سەندنەوەى پۆستى وەزارەتى تەندروستى گورزێكى ترى جەلال تاڵەبانى بوو لە كۆسرەت ڕەسوڵ

Monday, 16/11/2009, 12:00

2035 بینراوە


لە هەموو دونیا وەزارەتى تەندروستى یەكێكە لە وەزارەتە هەرە گرنگ و هەستیارەكان و پەیوەندى ڕاستەوخۆى هەیە بەژیانى هەموو تاكەكانى كۆمەڵگاوە ، بەڵام لاى ئێمە ئەویش بۆتە ئى حزب و بازرگانى كردن و دەوڵەمەند بوونى چەند كەس و بنەماڵەیەك لەسەر حسابى ژیانى میللەتێك و بۆتە دامەزراوەى فرۆشتنى تەندەرات و هێنانى ئامێرى چینى لەكاركەوتوو و ساغكردنەوەى دەرمانى ئێكسپایەرى كۆمپانیا قاچاغچیەكانى دەرمانى مەكتەب سیاسیەكان و هەردووبنەماڵە كوردفرۆشەكە ، تەنانەت ئەوەتە پۆستى وەزیریەكەشیان كردۆتە پۆستى تۆڵەكردنەوەى كوتلە ناكۆكەكان لەیەكتر و تەسفیەكردن و ململانێیى یەكتر ، گرنگ ئەوەیە كەكوتلەى مامەى دزى و گەندەڵى دەسەڵات بكەوێتە دەست خۆیان و گورز لەنەیارەكانیان بوەشێنن ، كێشەنیە باكەرتى تەندروستى لەوە وێرانتر بێت ، باهەولێر و سلێمانى هەمووى قڕبێت و ئەنفلەوەنزاى بەراز بگاتە گیانى هەموومان ، باپەتاى وەرزى بێت و نەخۆشخانەكان لەبەر بێ دەرمانى و بێ خزمەتى یەك بەدواى یەك دابخرێن ئەى ئەو هەموو نەخۆشخانە ئەهلیەى بەرپرسان بۆچیە ؟ .
وەزارەتى تەندروستى وەزارەتە وێرانەكە !!
وەزارەتى تەندروستى بەرلەتێكەڵ بوونەوەى ئیدارە گەندەڵەكانى پارتى و یەكێتى لەلایەن دوو دزترین و گەندەڵترین وەزیرەوە بەڕێوە ئەبران ، جەمال حەمید لەهەولێر و حەمەخۆشناو لەسلێمانى ، بەووتەى لێدوانی دكتۆرێكى هاوڕێمان كە بۆ دەساڵ ئەچێت كاروبارى ئیدارى و كارگێرى ئەكات لەكەرتى تەندروستى ئەڵێت .... تەنها بردنى پارەى زیادەى بڕیارى 986 ى سێكتەرى تەندروستى بەسە بۆ دادگایى كردنى جەمال و نیچێر لەهەولێر و حەمەخۆشناو و عومەرفەتاح لەسلێمانى .
شەڕى كوتلەكان لەسەر پاڵێوراو بوو نەوەك لەسەر شارەزایى !!
دوایى تێكەڵ بوونەوەى ئیدارە حزبیە گەندەڵەكان ئەم وەزارەتە بەر یەكێتى كەوت ، هەر زوو تاڵەبانى دووبارە دكتۆرمحەمەدخۆشناو كاندید ئەكاتەوە بۆ ئەو پۆستە ، بەڵام خودى نەوشیروان مستەفا و سێ چوار ئەندامى ترى مەكتەبى سیاسى پاڵپشت بەڕاپۆرتێكى دوور و درێژى سەرۆكایەتى دیوانى چاودێرى دارایى لەسەر دزى و گەندەڵیەكانى حەمەخۆشناو بۆ مەكتەبى سیاسى ، بەهیچ شێوەیەك خۆشناویان قبوڵ نابێت جارێكى پۆستى وەزیرى تەندروستى وەربگرێتەوە ، بۆیە لەجیاتى ئەمە دكتۆرشوان پێشنیار ئەكرێ بۆ ئەو پۆستە بەڵام تاڵەبانیش ئەمى قبوڵ نابێت بۆیە كۆسرەت ڕەسوڵ ئەم ناكۆكى و مشت و مڕە بەهەل ئەزانێت و یەكسەر پێشنیارى دكتۆرزریان ئەكات ؟ مەكتەبى سیاسى یەكێتیش بەتێكرایى دەنگ جگەلە دەنگى بەرهەم ساڵح نەبێت ، زریان عوسمان قبوڵ ئەكەن .
بەڵام ئەم وەزیرەش زریان عوسمان نەیتوانى وەك پێویست ڕۆڵى خۆى ببینێ لەئاشكراكردنى دزى و گەندڵیەكانى پێش خۆى ، چونكە سەرچاوەیەك باوەڕپێكراو بەئێمەى ڕاگەیاند زریان عوسمان هەر زوو گڵۆپى سوورى بۆ هەڵكراوە ، لەلایەن عومەرفەتاحەوە كەبەهیچ شێوەیەك مەلەفى دزى و گەندەڵیەكانى وەزارەتى تەندروستى ئیدارەى سلێمانى هەڵ نەداتەوە ، ئەویش دوایى ئەوەى مەلەف و میلاكى 48 سەیارەى وەزارەتى تەندروستى ئیدارەى سلێمانى نادرێ بەوەزارەتى تەندروستى حكومەتى یەكگرتوو ، عومەرفەتاح ئەڵێ بنووسن بەكارەساتى سروشتى لەناوچوون .؟ دیمان بەر لەوادەى تەواوبوونیشى لەپۆستەكەى لەلێدوانێكیدا بۆ ڕۆژنامەى هاوڵاتى دكتۆرزریان ئەمەى نەشاردەوەو ووتى ئامادەنیم جارێكى تر پۆستى وەزارەتى تەندروستى وەرگرمەوانێ ،چونكە حزب تەداخولاتى ئاشكراى كردووە لەكارەكانمدا .
شەڕەكە لێرەوە دەست پێ ئەكات ........
كۆسرەت ڕەسوڵ وەزارەتى تەندروستى بەهى خۆى ئەزانى بۆیە ئەمجارەشیان دواى ئەوەى وەزارەتى تەندروستى ئەدرێتەوە بەیەكێتى هەر زوو كاندیدێك بۆ ئەو مەبەستە دەست نیشان ئەكات بەناوى دكتۆرمەجید ، تاڵەبانى و پیاوەكانیشى دكتۆرخدرمەعسوم دەست نیشان ئەكەن بۆ ئەو مەبەستە ، بەڵام لەبەر ئەوەى فوئاد مەعسوم ، پرۆفیسۆردلاوەرى خوشكەزاشى كاندید ئەكات بۆ پۆستى وەزارەتى خوێندنى باڵا ، شانسى خدرمەعسوم بۆ وەرگرتنى پۆستى وەزارەتى تەندروستى لاواز ئەبێت ، هەروەها مەكتەبى سیاسیش ڕاشكاوانە بەفوئادمەعسوم ئەڵێن نابێ لەبنەماڵەیەكدا دوو كاندید هەبێت ، بۆیە خدرمەعسوم بۆ پرۆفیسۆردلاروەر عبدالعزیز عەلائەدینى خوشكەزاى پاشەكشە ئەكات و شانسى كاندیدەكەى كۆسرەت ڕەسوڵ دووهێندەى تر زیاتر ئەبێت بۆ وەرگرتنى ئەو پۆستە ، تەنانەت سەرجەم گۆڤار و ڕۆژنامەكانى ناوخۆش كەناوى كاندیدەكانى وەزارەتى تەندروستیان ئەهێنا تەنها ناوى دكتۆرمەجیدیان ئەهێنا و بەس .
موفاجەئەكە لێرەوەیە .....
شەوى 25 / 26 _ 10 _ 2009 كەناڵى گەلى كوردستانى ئازادجوندیانى ناوى كاندیدەكان ڕائەگەیەنێت و بۆیەكەم جار ناوى دكتۆر تاهیرهەورامى بەوەزیرى تەندروستى دێ ، بۆیە ئەمە شتێكى چاوەڕوان نەكراو ئەبێت بۆ كۆسرەت ڕەسوڵ و كاندیدەكەى و ئەڵێن تەنانەت كۆسرەت ڕەسوڵ و زۆربەى مەكتەبى سیاسیەكان لەكەناڵى گەلى كوردستانەوە بیستوویانە كەتاهیرهەورامى كاندیدى وەزارەتى تەندروستیە ، بۆیە لەكۆبوونەوەى ئێوارەى27 ى مانگى مەكتەبى سیاسى كەبۆناردنى ناوى شەش وەزیرەكە كۆئەبنەوە تابەیانى 28ى 10 سوێند بخۆن لەپەرلەمان ، كۆسرەت ڕەسوڵ زۆربەتووندى نیگەرانى خۆى دەرئەبرێ لەم بارەوە ئەوانیش لەدواین ساتەكانى ناردنى ناوى وەزیرەكان ئەڵێن فەرموو كێشەنیە باكاندیدەكەت پۆستى وەزارەتى شەهیدان وەربگرێ .......
نهێنیەكان لێرەوەن.
ئەڵێن تاڵەبانى زۆر نیگەران بووە لەدكتۆرزریان ئەویش بەتایبەتى دواى ئەوەى هەریەك لەبەرزانى ئەحمەدكوردە وەك لێپسراوى مەڵبەندى سلێمانى و حەمەى حەمە سەعید وەك مەڵبەندى هەڵەبجە ڕاپۆرتێك ئاراستەى تاڵەبانى ئەكەن و ئەڵێن وەزارەتى تەندروستى و خودى دكتۆرزریانیش هیچ كەسێكى لەسەر گۆڕان دەرنەكردووە لەكاتێكدا ئێمە ناوى چەندین دكتۆر و كارمەندى تەندروستى و بەڕێوبەرى نەخۆشخانە و مەڵبەند و بنكەى تەندروستى و لێپسرلو بەش و بەڕێوبەرى گشتیمان داوە پێیى ، نەدەركراون ، نەنەقڵ كراون ،بگرە هیچ ئیجرائاتێكیان لەگەڵدا نەكراوە ، بۆیە ئەڵێن تاڵەبانى هەر ئەوكاتە ووتوویەتى ئەستەمە ڕێگە بدەم جارێكى تر كۆسرەت ڕەسوڵ كاندید بۆ هیچ وەزارەتێك دابنێت.
تاڵەبانى یەكەم زەنگى دا بەگوێیان، بەڵام نەیان بیست.
بۆیە یەكسەر بەماوەیەكى كەم دواى هەڵبژاردنەكانى 25 ى 7 و لەسەرتاى مانگى 8 تاڵەبانى بەئامادەبوونى دكتۆر تاهیر هەورامى لەگەڵ ژمارەیەك دكتۆرى شارى سلێمانى كۆئەبێتەوە (بەبێ ئاگادارى و ئامادەبوونى دكتۆر زریان وەزیرى تەندروستى)) ، هەر لەو كۆبوونەوەیەدا تاڵەبانى تاهیر هەورامى ئەكات بەنوێنەرى خۆى بۆ كاروبارى تەندروستى ، كەلەهەموو ڕاگەیاندنەكانى یەكێتیەوە بەگرنگیەوە باسى لێوە كرا ، بۆیە بەبڕواى ئێمە ئەمە یەكەم زەنگ بوو تاڵەبانى داى بەگوێیى هەموو لایەك بەتایبەت كۆسرەت ڕەسوڵ و دكتۆرزریان و هەموو ئەو دكتۆرانەى ترى وەك دكتۆر مەجید كەنزیك بوون لەكۆسرەت ڕەسوڵەوە كەتاهیرهەورامى وەزیرى تەندروستى ئایندەیە .
دانانى تاهیرهەورامى لەسەر ڕاسپاردەى كێ بووە ؟
بەڵام ئێمە لەچەند سەرچاوەیەكى ترەوە بیستوومانە ئەمە پەیوەندى بەوەوە نەبووە ، چونكە خۆ تاڵەبانى نەى ئەزانى ئەم پۆستە ئەدرێتەوە بەیەكێتى یان نا ؟ ئەڵێن دانانى تاهیرهەورامى لەسەر داواى هەریەك لەهێرۆى برایم ئەحمەد و قوباد و دكتۆرحەمیدهەورامى (كەكاتى خۆى لەنەخۆشخانەى شۆڕش بووە و حەمەخۆشناو بردویەتیە لاى تاڵەبانى تابەردەوام چاودێرى تەندروستى تاڵەبانى بێت و ئێستا باوەڕپێكراو و كەسى نزیكە لاى تاڵەبانى) و دكتۆر محەمەد خۆشناو بووە كەزۆر بەتووندى ئیشیان بۆ تاهیرهەورامى كردوە لاى تاڵەبانى لەڕقى كاندیدەكەى كۆسرەت ڕەسوڵ .
دواى دەست بەكاربووونى ڕاستیەكان خۆیان دوان ......
دواى دوو ڕۆژ لەدەست بەكاربوونى دكتۆرتاهیرهەورامى قوبادتاڵەبانى بەنوێنەرایەتى تاڵەبانى و هێرۆى برایم ئەحمەد بۆ پیرۆزبایى كردن سەردانى تاهیرهەورامى ئەكات و پیرۆزبایى لێ ئەكات ، وەك چاودێرێكى تەندروستى ووتى ئەم سەردانەى قوبادتاڵەبانى تەنها تاهیرهەورامى گرتەوە كەئەمە زەنگێك بوو بۆ پارتی كەئەمە كاندیدى ئێمەیە نابێ دژایەتى بكرێ .....
جگەلەمە لەسەرداواى حەمە خۆشناویش دكتۆرئەزهەرحەمەكەرەم هەورامى ئەكرێت بەلێپسراوى دیوان و نووسینگەى دكتۆرتاهیرهەورامى كەحەمەخۆشناو سەردەمى خۆى ئەم دكتۆر ئەزهەرەى كردبوو بەڕاوێژكارى خۆى و لێپسراوى میوانخانەو لەهەمان كاتدا پلەى ئەفسەرى نەقیبیشى دابووێ لەنەخۆشخانەكانى شۆڕش و یەكێك بووە لەپیاوە هەرە ماستاوچیەكانى و زۆرترین دەورە و خول و سەفەرى دەرەوەشى بینیوە ...
((بۆیە ئێمە پێمان وایە چوونى دكتۆرئەزهەر بۆناو دیوانى وەزارەتى تەندروستى و بۆ ئەو شوێنە حەساسە كاتیە تەنها بۆ شاردنەوە و لەناوبردنى مەلەفى دزیەكانى حەمەخۆشناوە بەتایبەتیش ئامێرەكان ، چونكە دكتۆر ئەزهەر یەكێكە لەو كەسانەى كەلەنزیكەوە ئاگادارى دۆسیەیى ئەم ئامێرانەیە كەملیۆنان دۆلاریان بەناوەوە خوراوە ......)) .
كۆسرەت ڕەسوڵ لە شەش وەزیر تەنها یەك وەزیرى هەیە ......
یەكێتى لەم كابینەى ئەمجارە شەش وەزیرى هەیە گوایە بڕیار وابووە سێ وەزیر كۆسرەت ڕەسوڵ دایان بنێت ، بەڵام لەبەر ئەوەى كۆسرەت ڕەسوڵ تەنها دەنگى خۆیەتى لەمەكتەبى سیاسى و یەك ئەندامى ترى مەكتەبى سیاسى لەگەڵ نیە (پێشتر چوار ئەندامەكەى مەكتەبى سیاسى باڵى ڕیفۆرمى لەگەڵ بووە ، دواى ڕۆیشتنى ئەوان بەتەنها ماوەتەوە) بۆیە كاندیدەكانى هەموویان ڕەت كراونەتەوە ، تەنانەت ناوى دكتۆرمەجید كەكاندیدى وەزارەتى تەندروستى بووە ئێستا كراوەتە وەزیرى شەهیدانیش نەبووە كاتێك كەناڵى گەلى كوردستان شەوى 25 / 26 ڕاى گەیاندووە ناوى ئاسۆس وەك وەزیرى شەهیدان هاتووە ، دوایى ئەوەى كۆسرەت ڕەسوڵ توڕە و نیگەران ئەبێت لەكاندید نەكردنى هیچ یەكێك لەپاڵێوراوەكانى دكتۆر مەجید ئەكەن بەوەزیرى شەهیدان و كاندیدى وەزیرى شەهیدانیش ئاسۆس ئەكەن بەوەزیرى كاروبارى كۆمەڵایەتى .........
تاڵەبانى و دووبارە كردنەوەى سیناریۆكان .....
ئەوەى ئێمە تێبینیمان كردوە زۆڵى و فێڵبازیەكانى تاڵەبانیە كەبەردەوام گاڵتەى بەعەقڵى كارئەكتەرە سیاسیەكانى دەوروپشتى كردوە ، لەكاتى یەكگرتنەوەى ئیدارەى هەولێر و سلێمانى نەوشیروان مستەفا پێشنیارى دكتۆر شوان ئاكرەیى ئەكات پۆستى وەزارەتى تەندروستى وەرگرێ بەڵام تاڵەبانى قبوڵى نابێت بەڵام لەهەمان كاتدا بۆ ڕازى كردنى دڵى نەوشیروان مستەفا كاندیدەكەى ئەكات بەوەزیرى مافى مرۆڤ ، ئەمجارەشیان بەهەمان شێوە بۆ ڕازى كردنى دڵى كۆسرەت ڕەسوڵ كاندیدەكەى كرد بەوەزیرى شەهیدان .
مەبەستمان لەباسكردنى ئەم بابەتە بۆ ؟
مەبەستى ئێمە لەباسكردنى ئەم دۆسیە و بابەتە ئەوەیە ....
كەئەمانە بەهیچ شێوەیەك لەخەمى كەرتى تەندروستى و چاككردنى سیستەمەكە و باشتركردنى تەندروستى ئەم میللەتەدا نین ، ئەوەتانێ وەزارەتێكى خزمەتگوزارى وەك تەندروستى بۆتە مینبەرى شەرى كوتلەكان و یەكترى تەسفیەكردن ، بۆیە ئێمەش گەشبین نین بەهیچ شێوەیەك بەدانانى دكتۆر تاهیرهەورامى كەچاومان لێیى بێت و بێت سیستەمى داڕوخاوى تەندروستى تەندروست بكاتەوە ، چونكە ئەوە شارەزایان و پسپۆرانى بوارى تەندروستى نین كار لەم سیستەمەدا ئەكەن ، بەڵكو ئەمە هەمان ئەو كارئەكتەرانەى حزبن كە تەنها خەمى هێنانى ئامێرى چینى لەكاركەتوو و خەمى هێنانى دەرمانى ئێكسپایەرن هەیە تاساغى بكەنەوە بەسەر ئەو میللەتەدا .
هیوادارین ئێمە هەڵەبین لەم جۆرە تێگەیشتنەو ئەم وەزیرە هەر زوو مەلەفى دزى و گەندەڵیەكانى كەرتى تەندروستى لەماوەى ڕابردوو ئاشكرا بكات و بیدا بەڕاگەیاندنەكان و هاوكار و كارئاسانى بۆ دیوانى چاودێرى دارایى و ئۆپۆزسیۆنى پەرلەمانى كوردستان و میدیایى ئەهلى بكات لەئاشكراكردنى چارونووسى هەزارن ملیۆن دۆلارى كەرتى تەندروستى كەلەڕابردوودا بەهەدەر دراوە ، تائەوكات ئێمەش داواى لێ بوردنى لێ بكەین و دەستخۆشى لێ بكەین .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە