حزبێك هیچ كاریگەریی سیاسی نەبێت چی بكات باشە ؟

Thursday, 01/05/2014, 12:00

1378 بینراوە






كۆمەڵێك رێكخراو هەن لە كوردستاندا كە بە خۆیان دەڵێن حزب، بەڵام بەداخەوە هیج بنەما و سیفەت و تایبەتمەندیەكی حزبیان تێدا نیە یان راستتر بڵێین نەماوە، ئەوانەی كە پێكهاتبن لە كۆمەڵێك مشەخۆر و كۆمپانیایەك، هەرچی دەستیان بكەوێت بە سازش كردن لەسەر حسابی خەڵك، برابەشی بكەن لەنێو خۆیاندا و هەمیشە چاوەرێی دەستی دەسەڵات و ئەم و ئەو بن، چیان لێ سەوز دەبێت . تۆیەك بە خۆت دەڵێیت حزب كە هیچ زەمینەیەكت نەبێت بۆ گەشەكردن و بون بە ژمارەیەكی كاریگەر تەنانەت لەتەنیا گۆشەیەكی دیاریكراوی ئەم كوردستانەشدا بێت، تۆیەك بون و نەبونت وەك یەك بێت و هیچ لەمەسەلە و هاوكێشەكان نەگۆریت ، بەڵكو نەمانت قورسایی لەسەر خەڵك و قوتی هاوڵاتیان كەم بكاتەوە و، بە نەمانت تا رادەیەك لایەنە زلهێزەكان ئامرازێكی ململانێیان كەمتر بێتەوە و ناخ و كار و ئامانجیان روونتر بێتەوە و، خەڵكیش بەردەم خۆی ببینێت و چاك و خراپ لەیەكتر جیابكاتەوە و، هەڵوێست لەمەر كار و كردەوەكانیان ورەبگرێت و رەخنەیان لێ بگرێت ، بە نەمانت هەلی سازشی هیچ زلهێزێك تا رادەیەك نەمێنێت لە ئاستی نێوخۆدا بۆ لاف و گەزاف لێدانی بونی فرەیی و دیموكراسیەت ، بە نەمانت هیچ لایەنێك نەتوانێت بەكارت بێنێت بۆ یەكلایی كردنەوەی هەندێك مەسەلەی گرنگی تایبەت بە چارەنوسی خەڵك لە دارشتن و بەرێكردنی دەسەڵات و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتیەكان . بە نەمانت داردەستیی سیاسی خەڵكی قۆرخكار كەم بكرێتەوە ، ئەمە قازانج نیە لە بەرێوەبردنی وڵاتدا.
بێگومان حزبی گەورەش ئەگەر زەرورەتی مێژوویی تەزكیەی نەكرد، ئەویش وەك تۆی لێدێت و دەبێت بە رێگاكانی دیموكراسی وەك تۆ نەمێنێت ، واقیع و بەرژەوەندیە گشتیەكان و گونجاوی هەرحزبێك لەگەڵ قۆناغەكەیدا، ئەو حزبە بە چوست و چالاك و كاریگەر و بەرهەمهێن دەهێڵێتەوە .
بۆیە؛ لەم قۆناغە نوێیەی كوردستانی پاش هەلبژاردنی پەرلەمان و چربونەوە و گردبونەوەی جەماوەر لەدەوری ژمارەیەكی دیاریكراو لە حزبەكان، پێویستە حزبە بچوكەكان مشوری خۆیان بخۆن و دوارۆژی خۆیان دیاریبكەن و رێگایەكی راستی دڵسۆزانە بگرنەبەر . دەكرێت بە كۆمەڵێك حزب كە لەیەكەوە نزیكن و هیچ جیاوازیەكی فكری سیاسی ئایدیۆلۆجیان تێدا بەناكرێ لە رێكخراوێكدا كۆببنەوە و رێز لە مێژووی خۆیان و خەڵكیش بگرن و ببنە ژمارەیەك لە كوردستاندا، یان ئەگەر بە هۆی بەرژەوەندی شەخسیەوە ئەوەیان پێنەكرێت، با هەر یەكەو بچێتە ناو حزبێكی نزیكی خۆیەوە و درێژە بەخەبات بدات، یان هیچ نەبێت تا ئەم بارودۆخە دەگوزەرێت بۆ ماوەیەك خۆی سڕ بكات، ئەگەر جورئەتیشی هەبوو خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و هەر كادرێكیان بە پێی قەناعەتی خۆی لە نێو ئەو حزبەی بەنزیكی خۆی دەزانێت درێژە بەخەبات بدات، یان سەربەخۆ بێت و را و هەڵوێستی سیاسی خۆی لە سەرجەم روداو و بەسەرهاتەكاندا هەبێت و لە پسپۆری خۆی بەردەوام بێت ، بەمەیان ئەركێكی مێژووی جێبەجێ دەكەن، ئەگینا ئەم حزبۆكانە بە بەردەوامی، رەزیلانە و بە ملكەچ كردن و وەلا ْ تازەكردنەوە بۆ ئەویتری ئەرباب، تا دێت مێژووی خۆیان زیاتر لەكەدار دەكەن .
دوا هەل لەبەردەمیاندا ئەوەیە، با ئەو حزبانە چاوەرێی ئەم هەڵبژاردنەش بكەن كە رەش و سپی بە روونتر و زیاتریان بۆ دەركەوێت و، ئەوساكە بریاری بوێرانەی خۆیان بدەن و، لەوێشدا،بە راست و دروستی، دەرئەنجامەكەی هەرچۆنێك بێت ،خەڵكیش چەپڵەیان بۆ لێدەدات .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە