گەنجی كورد لە نێوان جامانە و جیینز Jeans دا

Sunday, 01/04/2012, 12:00

1590 بینراوە






ئەوەی زیاتر لەم ماوەیەدا بە جدی سەرنجی راكێشام و لە ئاستیدا رۆچوومە بیركردنەوەیەكی قووڵەوە،لەم وەرزی سەیران و جەژنەدا،دیمەن و ستایلی جلوبەرگی گەنجێكی روح سوكی گەنم رەنگی روخۆش بوو، لە پۆشینی جامانەیەكی سوری گەرمیانەبەستی قنج و قیت لەگەڵ ستارخانیەكی مۆدیل نوێ و، بە پشتوێنێكی رەنگاوڕەنگ لەسەرەوە و، پانتۆڵیكی جیینزی ئەمریكی بە كڵاشێكی هەورامی گرانبەها لە خوارەوە،وا بە جوانی خۆی رازاندبووەوە ،كەبووە مایەی تێڕامانی زۆرێك لە سەیرانكەران . ئەوەی راستی بێت نازانم ئەم جۆرە پۆشینەی لە چیەوە سەرچاوەی گرتبوو،ئەم گەنجە دڵخۆشە بە چ شێوەیەك بیری كردبێتەوە ،كە پرسیاریشم لێكرد، بە پێكەنینەوە ئەوەی چاوەرێم كرد وەڵامی دامەوە و ؛وتی ژیانی كوردستانم لە خۆمدا كۆكردۆتەوە . بەڵام بە فیعلی ئەم پێكهاتەپۆشینە سەیروسەمەرەیەی ئەگەر بە بێئاگاییش كردبێتی رەنگدانەوەی واقعی كۆمەڵایەتی رۆشنبیری ئابووری تەنانەت سیاسیی ئەمرۆی كوردستانمان بۆ دەردەخات و، بە خۆی بزانێت یان نا ، زۆر بەجوانی ناوەخن و شێوازی قۆناغەكەی بە دەربڕینێكی سریالیانە بۆ وێناكردوین .
ئەوەی ئێستا دەیبینین، بە فراونی ، ناكۆكیەكی لەرادەبەدەر لە نێوان هۆشیاری و ئاستی رۆشنبیری خەڵك و ئەو پێشكەوتنە هەمەچەشنەی سەرجەم بوارەكان، كە بە خێرایی دەگاتە هەموو گۆشەیەكی جیهان بێ ئەوەی هەڵقوڵاوی مێژوو و واقع و دابونەریت و تایبەتمەندیەكانی زۆرێك لەو ناوچانە بێت كە لە چاوتروكانێكدا خەڵك بە شێوەیەكی رواڵەتی پێی ئاشنا دەبێت، بۆمان دەردەخات . لەم نێوەندەشدا دەتوانین سروشتی مرۆڤی كوردی زادەی سیفەتە كەڵەكەبووەكانی چاخەكۆنەكان و كاریگەریەكانی سەردەمی جیهانگیریش بخوێنینەوە ،ئەم بەیەكداچوونە ژیانی خەڵكی وادارشتووە كە پەسەندكردن یان كارپێكردنی پێشكەوتن و پەرەسەندنەكانی قۆناغەكانی ژیان بەم جۆرەی لێبكەوێتەوە، بە ئاشكرا، فەوزا و تێكهەڵپرژانێكی پێوەدیاربێت بە روونی و ئاسانی لە هەموو جێگایەكدا،نەتوانیرَت سیفەتەكانی سەردەم بخوێنیرَتەوە و قازانج و زیانی لێك جیابكرێتەوە .
لەلایەك پابەندبوون بە ئاكار و دابونەریت و پەیوەست بوون بە سەرئەنجامی هاوكێشەكان و زادەی فكر و رەفتار و دەرهاویشتە كەڵەكەبووەكانی قۆناغە دوورودرێژەكانی مێژووی كورد و ناوچەكە و، لەلایەكی ترەوە خۆژیاندن و تێكەڵاوبون لەگەڵ خۆفەرزكردنی بەرهەمەكانی تازەگەری و مۆدێرنە،ئەمەش وای لێهاتووە گۆڕانەكە تەنها لە سەرەوە بێت، بێ ئەوەی پایەكانی دیاریكراوبێت و لە هەموو گۆشەكانیەوە بنیاتنرابێت . ژیانی گەلی كوردستان و ناوچەكە لە نێوان پیرۆزی هەندێك بیروبۆچون و سروت و بەها میتافیزیكیەكان و پێداویستیە مادی و مەعنەویە دونیاییەكانی ئەمرۆدا خول دەخواتەوە.دۆش دامانی خەڵك لە نێوان سیستمی سیاسی چەقبەستووی عەقڵیەت و بیركردنەوە و رەفتاری بەسەرچوو و سیستمی مەعریفی ناكامڵ و نەبونی كاری دامودەزگەیی سەردەمانە و تێكەڵاو كردنی كاروباری كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووریی وابەستەی ناوەند و كەسایەتیە دەسترۆیشتووكان و، بریارە چارەنوسسازە سەرپێیە زرەربەخشەكان، سەرلێشێواویی لێكەوتۆتەوە. ئەگەر كتومت واقعی ئێستای كوردستان و ئەو فەزایەی تێیداین وەك ستایلی ئەو گەنجە بشوبهێنین و بەراوردێكی وردی بكەین، بێگومان ئەگەر ئەو رەفتارە بە بۆچونێكی راگوزەر و خۆرسكیش بێت، راستیە حاشاهەڵنەگرەكەمان بۆ دەردەخات . هەست كردن بە نەگونجاندن لە نێوان پێكهاتە هەمەچەشنەكانی ئەم قۆناغە لە هەموو لایەكیەوە، مایەی سەرنج و تێڕامانی توێژەران و لێكۆڵیارانە .
ترسی جۆراوجۆر لە ژیانی خەڵك سەری هەڵداوە و دوارۆژیش دیار نیە بە چ شێوەیەك خۆی دەنوێنێت، خەمخۆران بە هیوان ئەم بارودۆخە سیاسیەی كوردستان بكەوێتە سەر سكەی تایبەتی خۆی و تای تەرازووەكەش بەلایەكدا بكەوێتەوە كە لەقازانجی كۆمەڵانی خەڵك بێت ، ئاواتەخوازن هەماهەنگی و گونجان خۆی بەسەر ژیان و گوزەران و خەڵك و سیستمی سیاسیدا بسەپێنێت، بەڵام زۆرینە رەشبینن.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە