ماچی گەریلاو جەنراڵ !

Tuesday, 20/10/2009, 12:00

2021 بینراوە


19/10/2009 گروپەكانی ئاشتی كۆما جڤاكێن كوردستان"پەكەكە" لە ئەوروپاو قەندیل و مەخمورەوە هاتن و لە خاڵی سنوری خاپوور كە توركیاو سوریاو عیراق لەناو خاكی كوردستانی گەورەدا ئەبەستێتەوە بەیەكەوە چالاكیەكی مەدەنیان ئەنجامدا بۆ خۆبەدەستەوەدانێكی عاقڵانە و چونەوە ناو خاكی توركیاو وەك نیازپاكیەك كە پەكەكە شەرخوازنیەو ئاشتی دەوێت، ئەم چالاكیە سومبولی و دیبلۆماسییە رەنگە وەك چالاكی بەریەككەوتنی دو تەوەرو دژو ناكۆك وێنا نەكرێت ئەوەندەی وەك بەریەككەوتنی دو ئایدۆلۆژیاو دوجیهانبینی جیاوازی نەتەوەو ئیتنیك و زمان و رەگەز بێت لە ناو جوگرافیا سیاسیەكەی دەوڵەتی پیاوە نەخۆشەكەو خەلافەتی عوسمانیەكان تا ئێستای توركیای مۆدێرنی كەمالیزم "ئیسلامی عەلمانی" كە شەڕ ئینتەلای پێكردوون و تینوێتی بۆ دیالۆگ و ئاشتی ئەم وێسگەیەی بۆ دروستكردوون بۆ پێكەوە ژیانێكی ئارەزوومەندانە هەروەك بە ماچی گەریلاوجەنراڵ ناوزەدی ئەكەم، لە واقیعدا ئەم بیرۆكەیە پرۆژەیەكی سیاسی پەكەكەو رێبەر ئاپۆیە لە ئیمرالی و پارتی كۆمەڵگای دیموكرات "دەتەپە" بەرێبەرایەتی ئەحمەد تورك كە پارتێكی كوردی رێگە پێدراوی مەدەنین لە توركیاو نزیكەی 98 شارەوانیان لەژێر دەستدایە، ناردنی پەیامی ئاشتی كوردان بۆ جەنراڵە شەرخوازەكانی توركیا بەم مۆراڵ و مۆدێلە بۆتە جێگای مشتومڕو دیالۆگێكی سەخت بۆ جەنراڵەكانی توركیا و تەنانەت بۆ رای گشتی و شەقامی توركی و ئەوروپی، بەو واتایەی ناكرێت توركیا ئیدی گوێ لەم نەغمە تازەیەی گەریلاكانی چیا نەگرێت و سوار ملی خۆیان بن بەرەو جەنگ و ئۆپەراسیۆنی خوێناوی و نكوڵیكردن لە كورد وەك گەلێكی زیندووی رۆژهەڵاتی ناوین، ئەم مۆدێلەی پەكەكە هیچ شەرعیەتێك ناهێڵێتەوە بۆ گڵۆپی سەوزی بەرەی عەسكەرتاریەتی توركیا بۆ جەنگ، بۆیەكەمجاریشە كورد بەو حیكمەتەوە بچێتە ناو موعادەلەیەكی سیاسی نێودەوڵەتی ئاڵۆزەوە كە رەنگە ئەم حیكمەتە خاڵیش نەبێت لە حیكمەت و یارمەتیدانی دەسەڵاتدارانی باشوورو خودی ئەمریكیەكانیش دەشێت ئەم نەغمەیە پەسەند بكەن وەك چاودێرێك، نیشاندانی ئەم رۆحیەتە بەرزە نەتەوەییە و خستنەرووی ئێش و ئازارو ژانەكانی كورد لەرێگەی خۆبەدەستەوەدانێكی پڕلە مۆراڵ و ئیرادەگەریەكی واوە كە نازانرێت ئایندەكەی چیەو چۆنە مەغزای سیاسی قوڵی هەیە بۆ ئایندەی كوردو هیچ نەبێت كورد جارێكی دیكە وەك نەتەوەیەكی ئاشتیخواز پێناسە ئەكاتەوە دوور لە توندوتیژی و تیرۆر، بەتایبەتی ئەم هەنگاوتە لەكاتێكدایە گەریلا هێشتا خاوەنی ئیرادەو شاخ و هێزو چەك و داستانە سەركەوتوەكانی وەك ئۆرامارو زاپە و هەنگاوەكە لە لاوازیەوە نیە ئەوەندەی لە هێزێكی دیراسەتكراوی لۆژیكیانەوە سەرچاوەی گرتووەو هێندەی دیكە دۆزی كوردی بردە پێش و سەرنجی میدیاو رای گشتی جیهانیشی بەلای كوردا راكێشایەوەو ووڵاتانی دونیاشی لەو پیلانگێریە تازەیە ئاگاداركردەوە كە بەرانبەر كوردانی باكور گیراوەتەبەر.
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە