ئیخوان موسلیمین و بزوتنەوەكانی گۆڕانكاری عەرەبی

Sunday, 23/10/2011, 12:00

2919 بینراوە








ن/ رەزوان ئەلسەید
لەعەرەبیەوە: هێمن مەحمود دەربەندیخانی

كاتێك باسی ئیسلامیەكان دەكەین لە گۆڕانكارییەكانی ئەم دواییەی نیشتیمانی عەرەبی بەپلەی یەكەم مەبەستمان لە ئیخوان موسلمین و هاوشێوەكانیەتی، دواتر سەلەفیەكان كە بەدیاریكراوی لەسەر گۆڕەپانی سیاسی میسردا وەدیار كەوتون، لەوانەشە لەلیبیا؟! هەرچی ئیخوان موسلمین و هاوشێوەكانیشیەتی ئەوا بەئاشكرا ئێستا لەمیسرو تونس و لیبیا و سوریا و یەمەن دا لەچالاكیدان.
لەگەڵ ئەوەی كە قەبارەی ئەم هێزە لەهەریەك لەو وڵاتانەدا جیاوازە، بەڵام ئەم هێزانە دەستپێشخەر نەبون لە هەڵگیرسانی ئەو شۆڕشانەی كە ئێستا لەوڵاتە عەرەبیەكاندا روودەدەن، چونكە ئەوە گەنجە مەدەنییەكانبون (واتە ئەوانەی داوای ئازادی و كەرامەت و دادگەری و نەمانی گەندەڵی و سەركوتكردن دەكەن) دەستپێشخەربون لەهەڵگیرسانی شۆڕشەكانی عەرەبیدا.
ئیسلامیەكانی تونس تاوەكو بن عەلی هەڵنەهات نەجوڵان، ئیخوانەكانی میسریش نزیكەی هەفتەیەك چاوەڕوانیانكرد تاوەكو لەگەورەیی راپەڕینەكان تێگەشتن و زانییان بەهۆی پشتگیری سوپاوە سەركوتناكرێت ئینجا بەشداریانكرد، هەرچی ئیخوانەكانی یەمەنیشە كە بەناوی حزبی چاكسازییەوە كاردەكەن و بەشداریانكردوە لە هێزەكانی لیقای موشتەرەكی ئۆپۆزسیۆندا دوای یەك مانگ لەدروستبونی ئەو هاوپەیمانیەدا بەشداری خۆپیشاندانەكانیان كرد، هەرچەندە سەركردەكانیان ئەندامی ئەم هاوپەیمانیەتیەن كەچی گفتوگۆیان لەسەر دەستپێشخەرییەكەی كەنداو دەكرد بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی یەمەن.
ئیخوانەكانی سوریاش كە سەركردەكانی لەدەرەوەی وڵاتن لەدوای دوو مانگ لەهەڵگیرسانی شۆڕش هەرخەریكی دەركردنی بەیاننامەبون و باسیان لەوەدەكرد ئەوان لەناوەوەی وڵات هیچ رێكخستنێكیان نیە و ئەوەی ئەوان دەیانەوێت ئەوەیە كە گەلی سوری لەچاكسازی و دیموكراتی دەیانەوێت.
ئەمە هەمووی بەمانی چی دێ؟ ئەمە بەمانای ئەوەدێت كە بزوتنەوەو حزبە ئیخوانیەكان كە هەمویان لەگەڵ رژێمەكاندا لەدوژمنایەتیدا بون، خاوەنی هیچ ئەتروحەیەكی گۆڕانكاری یاخود شۆڕشی بنەڕەتی نەبون (گۆڕینی رژێم)، هەرچەندە ئەم هێزانە لەرژێمە دەسەڵاتدارەكان زۆر دووربون بەڵام بەهۆی سەركوتكردن و داخرانی ئەو رژێمانەو یاخی بونی جیهادییەكان لە رژێمەكان ئەم هێزانە خاوەن جەماوەرێكی زۆر و هێزگەلێكی دیاربون،لەبەرئەوەی ئەم حزبە ئیسلامیانە لەیەككاتدا سەركوتكردنی دەسەڵات و رەفتاری جیهادییەكانیان رەتكردەوە ئیدی بەمجۆرە ئەم هێزانە بونە هێڵێكی ناوەند لەنێوان دەسەڵات و جیهادییەكاندا.
هەرچەندە ئەم حزبانە بەشداری سیاسی و گشتی ناو كۆمەڵگا دەكەن و داوای دەسەڵات دەكەن، بەڵام هێشتا وەك هێزگەلێكی ئەخلاقی دەردەكەون، هەروەك ئەو هێزە كۆمەڵایەتیە موحافیزكارانەی كە لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە لە ئەوروپا دەركەوتن.
كەواتە هەموو ئەو هێزانە، چ ئەوانەی كە شەرعی و یاسایین وەك ئەوانەی یەمەن و ئوردون، چ ئەوانەشی كە نیمچە شەرعی و یاسایین وەك میسرو تونس، یاخود قەدەغەو نایاسایین وەك ئەوەی سوریا، توشی ێەدمەبون كاتێك ئەو هەموو گەنجانەیان بینی رویانكردۆتە گۆڕەپانە گەورەكان وەك لە میسر، یاخود شارە ناوەندو ریفییەكان وەك لە تونس ویەمەن و سوریا، هەربۆیە لەسەرەتاوە توشی راڕایی و دودڵی هاتن، سەركردەكانی بزوتنەوەی نەهزەی ئیسلامی تونس لەدەرەوە لەوە دڵنیابون كە جوڵانەكانی گەنجان سەرناگرێت، هەربۆیە سوربو لەسەر ئەوەی كە هەڵوێستێكی وەها نەنوێنێت جارێكی دیكە ئەندامەكانی توشی سەركوتكردن و راوەدونان ببنەوە، سەركردە پیرەكانی ئیخوانی میسریش لەناوەوە و دەرەوە لەهەوڵی ئەوەدابون كە حوسنی موبارەك جارێكی دیكە خۆی پۆستی سەرۆكایەتی وەرنەگرێتەوە و جەمالی كوڕیشی نەپاڵێوێت، هەربۆیە نەیاندەزانی ئەو هەموو گەنجە چۆن گەشتونەتە گۆڕەپانی تەحریر،بەتایبەتی كاتێك بەهەزارانی كەسی قبتی لەنێویاندا بون، كاتێكیش لەوە دڵنیابون سوپا سەركوتی خۆپیشاندانەكان ناكات كەنجەكانی خۆیانیان ناردە گۆڕەپانەكە!!لەیەمەنیش بەهەمان شێوە ئیخوانەكان بەپێویستیان نەزانی گەنجەكانی خۆیان بنێرنە گۆڕەپانەكانی شاری تەعز بەبیانوی گفتوگۆی نێوان لیقای موشتەرەك و دەستپێشخەرییەكەی ئەنجومەنی هاریكاری كەنداوەوە لەگەڵ عەلی عەبدوڵا ساڵح دا.

ئیخوانەكانی سوریاش لەدەرەوەی وڵات دوای روداوەكانی دەرعا بۆ ماوەی دوو مانگ بانكەشەی ئەوەیان دەكرد كە ئەوان لەناوەوەی سوریا هیچ رێكخستنێكیان نیە و بەشداری خۆپیشاندانەكان ناكەن، بەفیعلیش رژێمی سوریاش لەسەرەتاوە روداوەكانی نەخستە ئەستۆی ئیخوان بەڵكو خۆپیشاندانەكانی خستە سەر ئەستۆی سەلەفی و ئیرهابی و دەستە دەرەكییەكانەوە.
ئێستا زیاتر لە حەوت مانگ بەسەر روودانی شۆڕشەكانی عەرەبدا تێدەپەڕێت، ئیخوان موسلیمینەكان بەشێوەیەكی بەربڵاو بەشداری لەروداوەكان دەكەن، بەڵام هەڵوێستی جەماوەری و نەفسی و سیاسی و كۆمەڵایەتی زۆر جیاوازترە لەپێش هەڵگیرسانی شۆڕشەكان، ئەو كات شەقامەكان خاڵی بون تاوەكو سەرەتای ئەمساڵ، ئەوەشی باوبو تەنها دوو شتبو: رژێمە سەركوتكارەكان لەلایەك و ئۆپۆزسیۆنە ئیسلامییە ئینتیحارییەكان (وەك قاعیدە و كۆمەڵەی لیبی چەكداروهتد....) و هێزە سیاسییە ئەخلاقییەكانی لەجۆری ئیخوان و بزوتنەوەی نەهزە لەلایەكی دیكەوە.
كاتێكیش كە خەڵكی رژانە سەرشەقامەكان هەر بەتەنها ئەوە رژێمەكان نەبون توشی لەرزین هاتن، بەڵكو جیهادییەكان و ئیخوانەكانیش هاتنە دواوە، چونكە ئەوە گەنجەكانن داوای گۆڕینی رژێمەكان دەكەن، هەر ئەوانیشبون توشی گرتن و كوشتن دەبونەوە.دواتریش هەر ئەوانن خاوەن بەهای مەدەنی و دوارۆژن و بێ ئەوەی پەنا ببەنە بەر توندوتیژی خۆیان بۆ ئامانجەكانیان دەكەنە قوربانی، هەربۆیە بونەتە خاوەنی جەماوەرێكی زۆر، ئەمە جگە لەوەی ئەمریكیەكان و ئەوروپییەكانیش وەك هاوبەشێكی موستەقبەلی لێیان دەڕوانن هەرچەندە لەسەرەتاشدا توشی شڵەژان هاتبون.چونكە لەسەرەتای هەفتەكانی سەرەتای رودواوەكانی تونس و میسرەوە باڵوێزە ئەوروپیەكان دەیانوت ئەو گەنجانە ئیخوانەكانن و خۆیان گۆڕیوە! بۆچی؟ چونكە رژێمە دەسەڵاتدارەكان وڵاتانی رۆژئاوایان وەها قەناعەت پێكردبوو كە جگە لە ئیخوانەكان و ئیرهابیەكان كەسی دیكە دژیان نیە،و ئەو گەنجانەش هیچ سەركردەیەكی بەناوبانگیان نیە!.
بەڵام ئەم ئوستورە خەیاڵییە لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشی سوریادا دوبارە نەبویەوە، چونكە رۆژئاواییەكان بە بزوتنەوە گەنجەكان راهاتبون، و شۆڕشگێڕەكانی سوریاش سەرەڕای كوشتنی بەردەوام تاوەكو ئێستا توانییانە شۆڕشەكەیان بەئاشتیانە بەردەوامی پێبدەن كە لەشۆڕشەكانی دونیادا هاوتایی نیە!.
كەواتە داهاتوی ئیسلامی سیاسی چیە؟ بزوتنەوە سیاسیەكانی ئیسلام لەهەموو شوێنكێكدا هەن، ئەویش بەدوو ئاراستەدا كە رەنگە دژ بەیەك نەبن: ئاراستەیەكیان دەیەوێت لەگەڵ بەها و داواكارییەكانی گەنجاندا بگونجێت، ئاراستەیەكی دیكەشیان دەیەوێت لەگەڵ دەسەڵاتی نوێ و دەستوردا خۆی بگونجێنێت ، ئێمە هیچ ئامارێكمان لەبەردەستدا نیە دەربارەی رێژەی ئیخوان لەنێو گەنجانی زانكۆكانی لیبیا و سوریا، بەڵام لەمیسرو تونس و یەمەن ئیخوانەكان رێژەیان لە 25%زیاتر نیە و ژنان لە پیاوان زۆرترن.
چەند سەرنجێك هەیە پێویستە بەهەند وەربگیرێت دەربارەی مەترسی و تەحەدیاتەكانی داهاتو، بۆ نمونە سەلەفیەكان لەهەندێ وڵاتدا وەك میسرو یەمەن سیاسی نین، هەندێكیشیان پێشوتر بۆ بەرەنگاربونەوەی ئیخوانەكان رژێمەكانی پێشوتری میسرو سوریا دروستیانكردون،پێویستە چارەنوسی ئەمانە لای ئیخوانەكان یاخود موحافیزكارەكانی ناو ئیخوان یەكلایی بێتەوە، هەروەها باڵی رادیكاڵیەتی ناو بزوتنەوە مەدەنیەكانیش كە لەوانەیە ئیماندارە موحافیزكارەكان توڕەبكەن و ئیخوانیش بۆ بەرژەوەندی خۆی بیانقۆزێتەوە بەهەند وەربگیرێت،مەترسی پشتگیری دەرەكییش لەم لایەن یاخود ئەو لایەن بەهەند وەربگیرێت، بەڵام ئەوەی لەكۆتایدا دەمێنێتەوە ئەوەیە توانای گەنجانە لە پاراستنی یەكڕیزی و هاوبەشی خۆیان.


* ناوی بابەتەكە (ئیسلامیەكان و بزوتنەوەكانی گۆڕانكاری عەرەبییە) بەڵام چونكە نوسەر زیاتر مەبەستی ئیخوان موسلیمین ە بەپێویستمزانی ناونیشانەكەی وەها دابنێم.


سەرچاوە/ سایتی (شەرق ئەلئەوسەت)
 
*لەژمارە 46ی گۆڤاری (واڵا پرێس) دا بڵاوبوەتەوە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە