كێ لە قەیرانەكانى كوردستان بەرپرسە...

Tuesday, 21/01/2014, 12:00

1411 بینراوە







ئەوەى لەكوردستان دەگوزەرێ قەیرانێكى ئەوەندە قووڵە بووەتە تەنگژەیەكى ئەوتۆ خەڵك بە ڕەشبینیەوە دەڕواننە ژیان و دڵیان بەو ئازادیە خۆش نییە كە ئەمڕۆ لەهەرێمەكەمان بەرقەرارە، فاكتەرەكانیش ئەوەندە زۆرن مەردوم نازانێ لا لەكامیان بكاتەوە و ئاماژە بە چی بدات.

پرۆسەى ئازادى ئێراق بووە وەرچەرخانێ تا گەلانى ئەم وڵاتە خێر لەخۆ نەدیوە هەناسەی ئازادی و سەربەستى و بوونیەتى خۆی هەڵمژێ كەچی ڕووداو لەدوای ڕووداو، قەیران لەدوای قەیران بەرۆكى ئەو شادیە دەگرێ كە ئەمڕۆ لەسایەى دیموكراسی و بنەاكانى مافی مرۆڤ بارودۆخەكە ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو نائومێدى و بێ هیوایی هەنگاو دەنێ.

ساڵ نیە كێشەى بودجە نەبێتە وێردى سەر زوبان، بەغدا لەئاشێك و هەرێمى كوردستان لەئاشێك لێ دەكات، لێدوانى وەها دژ بەیەك دەدرێ وەك ئەوەى نە هەرێمى كوردستان سەر بەناوەندبێ و نە ئەوانیش ئاگاداری هەرێمێكبن بەناوى كوردستان، ناحاڵی بوون و تێ نەگەیشتنەكان تا دێ پەرە دەستێنێ، لەسەروویانەوە كێشەى نەوت و غاز و پێشمەرگە لەسسەرووی لیستەكانى ئەو كێشانەن هەر ڕۆژەى گوێبیستى شتێكى تازە دەبین و تا ئێستا دووری بەغدا و هەرێم وەكو دووری زەوی و مەریخە نەتوانن یەكترببینن و لەسەر مێزى گفتوگۆكان خڕ ببنەوە، هەڵبەتە نیەتپاكى بۆ چارەسەری قەیرانەكان دركى پێ ناكرێ، ئەگەر دەمى بەپرسانى بەغدا دەكەیتەوە، بێ پەروا پێت دەڵێن: ئەوە ئێمەین بەپێی دەستوور مامەڵە دەكەین چۆن پارەى نەوتى بەسڕە و شوێنەكانى تر دەچێتە بودجەى گشتى و بەسەر هەموو دانیشتوانى ئێراق بەكوردستانیشەوە دابەش دەكرێَ، دەبێ بەهەمان شێوە نەوتەكەى هەرێمى كوردستانیش دیاربێ و پارەكەى بچێتە بودجەى گشتى ووەكو نەوتى شارەكانى تر بۆ خێر و بێری گشتى گەلانى ئێراقبێ.

لەولایشەوە بەرپرسانى هەرێم جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە ئەوانیش بەپێی دەستوور مامەڵەیان كردووە، لەدەستوور ئەو هەقە بە هەرێم دراوە گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیاكان واژۆ بكات و نەوتەكەیشی وەك خۆی دەیەوێ ئاوا ڕەوانەى دەرەوەى بكات.

هەردوو لا(هەرێم و بەغدا)خۆیان بەهەق دەزانن و خۆیان بەدەستوورەوە پابەند دەكەن ، كەچی دەستى نایاسایی بۆ یەك درێژ دەكەن، كەواتە لەم نێوەندە كێ خەتابارە؟ كێ زەرەرمەندی یەكەمى ئەو كێشانانەن كە بێگومان هەموو وەڵامەكان ئەوەیە كە ئەوە خەڵكە سڤیل و ڕەش و ڕووتەكەیە دەبێ باجى ئەو ناحاڵی بوونە بدات و بەرپرسانیش چ باگیان بەوەیە خەڵك زەرەر دەكات یان نا.

بینیمان قەیرانى سووتەمەنى سنووری سلێمانى گرتەوە كەچی بەئاشكرا دیاربوو خەتاكە یان ئەوەتە لەبەرپرسانى سلێمانی بوو یان ئەوە وەزارەتى سامانە سروشتیەكانە بەیەك چاو سەیری هەولێر و سلێمانى ناكات، كەچی تا ئێستا كەس نەیزانی كێ لەپشت ئەو قەیرانەدابوو.
مووچەى پێشمەرگە بووبووە بابەتێكى گەرم كە دوای پەنجا ڕۆژ ئەوجا وەزارەتى دارایی هاتە سەر خەت و لەژێر هەڕەشە و فشارەكاندا دەستى بەدابەشكردن كرد، كەچی بەس سەیری تەلەفزیۆنەكانت بكردایە پێكەنینت بەقسەى وتەبێژەكان دەهات، لەلایەكەوە جەبار یاوەری ئەمینداری وەزارەتى پێشمەرگە لەلێدوانێكدا دەستى هۆكاری ئەو كێشەی لەدواكەوتنى مووچەى پێشمەرگە بۆ وەزارەتى دارایی درێژ دەكرد بەوەى ئەوان لەلایەن خۆیانەوە لەكات و ساتى خۆیدا لیستیان ئامادەكردووە و لەوادەى خۆیدا ڕەوانەى وەزارەتی داراییان كردووە، وەلێ كەچی لەو لاوە وەزارەتى دارایی دەڵێت: خەتاكە لەخۆیانە ئەگەر لیستى مووچەى پێشمەرگەمان بۆ نەنێرن چی دابەش بكەین؟ ئەو قسانە جێی سەرسوڕمانە.

هەر لەو بابەتە گەرمانەى ڕۆژ، وەزارەتى دارایی ڕایگەیاند تا مووچەى وەزارەتى پێشمەرگە دابەش نەكەین مووچەى فەرمانبەران نادەین، لەشوێنێكى تردا دەڵێن: مووچەى فەرمانبەران ڕاناگیرێ بەڵام دوادەكەوێ، لەم دوو لێدوانەدا ئەوەمان بۆ دەردەكەوێ پاساوەكان ئەوەندە بەهێز نین لەوەدا دەكرێ وەزارەتى پێشمەرگە مانگەكانى دیكە چۆن مووچەیان وەرگرتووە هەر بەو سیستەمە ئیشەكان ڕایی بكەن كە نە كاریگەری بەسەر وەزارەتەكانى دیكەوە دەبێ و نەهیچێ ، هەروەها دواخستنى مووچەى فەرمانبەران دەبێ لەسەری بوەستن و بەزوویی چارەسەری بۆ بدۆزنەوە كە زۆر لەوادەى خۆی دوانەكەوێ چونكە شەریحە و توێژێكى یەكجار زۆری كۆمەڵگاكەمان ژیانیان لەسەر ئەو مووچەیە كە حكومەت دەیداتێ لەوەشدا كەسانى وامان زۆرن شت بەقەرزى سەرە مانگ دەبەن و لەخانووی كرێچیدان و ..هتد كە ئەمەش هیچ بەدوور نازاندرێ لەدواكەوتنیدا خۆپیشاندانى سەرتاسەری لێ بكەوێتەوە..

پێكنەهێنانى كابینەى هەشتەمیش گەورەتری قەیرانە بەرۆكى هەرێمى گرتووە وەك لەدواین لێدواندا نێچیرڤان بارزانى سەرۆكى حكومەتى هەرێم ڕایگەیاند پێكهێنانى كابینەى تازە وا ئاسان نیە و كاتى زیاتری دەوێ، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێ هێشتا كێشەى لایەنەكان بەتایبەت داخوازیەكانى یەكێتى وەك هاوپەیمانی سەرەكى یەكلایی نەبۆتەوە، ئەمەش جگە لەوەی بووتە هۆكارێك كە دەمى هەر كەسێكى كاسبكار دەكەیەوە بەئاشكرا باس لەوە دەكات كە بازاڕ ڕاوەستاوە و جوڵەى ئابووری پەكى كەوتووە و كاریگەریەكان باڵی بەسەر تەواوى شتەكان گرتووە، هیوادارین بەهەموو لایەك نەخاسمە لایەنە سیاسیەكان بەجدی لەخەمى دەربازبوونى هەرێمەكەماندابن لەو قەیرانەى ئەگەر بەزوویی چارەسەری بۆ نەدۆزرێتەوە ڕەنگە قەیران لەدوای قەیران بەدوای خۆیدا بێنێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە