڵاتێكی وەك ئەمریكا لە هەفتەیەكدا نارەزایی بگاتە زیاتر لە حەڤدە شار و ولایەت و نارەزاییەتیەكان دژ بە ناعەدالەتی كۆمەڵایەتی و زاڵبونی كۆمپانیا گەورەكان بن كە لەو سیستمە فەرمانرەوایە سەرمایەدارییەدا سەرجەم گۆشەكانی ژیانی خەڵك و سیاسەتیشیان بەدەستەوەیە، خەڵك رووبەروی ۆڵ ستریت بوونەتەوە، ئەگەریش لە چەند جێگەیەك نارەزایەتیەكان تێكڵبووبن بە رەوتی دژەشەرەكان و خاوەن ئامانجە سیاسیەكان و، لادانێكی بەمەبەستی تێدا بەدیبكرێت ؟ بەڵام بە هۆی زۆریی ژمارەی هەژاران و یەكانگیربونیان لەسەر داواكاریە ئابورییەكان تا رادەیەك وا دەبینین نیمچە راپەرینێك خۆی سەپاندووە و هەژارن بە خۆیان سەرمەشقی ئەو نارەزایەتیە دەكەن . لەو نێوەندەدا لەلایەن چەندین بیریار و تەنانەت لە ناو دەوڵەمەندە بە زەمیر و وژدانەكانیش پشتیوانی دەكرێن و قسەو باسی خۆیان دەكەن و هەڵوێست خۆیان دەردەبرن . چۆمسكی دەڵێت؛ بەڵێ بۆ نارەزایەتی لە پێناو گۆڕینی ئالیەتی بەرێوەبردنی وڵات . یەكێك لە دەوڵمەندەكان بە ناوی جۆرج سوروس دەڵێت؛ بەڵێ بۆ چارەسەركردنی هۆكارە راستەقینە و بنەرەتیەكانی قەیرانەكان . ئەویش باش دەزانێت كە تەنها چارەسەر پاڵپشتی نەكردنی كۆمپانیا زەبەلاحەكانی ۆڵ ستریت و كەمكردنەوەی مەعاشە زۆرو زەبەندەكانی بەرێوەبەری بانق و كۆمپانیاكان نیە وەك باس دەكرێت و، قەیرانەكە لە ناوەخن و كاكڵەی سیستمەكە و گردبونەوەی رێژەی پارەوپول و سەرمایەیە كە بەدەست ئەو كۆمپانیا و باقانەوە چەقی بەستووە .
ئەگەر لە ئەمریكا خەڵك چاوی لە ۆڵ ستریت بێت ئەوا لە كوردستان چاویان لە دەستی دەسەڵاتە و ئەو بە هۆكار و سەرچاوەی ئەو ناعەدالەتیە دەبینن ، هەرواش بۆچونیان راستە، لەبەر ئەوەی ئێستا ۆڵ ستریتەكەی كۆردستان دامودەزگا رەسمیەكان و حزبەكانی دەسەڵاتن لەم هەرێمە بێ سیستمەدا .
بۆیە ئەگەری سەرهەڵدانی راپەرین وتەنانەت شۆرشی هەژاران لە هەر قۆناغێكدا كە ئەم هەرێمە رووبەرووی قەیرانێكی مالیی بچوك بێتەوە بەردەوام لە ئارادایە و، داواكاریەكان هەمیشە گشتی و سەرتاسەریی دەبن و داخوازی ناوچەیی تێدەپەرێنن .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە