تورک و کورد لە بەردەم سێ بژارەدا

Wednesday, 05/05/2010, 12:00

3230 بینراوە


وەرگێڕانی بۆ کوردی: کانی
لەم وڵاتە دا بیست میلیون کورد و پەنجا میلیون تورک دەژین. سێ بژارەی سەرەکی پەیوەندییەکانی ئەم دوو گرووپە دیاری دەکەن.
تورک و کورد جیا دەبنەوە و وڵات دابەش دەکەن.
تورک و کورد لە ناو شەڕ و کوشتن و ماڵوێرانیدا بەڵام پێکەوە دەژین.
تورک و کورد لە ناو یەکسانییەکدا کە مافی هاووڵاتیبوونی یەکسان بە هەموان ببەخشرێت پێکەوە دەژین.
بە بۆچوونی من بژارەیەکی تر جگە لەمانە لە گۆڕێ نیە.
تورک و کورد بۆ کێشانەوەی ئاسۆی داهاتوویان یەکێک لەم سێ ئەگەرە هەڵدەبژێرن. لەوانەیە و دەتوانن داوای جیابوونەوە بکەن. ئەمڕۆ لە ناو تورک و کورددا کەسانێک هەن کە دەڵێن با جیاببینەوە، تەنانەت کەسانێکیش ئەمە بە راشکاوی دەنووسن. داوای ئەنجامدانی ریفراندۆمێک و لێکهەڵبڕاندنی ئەم پەیوەندییە دەکەن، ئەمە دەکرێت. لەجیاتی پێکەوەژیانێکی نابەدڵانە و زۆرەملێیانە، جیابوونەوەیەکی ئارەزوومەندانە و بەختەوەرانە باشترە. چیکەکان و سڵۆڤاکەکان پێکهاتن و جیابوونەوە، لە بەڵچیکا باسی جیابوونەوە دەکرێت، وەک بزانم لە کەنادا، ئیتاڵیا و لە ئیسپانیاش حیزبی جوداییخواز هەن و چالاکی دەنوێنن. بەڵام هەرگیز ناتوانن ئەمە لە بەستێنی شەڕ و پێکداداندا وەدی بێنن.
لەناو ویڕە و قریشکەی چەکەکاندا دابڕان و جیابوونەوە تەنها بە چەک دەکرێت.بۆ ئەمەش شەڕێکی ناوخۆیی گەورە پێویستە. 
بە بۆچوونی من لە ناو تورک و کوردیشدا دەگمەنن ئەو کەسانەی کە بیانهەوێت شەڕێکی ماڵوێرانکەری وەها بقەومێت.
تەنانەت پەکەکش دەڵێ ئێمە جودایی خواز نین. ئەگەری جیابوونەوەش لە داهاتوودا زۆر کز دەنوێنێ.
بژارەی دووهەم ئەوەیە کە پێکەوە بەڵام لە ناو شەڕ و شۆڕدا بژین. ئەمەش رەوشێکە کە 25 ساڵی رەبەقە بەردەوامە. لەم شەڕەدا پەنجا هەزار مرۆڤمان لەدەستدا، سەدان ملیار دۆلاری وڵاتەکەمانی تێداچوو، زۆریشمان ئازار چەشت.
لەناو هەر سێ بژارەکەدا هی هەرە خراپ و بە ئێش ئەوە بوو کە ئێمە هەڵمانبژارد. ئێستا مهپ، جهپ و پەکەکە و بەشێک لە دەوڵەتیش خوازیاری درێژەکێشانی ئەم بارودۆخەن. مهپ، جهپ بە دژایەتیکردنێکی ئاشکرایانە و پەکەکەش بە نانەوەی بۆسە لە ناوچەی رەشادیە هەڵوێستی خۆیان لە ئاست هەر چەشنە ئەگەرێکی ئاشتی نیشاندا. ئەم شەڕ و پێکدادانە هیچ سوودێک بە گەلی کورد و تورک ناگەیەنێ. بێجگە لە ئێش و ئازاریش هیچ قازانجێکی لێ ناکەوێتەوە. جهپ و مهپ تەنانەت یەک وشەش ئاماژە بە قازانجە کۆمەڵایەتیەکانی ئەم شەڕە ناکەن، تەنیا دەڵێن:"هەموو کەس تورکە و داننان بە کوردبوونی کوردەکانیش وڵات پارچە دەکات." ئەمە قسەیانە و هەرگیزیش ناچنە باشوورى خۆرهەڵاتی ئەو وڵاتەى کە هێشتا پارچە نەبووە. تەنانەت لەو هەرێمە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریش رێکناخەن و ناتوانن دەنگێکیش لە کوردەکان بەدەست بێنن، هەر بۆیە بوونە حیزبێکی هەرێمیی تورکەکان.
لەلایەک بانگەشەی یەکپارچەیی وڵات دەکەن و لەلایەکیتریشەوە بوونە حیزبگەلێک کە تەنیا لە ناو تورکەکان و لە چەند هەرێمێکی تایبەتدا دەنگ بەدەست دێنن. ئێستاش لە پارچەبوونێکی سیاسیدا دەژین. لە بارودۆخێکی سەرسووڕهێنەری وەهادان کە بێ ئەوەی وڵات پارچەبووبێت وڵاتیان پارچە کردووە.
پەکەکەش هەم لە دژی جودابوونەوە دەوستێ و هەم لە دژی ئاشتی. جودا نابینەوە، ئاشتیش نابینەوە. باشە چ بکەین؟
بەردەوام دەجەنگین، بەگژیەکدادەچین و یەکتر دەکووژین.
ئەمە چ قازانجێکی بۆ گەلی تورک و کورد هەیە؟
لە بەر ئەوەی کە ئێمە رەخنەمان لە چالاکییە سەربازییەکەی رەشادیە گرت پەکەکە هەڕەشەمان لێدەکا و هەوڵدەدات لە ناوچە کوردنشینەکاندا رۆژنامەی (تەڕەف) بایکۆت بکات. هەندێک لە لایەنگرانی پەکەکە نامەی توندوتیژمان بۆ دەنێرن، بەڵام ئێستاش لە هیچ کەسێکەوە نامەیەکم پێنەگەیشتووە کە ئاماژە بەوە بکات چالاکییەکەی رەشادیە چ سوودێکی بە گەلی کورد گەیاندووە. با پەکەکە دەست لە هەڕەشەکردنمان بێنێت و ئەگەر پێی دەکرێت قازانجەکانی ئەم چالاکییە بۆ ئەو لایەنگرانەی روون بکاتەوە کە بە چاوێکی گریاناوییەوە کۆشکی خەیاڵ و ئاواتەکانیان تێکڕماوە.
بژارەی سێهەم پێکەوەژیانێکی ئاشتیانەیە. گەرەنتی کردنی مافەکان بە شێوەیەکی یەکسان لە ناو دەستووری بنەڕەتیدا و دامەزراندنی سیستمێکی دیموکراتیک و چەسپاندنی یاسایە.
ئەمڕۆ زۆر کەس بەرگریکردن لە ئاشتی و بەرگریکردن لە ئاکەپە وەک یەک دەبینن. چونکە بەداخەوە بێجگە لە پارتی داد و گەشەپێدان هیچ حیزبێکی دیکە نیە کە خاوەندارێتی لە قۆناغی ئاشتی بکات. ئەگەر بێجگە لە ئاکەپە هیچ لایەنێکی تر خاوەندارێتی لە قۆناغی ئاشتی نەکات، ئاکەپە دەبێتە خاوەنی پێشنیاری ئاشتی، ئەگەر خۆشیتان لەمە نایە دەتوانن پڕۆژەیەکی ئاشتی ئاراستە بکەن کە کەموکورتیەکانی ئاکەپە لەم بوارەوە تێپەڕ بکات.
هەم نابنە خاوەن پڕۆژەیەکی ئاشتی، هەم دەڵێن ئەم پڕۆژەیە هی ئاکەپەیە بۆیە من دژایەتی دەکەم. ئەمە ساختەکارییە و بێجگە لە بیانوویەکی پڕ و پووچی شەڕخوازەکان هیچی تر نیە.
بە بڕوای من ئەمرۆ هەموو کەس و لایەنێک پێویستە لەم سێ بژارەیە یەکیان هەڵبژێرێ و رەپ و راست هەڵوێستی خۆی ئاشکرا بکات.
من لاگری بژارەی سێهەمم، خوازیاری پێکەوەژیانی یەکسان و بەختەوەرانەی مرۆڤەکانم، بەڵام ئەگەر کورد و تورک سووربن لە سەر جوودابوونەوەیان من وەک کەسێک هیچ ناڕەزایەتیەکم نیە.
بە بڕوای من خراپترینیشیان بژارەی دووهەمە، چونکە ئەم بژارەیە دێتە واتای مردن و ئازار.
ئەوانەی بژارەی دووهەم هەڵدەبژێرن مسۆگەر لە کوژرانی مرۆڤەکان سوودێکیان پێدەگات. کاتێک ئەو قازانجەتان بینی بە ئاسانی لایەنی خۆشتان هەڵدەبژێرن.
سەرچاوە: رۆژنامەی تەڕەف

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە