ئاخ ئاشتی ...

Friday, 05/11/2010, 12:00

2759 بینراوە


ئەگەر حکومەت بە کۆمەڵێک هەنگاوی ئەرێنی رێز و نیازپاکی خۆی لە بەرامبەر ویستی ئاشتەوایی هاووڵاتیانی کورد پیشان بدات و لە لایەن سەرکردایەتی کوردیشەوە وەڵامێکی وا بدرێتەوە کە "رێخۆشکەری ئاشتی بێت" ئەوا کێشەکە چارەسەر دەبێت. کۆمەڵگا بۆ ئەم رێگاچارەیە ئامادەیە....
وەرگێڕ: نەکەرۆز

لە ژیانماندا جاروبارە بە قۆناغی وەهادا تێپەڕ دەبین کە تاکە بڕیارێک دەتوانێ سەرلەبەری داهاتوومان دیاری بکات. ئەگەر پەنجە لە سەر بژارەیەکی راست دابنێین ئەوا رێگەمان لە بەردەم دەکرێتەوە و ئەگەریش پەنجە لە سەر بژارەیەکی هەڵە دابنێین خۆمان دەخەینە ناو گەرداوی لەناوچوونەوە.

لەو بڕوایەدام لە کێشەی کوردیشدا بە قۆناغێکی ئاوەهادا تێپەڕ دەبین. لەم قۆناغەدا گەورەترین کێشە ئەوەیە کە "هەر دوو لایەنەکە" بڕیارێکی وەها راست بدەن کە لەم هەموو نەهامەتییە رزگارمان بکەن. با سەرەتا چاوێک لە تابڵۆی سیاسی پێش چاومان بکەین.

هەرچەند بە شێوەیەکی فەرمی راگەیەنرا کە "دیدار و گفتوگۆیان لە گەڵ ئاپۆ ئەنجامداوە" 58%ی ئەم خەڵکە دەنگی "بەڵێ"یان بە ریفراندۆمی دەستوور دا و "ناڕاستەوخۆ" پشتگیرییان لەو گفتوگۆیانە کرد.

حکومەت بۆ ئاشتی گڵۆپی سەوزی موحافزەکار و چەپڕەوەکانی بۆ داگیرسا. پێموابێ یەکێک لە گەورەترین گۆڕانکارییەکانی تورکیا ئەوەبوو کە زۆرینەی جەماوەری "موحافزەکار" لاگرییان لە چارەسەرکردنی کێشەکە کرد. لایەنی موحافزەکار بە زۆری و تۆپزیش بێت مەودایەک دەخاتە نێوان خۆی و نەتەوەپەرستیەوە. ئەم توێژە دەزانێ کە بەم شێوەیە بە نان و ئاوێک دەگا و بەخۆدا دێتەوە و پێگەی خۆی لە سیاسەتدا پتەوتر دەکا و شێوەڕوانینی بۆ ژیان و سیاسەت دەگۆڕدرێت و لە هەمانکاتیشدا "لە ناو ئاشتی دا" ئاسوودەتر دەژی و منداڵەکانی لەوپەڕی ئاسایشدا گەورە دەکات. پێویستە دان بە رۆڵی سەرۆک وەزیریشدا بنێین بۆ بەدیهێنانی ئەم جۆرە روانینە و پاداشتی خۆی پێبدەین. بەڵام ئەردۆغانی سەرۆک وەزیر کە رۆڵێکی گرنگی لە بەدیهێنانی ئەم روانینەدا گێڕاوە کەوتۆتە فیز و هەوای "سەرکەوتن"ەوە و وەک هەمیشە دوای ئەوەی سەرکەوتنێک دەستەبەر دەکات دەسبەجێ دەیەوێ "گۆڕانکاری"یەکان بخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە و بە گوێرەی خۆی "لیستی شتە گرنگەکان" دەردەخات و لە هەوڵی سەروبەردان بە ژیانی کۆمەڵگا دەبێت. کەنگێش ئەمەی کردووە ئەوا گۆڕەپانەکەی شێواندووە. ئێستاش جارێکی تر دووبارەبوونەوەی هەمان کەشوهەوا دەبینینەوە.

ئەردۆغان بۆ هەموو گۆڕانکارییەک ئاماژە بە "وادەی هەڵبژاردن" دەکات و دەڵێ، "دوای هەڵبژاردن جیبەجێی دەکەم" بەم جۆرەش بەنیازە گفت و بەڵێنیەکانی بۆ گۆڕان بکات بە ئامرازێک بۆ کۆکردنەوەی دەنگی جەماوەر. لە وڵاتێکی وەکوو تورکیا کە ویستی گۆڕانخوازی تێدا بەهێزە و قەبارەی کێشەکانیش زۆر گەورەن، ئەستەمە پیاوێک بەتەنیا بتوانێ گۆڕانکارییەکان کۆنترۆڵ بکات.

ئەگەر هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد نەنرێت و بێ متمانەییەکی زیاتر لە ناو دڵی کورددا بچێندرێت، ئەوسا "دواخستنی کێشەکە" رێ لە بەردەم بەڵا و کارەساتی خوێناوی دەکاتەوە. هەڵبەت هەندێ سیاسەتمەداری کوردیش هەن کە بە فەرامۆشکردنی ئەوەی لەم وڵاتەدا بە ملیۆنان تورک دەژین بەردەوام بە زمانێکی هەڕەشەئامێز دەدوێن و لەوبڕوایەدان کورد لە رێگەی "خەباتی چەکداری"یەوە دەتوانێ بە هەموو ویستەکانی بگات. "حیساب و کیتابەکانی ئەردۆغان" و لێدوانە هەڕەشەئامێزەکانی سیاسەتمەدارانی کورد وەک دوو ئاوێنەی روو بە یەک درێژە بەم بارودۆخە "نالەبار"ە دەدەن.

هەندێ جار ئەوانەی لە ناو کێشەکەدان راستیەکان نابینن و ئەوانەی لە دەرەوەی کێشەکەدان باشتر دەیبینن. ئەگەر ئەم بارودۆخە نالەبارە دوولایەنەیە بەردەوام بێت و شەڕ دەست پێبکاتەوە، دەبێ هەر دوو لایەن بیر لە دەرەنجامەکانیشی بکەنەوە. ئەو شەڕەی لەمەولا هەڵگیرسێت هاوشێوەی ئەو شەڕە نابێ کە بیست و پێنج ساڵە بینیومانە و زۆر جیاوازتر و توندوتیژتر دەبێت. چیاکان ئاگریان لێ دەبارێ و پزیسکی شەڕەکە شارەکانیش دەگرێتەوە. هەر دوو لایەنیش سەریان لەو هەموو خوێنڕشتن و ئێش و ئازارە سووردەمێنێ. بە تێگەیشتن لەو خوێنڕشتن و ئازارانەی کە بیست و پێنج ساڵە چێشتوومانە ئەمە دەڵێم. دەترسێم تووشی شەڕێک بین کە زۆر تفت و تاڵتر بێت لەو قۆناغەی کە کوژرانی پەنجا هەزار کەسی لێکەوتەوە. بەڵام لەم قۆناغەدا ئەگەرێکی "هیوابەخش"یش هەیە.

بەشێکی گرنگ و بەرچاوی گەلی تورک و گەلی کورد ئیتر ئاشتییان دەوێ، بەڵام ئەم ئاشتەواییە دەبێ شتێک بێت کە هیچ لایەنێکی دۆڕاوی نەبێ و هەستی هیچ لایەنێکیش دانەڕووشێنێ.

باوەکوو شەڕەکە نەوەستاوە بەڵام داوا دەکرێت "ناردنی زۆرەملێی مناڵانی تورک بۆ سەربازی نەمێنێت" و لە ناو کوردیشدا ئەو دەنگانەی کە رەخنە لە پەکەکە دەگرن تادێ زیاتر دەبن و ئەمەش نیشانەی پەرەسەندنی رەهەندەکانی ویستی ئاشتیخوازانەی جەماوەرە. لەبیرتان نەچێ لەمیانی شەڕدا زۆر ئەستەمە بەم شێوەیە بجووڵێنەوە. بۆ گرتنەبەری هەڵوێستێکی وەها دەبێ مێشکیان لە شەڕ پاک بکەنەوە و نەمامی ئاشتی لە دڵیاندا بچێنن.

ئەگەر حکومەت بە کۆمەڵێک هەنگاوی ئەرێنی رێز و نیازپاکی خۆی لە بەرامبەر ویستی ئاشتەوایی هاووڵاتیانی کورد پیشان بدات و لە لایەن سەرکردایەتی کوردیشەوە وەڵامێکی وا بدرێتەوە کە "رێخۆشکەری ئاشتی بێت" ئەوا کێشەکە چارەسەر دەبێت. کۆمەڵگا بۆ ئەم رێگاچارەیە ئامادەیە.

ئێمە لە سەر دووڕیانێکین، ورد و درشت هەموومان دەبێ ئەوەی لە دەستمان دێت بیکەین و رێگەی راست پیشانی سەرکردایەتی کورد و تورک بدەین.
سەرچاوە: رۆژنامەی تەڕەف

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە