شاهین قاچێکی پەڕی بوو

Monday, 05/05/2014, 12:00

2123 بینراوە







موراد تورک
و/ ڕێبوار هەمەوەندی

منیش لەناو ئەو شەڕەدا بووم ، ئەو شەوەم باش لەیادە ، لەناو جەرگەی بۆسەکەی دوژمن تێدەپەڕین ، ئەوان بەسەر گردەکەوە بوون ئێمەش بەقەد پاڵەکەیەوە ، ئەوان گوێیان لە شوێن پێی ئێمە بووە و هەستیان بە جوڵانەوەمان کردبوو ، لەناکاو کەوتنە تەقەکردن لێمان ، نەماندەتوانی سەرمان بەرز بکەینەوە ، بە خشکە چوین و لە شوێنێکی گونجاودا سەنگەرمان گرت ، تەپوتۆز و بۆنی بارووت هەموو شوێنێکی تەنی بوو ، بەبێ ئەوەی دەست بکەینەوە کەوتینە چاوەڕوانییەوە ، لەپێشی پێشەوە فەرمانمان بۆهات بە خشکە بەبێ ئەوەی هەڵسنەسەرپێ پاشەکشێ دەکەین ، گوێم لە دەنگی هەڤاڵ ماهیر بوو کە ووتی " کەستان فیشەکتان پێوەیە ؟ " هەڤاڵ ماهیر هەر بە خشکە خۆی گەیاندە دوای دواوە و هەمومانی کۆنتڕۆڵ کرد ، کە گەڕایەوە بە پەناگۆێماندا ووتی " هەمویان باشن " دوای ئەوەی ماوەیەک لەگەڵ مردندا دەستەویەخە مابوینەوە توانیمان لەناو جەرگەی بۆسەی دوژمن خۆمان دووربخەینەوە ، مانگەشەو بوو ، چوینە خوارەوە بۆ ڕۆبارکۆکە ، هەموومان ئارەقمان دادابوو لەشمان خوێناوی بوو ، مەچەک و سەر ئەژنۆمان خوێنی لێدەچۆڕا ، زامنی چەکەکانمان داخست ، سەرژمێری گروپەکەمان کرد ، چرپە لەناو چرپەدا بەیەکی دەووت (کەسێکمان دیارنییە کێ دابڕاوە ؟) وەڵام زوو درایەوە ، ووتیان (بەدری) هەڤاڵان شەوگار و سەرحەد گەڕانەوە بۆ ئەوەی هەڤاڵ بەدری بدۆزنەوە ، ئەم دوو هەڤاڵە گەڕانەوە بۆناو ئەو دۆزەخەی کە کەمێک لەمەوبەر ئێمە خۆمان تێدا ڕزگار کردبوو ، ئێمەش کەوتینە چاوەڕوانی هەرسێکیان ، لە هەموولایەکەوە گرمەی تۆپ و هاوان دەهات ، چەخماخەی تۆپەکان و تەڵقەتەنورەکان دۆڵەکانی ڕووناک دەکردەوە ، دەنگی تۆپ چیاکانی دەلەرانەوە ، بەسەرمانەوە هاوان و تۆپێکی زۆر دەتەقینەوە ، لە دوای تەقینی هەرتۆپێک هەستمان بە لەرینەوەی ژێر پێمان دەکرد و کاریگەری لەناخماندا دەکرد ، دوای ماوەیەک گوێمان لە دەنگ بوو ، لەوانەیە ئەمە بیستنی دوا دەنگ بێت ، بێتەلەکەمان خشکەیەکی لێوەهات ، ئاگەدارکردنەوەی زۆر جدی هێنرایە زمان ، هەموومان بێدەنگ بوین ، دوا دڵۆپی سەبرمان تکا بوو ، ماوەی کاتژمێرێک چاوەڕێمان کرد بەڵام ئەم چاوەڕوانییە زۆر سەخت بەسەر چوو ، هەڤاڵان شەوگار و سەرحەد گەڕانەوە ، هەڤاڵ بەدریان نەدۆزیبۆوە ، ئێمە بە ئازارێکی زۆر کە ناخمانی تەنی بوو بەرەو خواروی دۆڵەکە هەنگاومان نا ، لە سەرومانەوە گروپێکی قەڵەباڵغی هێزی دوژمن ڕێیان دەکرد ، بەرد و زیخ کە لە ژێر پێیان دەترازا بەسەرماندا دەکەوتن بەبێ ئەوەی هەست بە بوونی ئێمە بکەن لێمان دوورکەوتنەوە .
کاتێک خۆمان ئامادەکرد بۆ ڕێکردن ڕێبەرەکەمان ووتی " پێدەشتەکەی پێشمان لوغم ڕێژکراوە " هەڤاڵ ماهیر کە فەرماندەمان بوو وەستا و تەماشایەکی سەعاتەکەی مەچەکی کرد و پاشان ووتی " کاتمان بەدەستەوە نەماوە ئەگەر ئەم پێدەشتە لوغم ڕێژیش بێت هەر بەسەریدا دەڕۆین " دیاربوو هەڤاڵ ماهیر بە بڕیار بوو هەربەو سووربونەوە بڕیاریدا بوو کە بەناو ئەو هەموو لوغمانە تێبپەڕێین ، ماهیر ووتی " من لە پێشی پێشەوە ڕێدەکەم چەند هەڤاڵێکی خۆبەخشم دەوێت هەر ١٠ کەسێک " هەموومان کەوتینە جوڵەوە ، ماهیر جارێکی تر ووتی " ئەگەر بەخێرایی ڕێنەکەین لەناو جەرگەی ئۆپەراسیۆنی دوژمن قەتیس دەبین ، ئەمەش ئەوە دەگەهێنێت کە لە بەیانییەوە تاکو ئێوارە دەبێت شەڕ لەگەڵ دوژمن بکەین ، دەی هەر ١٠ کەسێکی خۆبەخشم دەوێت " .
ئێمە ٤٥ گەریلا بووین ، لەناو خۆمان بۆئەوەی خۆمان بگەهێنینە ڕیزی پێشەوە پاڵەپستۆمان لە یەکتری دەکرد ، بۆ ئەوەی زوو بگەینە ڕیزی پێشەوە لەناو خۆمان پێشبڕکێمان دەکرد ، لەناو خۆماندا شەڕێکی بێ دەنگمان دەست پێکردبوو ، سەڕەڕای هەموو ئەمانەش ڕێچکەکەمان تێکنەچوو ، لەو ١٠ کەسەی هەڤاڵ ماهیر ویستی خۆیان دیاریبکەن من ٥ مین کەس بوو ، هەڤاڵان پیرۆ و شاهین و جودی و ماهیر لە پێشمەوە بوون ، هەرچەنێک هەوڵماندا نەمانتوانی کە فەرماندەکەمان هەڤاڵ ماهیر بخەینە ڕیزەکانی دواوە .
هەڤاڵ ماهیر ووتی " ئەمە فەرمانە " جارێکی تر بە دەنگێکی گڕتر پێی ووتین " ئەوەی ئیعتیراز بکات بە دەستی خۆم دەیکوژم " ئەو شەوە هەموو بڕیارەکان تیژ بوون وەک چەقۆ ئەوەی جێبەجێێ نەکردایە دەستی دەبڕی ، هەڤاڵ ماهیر یەکەم هەنگاوی خۆی نا ، پێدەشتەکە پڕ بوو لە لوغم ، هەموومان هەستاینە سەرپێ و کەوتینە ڕێ ، ئێمە خۆمان و سێبەریشمان ڕادەستی لوغمەکان کردبوو ، ئەو شەوە نەدەبوایە ڕابوەستین ، ئەم ڕێکردنەمان وەک فیشەکێکی وێڵ وابوو ئەنجامەکەی و شوێنەکەی نادیار بوو ، هیچ کاتێک ترس ئەوەندەی ئێستا وەک شەپۆلی دەریایەک ناخمانی نەبەزاندبوو .
تا بەیانی ڕێمان کرد : خۆرهەڵات :
لەکەناری رووبارێکی ماندوو کە پشوماندا شەوی ڕابوردوم هاتەوە یاد ، گوێم لەلاواندنەوە بوو ، هەڤاڵ شاهین قاچێکی پەڕی بوو :
هەڤاڵ پیرۆ بە پارچەی لوغمەکان چاوێکی لەدەست دابوو :
هەڤاڵ جودیش دوو پەنجەی پەڕی بوو .
ژماردم ٩ پارچە لوغمم پێوە بوو ، یەکێک لە گوێچکەکانم کپ ببوو :
ئەوەی مابۆوە تەنها ئەو دەنگە بوو :
ئەویش دوا دەنگی ئەو بوو .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە