ژن تاسنوری گریان

Monday, 06/10/2014, 12:00

2377 بینراوە



چیرۆك
کێ هەیە بزانێ لە کەیەوە لێرە کۆبونەتەوە ، خۆی لە راستیدا کاتژماردن و پێزانینی کات هیچ مانایەکی نییە ، کەس نازانێ کامیان سەرتا لێرە بوەو کامیان دوای ئەوی تر هاتوە ،چونکە کێ پێش ئەوی تر ئامادەیی لەوێ هەبوە، مانایەکی نییە ، کاتێ ئازار سەرتاپای ژیانی مرۆڤ داگیر دەکات ئیدی رەنگەکان هەموو وەك یەکیان لێدێ مەودایەك بۆ جیاکردنەوە نامێنێ ، کۆمەڵێ ژنی رەش پۆش ، کۆمەڵێ ژنی سپی پۆش ، کۆمەڵێ ژنی رووت و بێ بەرگ کۆمەڵێ .سێبەرە ژن ،، کە ئەڵێین کۆمەڵێ کەس نازانێ ، ئاخۆ چەندن ،کەسیش نازانێ ئاخۆ ژمارەن یان کەسن یان تەنها تارمایی،مرۆڤ تاکو ناو بێ، مانای هەیە ،کە بوو بە ژمارە ئیدی مانای خۆی لەدەست ئەدات،ئیدی ئەفسوونێ نامێنێ تا دەوری بدات ، ئیدی مانایەك نە بۆ بۆ ئازار و نە بۆ قوربانی ناهێڵێتەوە ، نە مانایەكیش بۆ ناوەکان و ووشەکان و پێکهاتەکان ئەهێڵێتەوە . کۆبونەوەی ئەم کۆمەڵە ژنە لەم شوێنە سەیرەدا دەرفەتێ نە بۆ زانینی راستی و دروستی ئەهێڵێتەوە نە بۆ پەی بردن بەکات ،، کۆبونەوەیی ئەم ژنانە زیاتر لە ئەفسانە کۆنەکان ئەچێ کە دەیان سروت تێکەڵ دەبوون لەگەڵ دەیان بوخور و توانای لەسروشت بەدەر ، ئەم کۆبونەوەیە زیاتر لە ژیانێکی خەیاڵی دەچێ ،زیاتر لەو دیوی بوون و لە دنیاییەکی تر دەچێ کە هەردەم مرۆڤ خۆزگەی بۆ دەخوازێ و هەوڵی بۆ ئەدات یان هەردەم لێی ئەترسێ و لێی رادەکات،کەچی هەموو دەزانین راستیشە،هەموو دەزانین زیاترن لە تارمایی ،کەچی هەموو درك بە هەناسەیان دەکەین و هەموومان گۆمان لە ترپەی دڵیانە . .
من ناووم دوعایە ،،نا نا نازانم ناوی راستەقینەم چی یە ،دوعا یان لەیلا یان پەری ، کچێکم پراو پر لە ژیان ،،پێش ئەوەی لەدەرگای زەمینەوە بێم بۆ ئێرە ،حەزم لەوە بوو پر بەدڵی خۆم پێبکەنم ، حەزم دەکرد خۆشەویستی ببێتە ناسنامەیك و پێی بناسرێمەوە لەجیاتی ناوونیشانم ،حەزم دەکرد کە دەم بینین بڵێن ئەوە کچی خوشەویستی یە، ئەوە پارچەیەکە لە حەز ،،حەزم دەکرد لەگەڵ با چاوشارکێ بکەم و لەگەڵ ئاو شەرە ئاو و لەگەڵ خۆڵ ماڵە خۆڵێنکێ ولەگەڵ ئاگر خۆشەویستی ،حەزم ئەکرد بەبەرد یاری بکەم و شتی جوانی پێ دروست کەم ، کەچی رێگایەکیان بەبەرد بۆ دروست کردم و بۆ ئێرە رەوانەیان کردم .. .
من ناووم پەروینی چاو نەسرینە ، پێش ئەوەی بێم بۆ ئێرە لە زانکۆ دەمخوێند ، رۆژێ پەپولەیکی باڵ نەخشینم بینی دوای کەوتم ،، دوای کەوتم و لە دنیایەکی سپی سپیدا خۆم بینیەوە ،جێژی ئەو دنیایە کورتی خایەن چاووم لێرە هەڵهێنا ،، پەپولەی باڵنەخشین ،، هانیمی بۆ ئێرە
من ناووم شەکرە سێوە ،، چیتان لێ بشارمەوە ، ناووم شەکرە سێو نەبووئەو کاتەی ووتیان ،،،چی تر گەرمەسێ شوێنی من نییە پێشێ باورم نەکرد پێیان ،،باوورم نەکرد ئەوێ شوێنی خەونەکانم نییە ، هەرچووم ،گوڵی خۆشی و گوڵی حەز و گوڵی ئەوینم لێ ئەچان ،ئەمویست بیسەلمێنم ئەوەی بە براکەم دەکرێ بە منیش دەکرێ ،، چونکە ئەم توانی ،،ویستم چی تر کەس پێم نەڵێ ئەوە بۆ تۆ و ئەوە بۆ براکەت ، .
من ناووم شیرینە ، کچی ماڵ بووم، کاتێ براکەم بینیتی وەك هەموو کچی دنیا سینگم بەرز بۆتەوە رەنگی هەڵپروزکاو دواجاش بریاری دا ، بەزۆر سەرپۆشم پێ بکات ،رۆژێ هەستم کرد هەناسەم بۆ نادرێ ، چومە سەربانی خانووکەمان،، هەستم بە بڵندی کرد، هەستم کرد من دوو باڵی گەورەی نهێنیم هەیەو خەریکی هەڵفرینە هەستم کرد باڵەکانم بزوان وپێ یەکانم بەرز بوونەتەوە بەڵێ من زانیم پێیەکانم چی تر لەسەر دیواری سەربانەکەمان نەماوە و ،بیرم کردەوە، بەدەم بیرکردنەوەشەوە چاوەکانم لێڵ بوون ، بەڵێم دڵنیابووم کە لە مەو بەدوا سەرپۆش لەسەر نەکەم ، سەر پۆش سەری دانەپۆشیم ،،سەری خواردم . کاتێ وەئاگا هاتمەوە لێرە بووم .
من ناووم نەسرینە ،حەزم لە کورێکی فەلە کرد ،، عاشقێکی ئێجگار پاك بووم ، باوکم هانیمی بۆ ئێرە و بەخەڵکی ووت پەرەمێز پیایە تەقیوەتەوە .
منیش بوکە هەنارم ، هەوای ساردی بەیانیان هەموو رۆژهەڵاتنێ فێڵی لێ دەکردین ،نەی دەهێڵا رۆژەکان بژمێرم ،لە مێژ نەبوو چرۆکەمان پشکابوو سەربازەکانی سوڵتان هاتن وئەنفالیان کردین ، بەچاو بەستراوی هانیانیانین بۆ ئێرە ، من نازانم ئێرە کۆیە ، ئەوە نەبێ هەندێ دەڵێن ئێڕە ژێڕ زەمینی نوگرە سەلمانە،
من ناووم گوڵ بەهارە ،، جوانی رەونەقی دونیام لە رێی رەنگە جوانەکانی کلکی تاوسەوە دەبینی ،، خۆرم لا جوان و ژیانم لا شیرین بوو، هەموو رۆژێ پێش ئەوەی خۆر هەڵبێ چاوەرێم دەکرد تا پێی بڵێم بەیانیت باش ، رۆژێ لە خەو درەنگ هەڵسام خۆر لێم زیز بوو لەو ساوە تاریکی بەسەرماندا هات و تاریکی هەموو ژیانمانی داپۆشی ،بە منیان ووت هەڵەی تۆ بوو خۆرمان لێ زیز بوو تۆبوی خۆرت لێمان تۆران ، وەك ئەوەی من یەکەم تاوانی سەر زەویم کردبێ هێندە بێ ئابروو بوون پێیان دەوتم کە تۆ گۆشت خۆری لەبری سێوی گوناهەکان بۆ مارەکەت نەخواردو ئێمەش لەم کێشمەکێشی ئەم دنیایە رزگار بکەی تۆڵەی فریودانێکی ئەزەلییان لێکردمەوە ،ووتیان کاتێ هیچ هیوایەك بۆ هەڵهاتنی خۆر نەماوە ،، فەرموون ئێرەش هەر تاریکییە ،ئێرەش ئەو شوێنەیە کە خۆری لێ نییە ،، منیان هانی بۆ ئێرە ،،من نازانم ئێرە کۆیە شەنگالە یان کۆیە بەڵام کاتێ شوێنێ خۆری لێ نەبوو بۆ من هەر یەکە .
پورە هەڵاڵە ،،ئەو ژنەی کە لەسەر لاملی پەپولەیەکی رەشی کوتی بوو ، لەسەر سەکۆیەکی بەردین دانیشتبوو ، پێیەکی شۆرکردبوەوخوارەوە، قسەکانی پێ برین ،
هۆ هۆ دیسان بەزمی ئێووە ،،، من عەیامێکە گۆێتان لێدەگرم و هەموو جار ئەم رستانە دوبارە دەکەنەوە ،، چەند جار پێتان بڵێم ئێرە کۆیە ، ها چەند جار پێتان بڵێم .
چوار ژنی تر کە کراسی سوریان لەبەر دابوو ،هەڵیان دایە ، دە لییان گەرێ تۆش پورە هەڵاڵە دیسان ریتمی ئەمرۆمان لێتێک مەدە هەرچەند رۆشنایمان نییە بەڵام لەم بێ زەمەنیەدا لەم بێ رۆژمێریەدا ، لەم بێ کات ژمێریەشدا هەستێکمان هەیە بۆ کاتەکان ، ئەوان بونەتە هۆی ئەوەی ئێمە پاڵنەرێکی وامان هەبێ بەردەوام بین ، ئێمە هیچ شتێ بەئێڕەوە نامان بەستێتەوە بێجگە لە ئێوەو ،،ئەوان ،،، با با شتی تر زۆرە دەمان بەستێتەوە بەئێرەوە ، بە لام ئێستا ئەوانە گرنگ نین بەلامانەوە ،، خەندەیەکیان بۆ کرد ،، بەڵام پورە هەڵاڵە نەیزانی ئاخۆ ئەو خەندەیە بەچ مانایەك دەکەوێتەوە ، گۆ مەدەرێ ،، گۆ مەدەرێ ئەوە دەنگێك بوو لە ناخی هەمویانەوە ،، بێ ئەوەی کەسیان لە کەسیان بگەن ،بەڵام یەکێ بە دەنگێکی بەرز ووتیەوە ، وەك ئەوەی نوێنەری هەمویان بێ وەك ئەوەی لەبری هەمویان بیرکاتەوە و قسەبکات،،،،،،،،، گۆمەدەنێ
،، دادە خەجێ بوو ،پێی گووتن گۆمەدەنێ،، لێ گەرێن با بەئارەزووی خۆیان کەن ، ئێرە تازە شوێنێك نییە لەسەر شوێنەکان حساب بکرێ ،، ئێڕە تازە شوێنێك نییە ،، نە لەسەر نەخشەی زندوەکانە ونە لەسەر نەخشەی رەنگەکان ،، نابینی لێرە تەنها رەش و سپی هەیە ،، ،، ها نابینی ،، بەتەواوەتی پێت بڵێم شوێنێکی دیاری کراو نییە تاکو کاتی تیا بژمێردرێ چیدی چاوەروان مەبە ،،،چاوەروانی وردبکەیتەوە ئەبێ بە کات وکات بە چرکەو چرکەکانیش دەبن بە مشار بە هەر لایەکا بیهێنی روح دەبرێتەوە بۆیە ئازاری لە بێ ئاگایی زۆرترە،، بۆیە ئێرە هەموو شوێنەکەو هیچ شوێنێكیش نییە ئەگەر شوێنێکی پیرۆزیش لە سەر ئەم هەسارەیە هەبێ ئەوە دەبێ ئێرە بێت ،، بۆیە گۆمەدەنێ باشتر وایە ،خۆتان ئامادەکەن کاتی دەرکەوتنمانە ،وەك هەموو رۆژێ کاتی دەرکەوتنمانە ،دەی خۆتان ئامادەکەن ، .
ژنێکی پیر ،، زۆر پیر لەولاوە هاتە ووڵام.وادایار بوو لە پیریدا قژی بوبوو بە گەڵاو دەستەکانی بەچلی دارێکی بەعومر ناو قەدی بە بەژنی پیرە دار گۆزێكی کەڵەگەت . منیش ئەمە هەموو جار پێت ئەڵێم دادە خەجێ ،، ئێرە حورمەتی خۆی هەیە ،، نابێ هەر کەسە و بە کەیفی خۆی ناوی لێنێ ،، جارێ ووتیان ئێرە ژێر زەمینی هەڵبجەیە ، جارێ ووتیان بیابانی عەرعەر و نوگرە سەلمانەو جارێ کەرکووك وجارێ شەنگال ، جارێ کردتان بە قەندیل و دیار بەکر،جارێك بە کۆبانی وسەری کانی من سەد جار پێتان دەڵێم ئەم شوێنە حورمەتی خۆی هەییە ،، بەوە نییە میوانی تازەمان بۆ هاتوە ... بێ گۆدان بە قسەی پیرە ژن وبێ گۆدان بەوەرزەکان هەر یەکە و لای خۆیەوە بەرەو سەرەوە سەری دەرکرد ، یەکێ بوو بەنێرگز و ئەویتریان گۆڵاڵە و یەکێکی تریان بە گوڵەگەنم و یەکێ تر بە چیمەن و یەکێ تر بە گوڵە بەرۆژە هەندێکی تر بە گوڵی جیاواز و درخەتی جیاواز و هەندێکیشیان بە پەپولەی رەشی باڵ خێناوی


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە