لە راگەیاندنى پارتى كەشكەك سەڵاوات، خەبات و هەولێر بە نموونە

Sunday, 08/11/2009, 12:00

2120 بینراوە


راگەیاندنى هەر حیزبێك تەعبیر لە را و سیاسەتى خودى حیزبەكە دەكات، دەبینین راگەیاندنى هەردوو حیزبى سەرەكى كوردستان چ پارتى دیموكراتى كوردستان، چ یەكێتیى نیشتیمانیى كوردستان راگەیاندنكارەكانیان هێندەى كاریان لە دژى رۆژنامە و گۆڤار و سایت و رۆژنامەنووسە ئازادەكان كردووە، بە بۆچوونى خۆیان بەرەنگاریان لە حیزبەكەیان كردووە و دڵسۆزیان نواندووە! هێندە ئاگادارى راگەیاندنەكانى جیهانى نەبوون كە لەسەر ئەزموون و حكومەت و حیزب و كەسایەتیەكانى خۆشیان چ بە سلبى یا ئیجابى بابەتیان وروژاندووە!
بەشێك لە راگەیاندنكارەكانى پارتى بە تایبەت ئەو كەسانەى لە ئاستێكى بەرزدان ئەو پلە و پێگەى خۆیان لە زۆركاتدا بۆ بەرژەوەندى خۆیان بەكار هێناوە، وەك لەوەى بیر لەوە بكەنەوە خزمەت بە گەل و نەتەوە و حیزبەكەى خۆیان بكەن، نموونەش بۆ ئەمە زۆرە و حیزبێكى وەك پارتى دیموكراتى كوردستان دەتوانێت سیاسەتى (من این لك هزا) لەگەڵ كەسە راگەیەندنكارەكانیان پیادە بكات، ئەوكات دەگاتە ئەو دەرەنجامەى كە ئێمەى رۆژنامەنووسى ئازاد دەیخەینە روو راستى و دروستى بۆ روون دەبێتەوە! دڵنیاشم كە ئەو سیاسەتە لە كات و ساتى خۆیدا جێبەجێ دەكرێت.
وەك عادەتى هەمیشەییم زۆرجار لینكى رۆژنامە عەرەبیەكان دەكەمەوە و چاوێكیان پێدا دەخشێنم، ئەمەش بەو مەبەستەى كە بزانم چ بابەتێك لەسەر بارودۆخى كورد و كوردستان وروژاوە، چەند رۆژێك لەمەوبەر لینكى (المستقبل)م كردەوە و تێیدا دیمانەیەكى (دكتۆر نورى عوسمان) سەرۆكى دیوانى ئەنجومەنى وەزیرانم بەرچاو كەوت و خوێندمەوە، دواى ئەوەش دیمانەیەكى ترى (دكتۆر كەمال كەركوكی)م بەرچاو كەوت...... بۆ رۆژى دواتر و ئێستاشى لەگەڵ بێت رۆژانە سەیرى هەر یەك لە رۆژنامەى (خەبات و هەولێر)م دەكرد پێم سەیر بوو ئەو دوو رۆژنامە ئەو بابەتانەیان لە لاپەڕەیەكى خۆیان بڵاو نەكردبێتەوە! كەوتمە بیرى ئەوەى كە ئایا ئەو دوو دەزگایە بودجەیەكى یەكجار فراوانیان بۆ دابینكراوە تۆ بڵێى نەتوانن موچەیەك بۆ وەرگێڕێك دابین بكەن و ئەو بابەتانەى لەسەر مەسەلەى كورد دەوروژێندرێت، یاخود دیمانەى یەكێك لە بەرپرسەكانى خۆیان لە یەكێك لەو كەناڵانە دەكرێت وەریگێڕێتە سەر زمانى كوردى؟! بەڵام پاش تێفكرینێكى زیاتر بۆم دەركەوت نەخێر راگەیاندنى ئەم حیزبە و وەرگێڕەكانیشیان بە هەمان فەلسەفەى سەرو كاراكتەرەكانى ناو راگەیاندنەكانیان كار دەكەن، بیرى قووڵى ئاوسانى باخەڵ و وەرگرتنى زەوى روكن و كڕینى ئۆتۆمبێلى ئاخر مۆدێل بردوونیەتە دونیاى (میتافیزیك) و هەش بەسەرانە ناتوانن بە گوێرەى پێویست خزمەت بە خۆشیان و دەزگاكەشیان بكەن!
ئەوەى جێى سەرنجى من بوو دیمانەی ئەو دوو بەرپرسەى خۆیان بوو كە دڵنیام ئێستاشى لەگەڵ بێت كەسیان نەشیان بینیوە و نەشیان خوێندوەتەوە، لە هەمووى سەمەرەتر و شەرمەزارى تر بۆ راگەیاندنى پارتى ئەوەیە، كە چەند رۆژێك لەمەوبەر لە یەكێك لە كەناڵە عەرەبیەكانى لوبنان (5) پێنج خولەك باسى (بارزانى نەمر)ى كرد، دواتر بە هەمان شێوەى سەرەوە متابەعەى هەریەك لە (زاگرۆس و ktv و قەڵات و....) و تیڤیە پارتیەكانم كرد، تا بزانم كام لەو كەناڵاتە ئەو راپۆرتەیان كردوەتەوە كوردى و بڵاوى دەكەنەوە، لێ ئەوانیش كەمتر نەبوون لە رۆژنامەى (خەبات و هەولێر)! گەرەكە بوترێت لە ئێوەى بێ خەبەر كەشكەك سەڵاوات

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە