چەواشەكاری ئەوەیە وابزانن گێلی و بەگێلت بزانن

Saturday, 21/06/2014, 12:00

1690 بینراوە





ئەوەى لەم ڕۆژگارە دەیبینین و دەیبیستین فەنتەلۆسە، چاوبەستەى ئەم و ئەوە لەبەرگێك بۆ پەردەپۆشی دزی و فزى و شاردنەوەى ڕاستیەكان مرۆڤگەلێكمان لەدام و دەزگا و كۆمپانیاو چی و چی هەیە بە داتا قسەت بۆ دەكات تا پێت بسەلمێنێ لەو كارەى كردوویەتى چەند دڵسۆزە و ئیشەكانى چەند بە وردى ڕاپەڕاندووە لەكاتێكدا بەهێنانەوەى ئەو شێر و ڕێوییە دزیەكانیان دەشارنەوە و بەدەیان و سەدان جار بڕەپارەیەك بۆ پڕۆژەیەك تەرخان دەكرێ، بەداتا پێت دەڵێ: ئەوەندە ملیارە، ئەوەندە ملیۆن و ئەوەندە فلسەى تێدەچێ، تێكە و لێكەكە ئەوەت نیشان دەدات كە هەموو شتەكانت سەد دەر سەد فیتە و دینارێ نەكەمە و نەزیاد، كە ئەگەر درێژدادڕی تێدا ناكەین، كەم جار وا ڕێك دەكەوێ بە شەفافانە بڵێین: ئەوە كۆی پڕۆژەكە و ئەوەش خەرجیەكەى، دێین خشتەیەك ڕێك دەخەین پێدادێین بە سەرو سەكوت شكاندن و وردكردنەوەى شتەكان و والەبەرامبەرەكەمان حاڵی دەكەین كارەكە بە پوختى بەڕێوەچووە و هیچ گەندەڵیەكى تێدا نیە..قسە هەزارە و دوانى بەكارە، با بەیەكەوە گوێبیستى بەسەرهاتى مرۆڤێكى زانا ببین بەڵان نەخوێندەوار، بێ قەڵەم و خەت و خووت، بەڵام دنیا دیتە و بەسەرهاتەكە ئەو واقیعەمان بۆ ڕوون دەكاتەوە.

ڕۆژێكیان لە خزمەتى ڕەحمەتى (حاجى مستەفا ئەمین سماقوڵی) دانیشتبووم كە هەموو ژیانى پەند و ئامۆژگاری بوو، كورد وتەنێ زۆرجار قسە قسە ڕادەكێشێ، بابەتێك بووە بنێشتە خۆشەى ئەو دانیشتە، بەهەڵپەیەكەوە تەماشای ئەو خەڵكەى كرد و وتى:

لەسەردەمى ئێمە سەیارە كەم بوو، كارو پیشەم ماوەیێ گۆچانم دەست دەدایێ خەریكى كڕین و فرۆشتنى حەیوان بووم، دەچووم مەڕ و گیسك و بزنم لە دۆڵی بالیسان و دەڤەری باڵەكایەتى ە پشدەر و بێتوێن دەكڕی و دەمهێنا لە مەیدانى هەولێر دەمفرۆشتەوە، كە جاری وا هەبوو بەچەند شەو و ڕۆژێ ڕۆیشتن بەپێ ئەوجا دەگەیشتمە مەیدانى حەیوانفرۆشانى هەولێر.

برایەكم هەبوو بێ ئیش بوو، ڕۆژێكیان ڕووم لێینا پێمگوت: بۆ نایەى هاوكاریم بكەى پێكەوە ئەو ئیشە بكەین بەشكەم تۆیش ئیستیفادەیەك بكەى.

ڕەزامەندی دەربڕی و بەیەكەوە بەرەو دۆڵی بالیسان ڕۆیشتین نزیكەى 200سەر حەیوانمان كڕی بایی نزیكى 400دینارێك دەبوو..براكەم گوتى: من دەڕۆم دەچم لۆریەكت بۆ دەنێرم ئەو ڕێیە دوور و ناخۆشە بەپێ بیكوتیەوە.

ئەو رۆیشتنەى ڕۆیشت چاوم پێی نەكەوتەوە، نازانم چۆن خۆی لێم شاردەوە، لۆری دەنگى نەبوو، لۆری هەر نەهات، ناچارم بەپێیان كەوتمە ڕێ بەپێیان حەیوانم پێشدا و بەچەند ڕۆژێ گەیاندمە مەیدانى حەیوانان و بە دوو سێ ڕۆژێكى هەموو ماڵاتەكەم فرۆشت، لەیادم نیە چەندمان قازانج كرد، لەهەولێر چوومە ماڵی براكەم، پاش نانخواردن و پشوودان و تاوێ نووستن و هەستانەوە، برایەكەم گوایە خوێندەواری هەیە، چەند ئەلف و بێیەكى لای مەلا خوێندبوو، فێری كۆ و كەم ببوو، چوو قەڵەم و كاغەزێكى هێنا گوایە حیسابم بۆ دەكات بەوەى چەندەمان دەست مایە بووە و چەندەمان قازانج كردووە، منیش خوێندەواری و ئەو شتانەم نیە بەڵام خۆشبەختانە فكرەیەكى باشم هەبوو، كە تەماشام دەكرد ژمارەیەك دەگوت و دەیگوت ئەوە سفر یەك بەدەست و ئەوە سفر و سفر، زۆر ناڕەحەت بووم بەهەڵپەیەكەوە پێمگوت: هەى دینى سفر سفریت دەگێم، چما دەتەوێ بەو سفر سفرە فێڵم لێبكەى، فەرموو ئەوە پارەى دەست مایەكەمان كە ماڵاتەكەمان پێی كڕیوە و ئەوەش قازانجەكەیەتى، وەرە بەشی بكەین و بیكەینە دوو بەشەوە و تەواو.

ئەوەى لەو قسانەى حاجی مستەفای ڕەحمەتى دەفامرێ لەم ڕۆژگارە ئەگەر شفافیەت هەبێ مانگە شەو سەر لەئێوارە دیارە و ئەو هەموو پێچ و پەنایانەى بۆ ساغكردنەوەی داهاتەكان دەكرێ لەژێر ئەو تێكە و لێكەیەدا كەسانێكى نەفەس نزم هەن دزیەكى باش دەكەن و دەست بەسمێڵی بەڕوونیان دادێنن بەوەى كڵاویان كردە سەرمان و ئاگامان لەهیچ نەبوو.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە