ئاساییە لە پڕۆسەی هەڵبژاردنێكی دیموكاتدا دەنگی قەوارە سیاسیەكان هەڵكشان و داكشان بە خۆیەوە ببینێت

Tuesday, 20/05/2014, 12:00

1358 بینراوە




بەڵام ئەوەی ئاسایو یاسایی نیە ئەوەیە ئەو قەوارەی ڕێژەی دەنگەكانی كەم ئەكات پڕۆسەكەی بە دڵ نابێت و دەست ئەكا بە تۆمەت بەخشینەوە بۆ لایەنی براوەو كۆی گشتی پرۆسەكە ئەخاتە ژێر پرسیاری تەزویركردن و خڕوقات.

ئەوەی لە كوردستان ئەگوزەرێ نەك ئەتوانین بڵێین دۆخێكی ئاسایو نەزیهە بەڵكو جگە لە دروستكردنی ڕقو كینەو یەكتر سڕینەوەو تۆمەت بەخشینەوە چی تر نیە.

ئەبێ هەموو حزبە سیاسیەكان لەوە تێبگەن كە خەڵكى تەنها وەك مافێك بەژدارى لە پڕۆسەى لە ڵبژاردندا دەكەن نەوەك هەموو ژیانیان بكرێتە سیاسەت و وەكو لاستیكێك بە كار بهێنرێن هەر حزبەو بە ئارەزوى خۆى بۆ سڕینەوەى نەیارەكانیان بەكاریان بێنن!

لە ووڵاتانى دیموكرات هاوڵاتیان بەژدارییەكى ڕەمزى و سادە ئەكەن لە بۆنە سیاسیەكاندا نەك هەموو ژیانیان تەرخان بكەن بۆ سیاسەت بەڵام بە پێچەوانەوە لە كوردستان هاوڵاتیان ئەوەنەى بارگاوى بون بە سیاسەتەوە ئەوەنە بە دواى ویست و حەزە كۆمەڵایەتیەكانیان نەكەوتون.

كاتێ خەڵكى خەونە سادەكانیان دەكرێتە قوربانى لە پێناو بەرزو نزمى پێگەى جەماوەرى لایەنە سیاسیەكان ئیدى كۆمەڵگا جگە لە ڕقو كینەو دژایەتى و یەكتر سڕینەوە چى دى بەرهەم ناهێنێ

ئەگەر پڕۆسەى هەڵبژاردنى ئەم دوایە وەك نمونە وەربگرین بە ڕونى هەست بەوە دەكەین كە هاوڵاتیان لە سەر ئاستى تاك چۆن بە دەرونێكى پڕ لە ڕقو دژایەتییەوە مومارەسەى سیاسەت ئەكەن بێ ئەوەى گوێ بە پێكەوە ژیان و هاو نیشتیمان بون بدەن زۆر جار هاوڵاتیا لە تێوە گلانى سیاسەتدا باجى گەورە دەدەن و دەبنە قوربانى هەر لە دەمە قاڵێیەكەوە تا ئەگاتە دەستدانە ئێخەوپەلاماردان و سوكایەتى كردن كە زۆر جار ئەم جۆرە مامەڵانە دەچێتە ناو خێزانەكانیشەوە بێ ئەوەى گوێ بە برایەتیو خوشكایەتى و باوكایەتى و دایكایەتى و خزمایەتى بدرێت ئەمە هەموى لە پێناو ئینتیما بون بۆ لایەنێكى سیاسى.

لە كاتێكا زۆر جار بینیومانە سیاسیەكان لە سەر ئاستى سەركردایەتى لە پێناو بەرژەوەندى خۆیان دەست دەكەن بە دانیشتن و ڕێكەوتن لە گەڵ یەكترو بە پێكەنین و قاوەو چا خواردەوە دانوستان ئەكەن و مێشیان میوان نیەّ! كەچى كە دێتە سەر ئەوەى لە گەڵ لایەنێك دەكەونە كێشەو مل ملانێوە یەكسەر پەنا دەبەنەوە بۆ خەڵكو مێشكى هاوڵاتیان پڕ ئەكەن لە بەرەنگایەكى ڕقاوی و دوژمانیەتى سەركردەكان هەر كات بیانەوێ خۆیان رێكەوتنى ئاشتیانە لە گەڵ یەكتر ئەنجام دەدەن هەر كاتێكیش بیانەوەێ شەڕو دژایەتى بە هاوڵاتیان و لایەنگرانیان دەكەن بەرامبەر بە نەیارەكانیان

بۆیە دەبێ هەموان هەوڵ بدەین ئەم مۆدێلكردنە لە سیاسەت كردنە بگۆڕین بۆ ئەو مۆدێلەى كە هەمو تاكێ لە سایەیەى سیاسەتێكى دیموكرات و ئازاد هەست بە ئارامى و خۆش گوزەرانى بكەنو تێبگەین كە هەموان لەم ووڵاتە شەریكین لە ئاوو خاكدا لە كەشو هەوایەكى گونجاوو شیاودا داواى ماف بكرێو لە بەرامبەریشدا ئەرك هەبێ.






نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە