بەیاننامەیەك لە ڕێكخراوی ڕا بۆ پرسە نەتەوەییەكان لە بارەی ساڵڕۆژیی دامەزراندنی كۆماری كوردستان لە (مەهاباد)ـەوە.

Saturday, 23/01/2010, 12:00

1346 بینراوە


لە (65)ـەمین ساڵڕۆژى دووی ڕێبەندان و دامەزرانی كۆماری كوردستان لە مەهاباد بە سەرۆكایەتی پێشەوا قازیی محەمەد، پیرۆزبایی لە تەواوى خەڵكى لە سەرانسەرى كوردستان دەكەین.
بێگومان یەكێك لە گرنگترین ڕووداوەكان لە مێژووی گەلی كورد، دامەزراندنی كۆماری كوردستان بوو لە مەهاباد كە توانى لەو ماوەیەى تەمەنیدا ببێتە نموونەیەكى بەزری خۆ بەرێوەبردن و سیمبۆلێك بۆ شانازییەكانی تاكى كورد بە مێژووەكەی.
كۆمارى كوردستان ئەگەرچی تەمەنێكى كورتى هەبوو، بەڵام بە هەنگاوە خێراكانى خۆبونیاتنان، بوو بە داینەمۆ و وزەى هەر هزرێكى نەتەوەیی ئێستا و داهاتووى كورد.
بەم بۆنە مەزنەوە ئێمە لە ڕێكخراوى ڕا بۆ پرسە نەتەوەییەكان وێڕاى داواكاریی هەمەیشەییمان بۆ یەكگرتن و خورتكردنى برایەتیی نێوان لایەنەكانى سەرانسەرى كوردستان، هەروەها داوا لە هێز و لایەنە سیاسییەكانى ڕۆژهەڵاتى كوردستانیش دەكەین لە یادێكى ئاوا شكۆداردا برەو بە ڕەوتى یەكگرتن و یەكبوون بدەن و ڕێگە بە دوژمن نەدەن درز بخاتە نێو ئەو یەكگرتووییەى كە هەمیشە وزەى شۆڕش و ڕاپەڕینەكانى نەتەوەكەمان بووە.
هاوكات داوا لە پەرلەمان و حكوومەتى هەرێمى كوردستانیش دەكەین دووى ڕێبەندانى هەموو ساڵێك بكات بە پشووى فەرمیی لە دامودەزگا میرییەكاندا.

بەرزو شكۆداربێت یادی كۆماری كوردستان
نەمری و ڕۆحشادی بۆ پێشەوا قازیی نەمر
بژی كورد بژی كوردستان
ڕێكخراوی ڕا بۆ پرسە نەتەوەییەكان
هەولێر ـ باشووری كوردستان
3ـی ڕێبەندانی 2709 كوردی
بۆ زانیارى زیاتر پەیوەندى بكەن بە 07501093375

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە