ئەمیری حەسەنپوور، دەبێت لێبووردننامە بنووسێت!؟

Wednesday, 13/01/2010, 12:00

1455 بینراوە


لەنێوان ڕۆژانی ١٢ تا ٢٣ی مانگی دێسەمبەری ٢٠٠٩ " ئەکادیمیای کوردی" لەهەولێر "کۆنفڕانسی زمانی ڕەسمیی هەرێمی کوردستان" ی ساز کرد.
ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٢٠١٠.١.٨ بەڕێز ناسری حسامی لەبەرنامەی ڕێگای ئاوریشم کە لەکەناڵی ئاسمانی ئاسۆساتەوە، لەسەر ئەو پرسە و ئەو کۆنفرانسە، بۆ ماوەی کەمتر لەدوو کاتژمێر دایلۆگێکی ساز کرد، بەتەلەفوون هەریەک لە بەڕێزان حەسەنی قازی و ئەمیری حەسەنپوور بەشدار بوون.

بەداخەوە دەبوایە ئەم بەرنامەیە کەسێکی پسپۆر کە نوێنەڕایەتی هەرێمی کوردستانی بکردایە یان لایەنی کەم بەتەلەفوون بەشدار و ئامادەبوایە! چوونکە ئەو ڕووداوە یان ئەو کۆنفراسە بۆتە هەوێنی ئەم بەرنامەیە. بەڵام بینەران نەیانهێشت هەروا تێپەڕێت و قسەی خۆیان لەو بارەیەوە و بەئاڕاستەیەکی تردا کرد. میوانی ئامادەی بەرنامەش بەڕێز دیاکۆ هاشمی زۆر ژیرانە، بەپرسیار و باسە جۆراجۆرەکانی، سەرجەم دیدەکانی حەسەنی قازی و ئەمیری حەسەنپووری خستە ژێر مەنگەنەوە.

ئایا دەکرێت هەرێمی کوردستان بکەن بە مۆڵگەی شێوەزارەکان، خەڵک بەگشتی لەو دوو شێوەزارە بێزارە کە لەڕاگەیاندنەکاندا پەیرەو دەکرێن، نۆرەی ئەوەیە هەر شارە و لادێیەک بەشێوەزاری خۆی بخوێنێت! وەک چۆن نها لەدەڤەری بادینان هەنگاوێکی لەو جۆرە نراوە!!!! ئەمە لەکاتێکدا ئەو پێشنیارەنە ئەو تایبەتمەندییەی هەرێم لەبەرچاو ناگیرێت! کە زووربەی زۆری سۆرانیبێژە، لەچوار پارێزگا یەک پارێزگای کە ڕێژەیەکی کەمیش دانیشتوانی هەیە، بە شێوەزاری بەهدینی قسان دەکەن! ئەم هەژموونی شێوەزاری سۆرانییە وای کردووە کە بەهدینیبێژان زۆر باش لەشێوەزاری سۆرانی تێبگەن و بپەیڤن. هاوکات پەیڤینی بەهدینییەکان تێکەلێکە لەسۆرانی و عەرەبی کە وای کردووە، سۆرانیبێژان لەوان زیاتر وەک لەکوردەکانی باکوور و ڕۆژئاوا بگەن.

کوردی هەرێمی کوردستان گریمان پێنج ملیۆنە، تەنها ملیۆنێکی بەر دەڤەری بادینان دەکەوێت، بەپلەی یەکەم ئەوە دەبێت ئەو قەوارەیە کێشەکانی خۆی لەزۆر مەسەلە لابەلا بکاتەوە و هاوکات بەهرەمەندە لەپسپۆری جۆراوجۆر، بەڵام لەبەر ئەوەی ژمارەیەکیان بەهزری کوردستانی گەورە بیردەکەنەوە، کارەکان ئاستەنگی تێدەکەوێت و بەئاڕاستەیەکی تردا دەڕوات، بۆ خۆی چێکردنی ئەو کۆنفرانسە، هەنگاوێکە بۆ دەرباز بوون لەو هزرە، پێدەچێت نوخبە تێگەیشتبێت لەنییەتی پسپۆر و زانایانی بەشەکانی تر کە جۆرێک لە فەوزای بۆ دەخولقێنێت .
کۆنفرانسەکە زیاتر بۆ وتووێژ و ڕاوێژکردن لەسەر مەسەلەی زمانی فەرمیی - ڕەسمی نە بۆ بڕیاردان بووە، نە شتیکی لەو جۆرە، ئیتر جێی سەرسووڕمانە لێرە و لەوێ لێی کەوتوونەتە تەقە؟! ڕۆحیان چووە!!

هەر کەس بیەوێت دەنگی باشتر ببیسترێت یان بخوێندرێتەوە، گەر هاتوو بەشێوەزاری بەهدینی یان هەورامی یان ئەوانی تر بپەیڤێ و بنووسێت، کەمترین کەس دەیبیستێت و دەیخوێنێتەوە، وەک زمانی ماڵەوەی لێهاتووە، بۆیە لەهەرێمی کوردستان بەگشتی شێوەزاری سۆرانی بۆتە دیفاکۆت و سەپاوە، وەک چۆن هەرێمی کوردستان لەباری سیاسییەوە، بەتایبەتمەندی خۆیەوە بەسەر عەرەبی عێراقیدا سەپیوە. ئەوەی لەدەڤەری بادینان و جار جار لەم شێوەزار و بنزارەوە نارەزایەتی دەردەچێت، جۆرێکە لەڕاگرتن و ئاستەنگ لەبەرانبەر بەفەرمی کردنی شێوەزاری سۆرانی دەخولقێنن، سەرئەنجام دەبێت شایەتمان بەدیاریدا بهێنن!

ئەمیری حەسەن پوور، لەنامەکەیدا چەند پێشنیاری داوە، کە لەئەرزی واقعدا زۆر کۆمیدییە کە دەڵێ:

ئەلف خوێندن: ئاخێوەرانی هەر لەهجەیەک بە لەهجەی خۆیان دەخوێنن و دەنووسن و لەهجەکەی دی باش فێر دەبن.
ب - دراو: لایێکی دراو بەکورمانجی و لایەکەی دی بەسۆرانی دەنووسرێ.
ج - پاسپۆرت: لاپەڕەیێکی باسپۆرت بەکورمانجی و لاپەڕەکەی دیکەی بەسۆرانی دەنووسرێ.
د- ڕەگەزنامە و ناسنامەی باری که‌سایەتی: ئەوانەش وەک پاسپۆرت بەهەر دوو لەهجە دە‌نووسرێن.

بەداخەوە ئەوە پیاوە بەهزری کوردستانی گەورەوە نامەکەی داڕشتووە! نە بۆ باشوور بەڵکوو بۆ ڕۆژەڵاتیش جۆرێک لەدروستکردنی ئاژاوە دەگەیەنێت! ئەمە لەکاتێکدا گەلانی کورد بوونی هەیە نەک میللەتی کوردی یەکگرتوو! کە هەریەکەیان خاوەن مێژوویەکی جیاوازی خۆیانن.
هەر لەبەرامبەر ئەم ڕەخنەیەدا ناوبراو کە بەتەلەفوون بەشدار بوو، خۆی لەژێر ئەو ڕەخنەیەدا بەوە دەرباز کرد، گوایە ئەو دیدەش کوردستانییە! بەڵام ئەوە نازانێن کام کوردستان؟ کوردستانی گەوەرە کە ئەو دیدەکانی لەسەر دارشتووە یان ئەوەی ئێمە کە لەسنووری هەرێمێکی دیاریکراودایە؟!!

وێڕای ئەو دیدە کۆمیدیانەی کە لەنامەکەیدا نووسیویەتی، لەبەرنامەکدا حەماسەتی ئەنتی باشووری وای لێکرد بفەرمووێت: ....شۆڤێنیزمی سۆرانی... و هات شوبهاندی بەشۆڤێنزمی عەرەبی و فارسی...!!!!!!!! گوایە فەرقیان نییە!!
ئەو دەربڕینە جۆرێک لەشۆکی دروست کرد، دەیتوانی هەر ئەو قسەیە بەزمانێکی تر بکردایە و ئەحساسی لایەنی کەم سۆرانیبێژانی نەڕووشاندایە! لەکاتێکدا ئەو تەنها شۆڤێنیزمی لەبەرامبەر لایەکدا بەکارهێنا گەر لەبەرانبەر هەردوو لا بوایە، ئەوە قابیلی چاوپۆشین بوو! بۆیە تەنها کارێک ئەو زاتە بیکات بڵاوکردنەوەی لێبوردننامەیەکە، هاوکات هەوڵ بدات وەک یارمەتیدەر و هاوکار بێت هەروەها هەوڵبدات چۆن بەقەولی خۆی گوایە لەڕەوشی هەنووکەیی بەهدینان گەیشتووە! گوایە زۆر گۆڕاوە با ئەرک بکێشێت ئاواش لەڕەوشی هەرێمی کوردستان بەگشتی بگات و بزانێت تای تەرازوو لەبەرژەوەندی کێ و کێدا نییە!؟ لەم جۆرە تەلەزگەی زمانەوە، گومان لەپاک و دلسۆزی و زانستخوازی و پسپۆڕی ئەو جۆرە کەسانە دروست دەبێت!!
------------------
بۆ زانیاری زیاتر تکایە سەردانی ماڵپەڕی ئاسۆسات بکەن:
http://www.asosat.com/
دەقی نامەی ئەمیری حەسەن پوور لێرەدایە
http://www.kurdishacademy.org/?q=ku-ar/node/711
دەقی ڕاپۆرتە هەواڵێکی حەسەنی قازی لەسەر بەرنامەکە، کە لەخۆڕایی لەکاتی پەخشی بەرنامەکە و لێرەشدا بەرگری لەئەمیری حەسن پوور دەکرد و دەکات و ڕاستییەکان وەک خۆی باس نەکردووە و ناکات
http://sharistan.org/index. php?id=229






نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە