چەمكی خیانەت لە فەرهەنگی ئەحزابی كوردیدا

Thursday, 18/06/2009, 12:00

2360 بینراوە


 ئەگەر لە هەر وڵاتێكدا لەم گۆی زەمینە، پێوەرێك هەبێت بۆ چەمكی خیانەت، ئەوا بە داخەوە و بۆ نەگبەتی كورد لە  نێو فەرهەنگی ئێمەدا هیچ پێوەرێك نییە. چۆن ساڵانێكە بە میزاج حزب و حكومەت كراون بە یەك ماڵ و كەس ناتوانێت بچووكترین بەراورد بكات لە نێوانیاندا، ئاوهاش لە سەر هەمان نەزم و بە میزاجی حزبی و بە ئارەزووی خۆیان هەر لایەنە بە شێوازێك تەفسیر بۆ چەمكی خیانەت دەكات. كەسیش نازانێت حزبە باڵا دەستەكان بۆچی و لە پێناو چی شتێكدا ئەو هەویرە بەو شێوەیە دەشێلن، لە بەرنامەیاندایە بیكەن بە كێك یان كولیچە یانیش تا نەیكەن بە سووتماك دەسبەرداری نابن!
 لە دووای پرۆسەی ئازادیی ئێراق و لە سەر وەختی درووستكردنی لیستی هاوپەیمانی و 730ەكەی ئەو دیو بازگەی رێگای سلێمانی، زۆرێك لە خەڵكی ساددەو خاكی كە هیچ شتێكیان لە ئەلف و بێی سیاسەت نەدەزانی، بە هەموو ئەقڵییانەوە ئەوەیان دووپات دەكردەوە تازە ئەو دوو حزبە بوونە بە ... یەك!! لە كاتێكدا لە هیچ شوێنێكی ئەم دونیایەدا نەبووە كە دوو حزب خاوەن دوو رێبازگەی جیاواز، ببن بە یەك!
 ئەو خەڵكە ناهەقیان نەبوو، چونكە ئەوەندە تامەزرۆی راگرتنی شەڕی كورد كووژی ئەو دوو حزبە بوون، پێیان سەیر بوو لە پڕێكدا مێژووی چل ساڵی رەبەق لە شەڕی برا كووژی لە نێوان شەوو رۆژێكدا بكرێت بە یادەوەرییەكی بێ ئەرزش و هەر یەكەیان پاكانە بۆ ئەوی دییان لە پێش چاوی كامێراكان بهێننەوە. لە دووای ئەوەی ئێستا رێككەوتنی ستراتیژی لە نێوان هەردوو زل هێزەكەی كوردستاندا هەیە و بە لیستێك بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكەن، لە هەمووی سەیرتر ئەوانەی وا لە راگەیاندنەكانی هەردوولادا ئیش دەكەن، باسی گیانی لێپرسراوێتی دەكەن و ئەوە دەدەن بە گوێی بیسەراندا كە هەرگیز ئەوە ئەمان نەبوونە داهاتی مرۆیی و ماددی ئەم میللەتە ستەمدیدەیان بۆ ساڵانێكی زۆر لە پێناو شەڕێكی بێ مرووەتدا بە هەدەر دەداو ئەوەی كە بەلایانەوە هیچ جۆرە گرنگییەكی نەبوو گیانی لێپرسراوێتی بوو و لە بەرژەوەندی حزبدا خاك و میللەتیان لە دوژمنانی كورد زیاتر دابەشدەكرد.
 گریمان ئێستا رەوشەكە گۆڕاوەو بەرژەوەندییەكان وا دەخوازن كە ئەمیان لە ناوەند پۆستی هەبێ و ئەوی دییان لە هەرێم، ئایا ئەگەر رەوشی هەرێم پرۆسەی دابەشكردن بەو شێوە نەبووایە ئێستا ئەوانیش وا دەبوون؟!
 ئەوەی كە وا لە بیسەر و بینەر دەكات لەم رۆژانەدا پەنجەی پەشیمانی بگەزێت، ئەویش ئەوەیە هەرگیز ئەوە ناخەنە ئەستۆی خۆیان بە شێوەیەك خۆیان نەبان دەكەن وەكو ئەوەی نە بایان دیبێ و نەش باران! لە هەمووشی سەیرتر ئەوەیە كەسێك كە ئەركی ئەو لە بوواری راگەیاندندا بێت، باسی ئاشكراكردنی شتی ژێر بەڕە بكاو بە زوبانی هەڕەشە ئامێز وەكو كارتێك بە كاری بهێنێت، ئەگەر ئەمە زوبانی كاراكتەری كەسێك بێت كە كاری راگەیاندنەو دەبێت خۆی لەو زوبانە ببوێرێت كە خەڵكانی دەرەوەی ئەو بووارە قسەی پێدەكەن، دەبێت لە كاتێكدا كە لیستە جیاوازەكان زۆرینەی دەنگ بهێنن ئەو زوبانە تەرجەمە نەكرێتە سەر بەكار هێنانی تووندوو تیژی و خوێن رشتن؟!
 ئەگەر ئێمەی كورد لە دەستووردا یان لە ژێر پەرچەمی سیستەمێكدا تەفسیرێكمان هەبێت بۆ چەمكی خیانەت، ئەو كاتە دەتوانین هەموو ئەو رووداوانەی كە دەچنە قاڵبی خیانەتەوە بیانهێنینە بەر باس و ئەگەر پەرلەمانیش یاسایەكی هەبێت بۆ ئەو چەمكە ئەوا ئەو كات بە پێی دەقی ئەو یاسایە دەتوانرێت پۆلێنی خیانەتەكان بكرێت. لە هەموویشی سەیرتر لە دووای راپەڕینی بەهاری 1991ەوە هەر جۆرە دەستێوەردانێكی دەرەكی و شتێك كە بچێتە قاڵبی خیانەتەوە لە لایەن هەر لایەكەوە بێت، هێندەی ئەو دوو حزبە لێیان بەرپرسیارن، بەرپرسیارێتی ئەوكی هیچ لایەنێكی دیكە ناگرێتەوە، چونكە ئەوان هۆكاری درووستبوونی ئەو بۆشاییانە بوون و بەو پێیەش هەر خۆیانیش لێی بەرپرسیار دەبن. ئەوان بۆشایی سیاسیی و ئیدارییان درووستكردوو ئاڵكانە شەڕێكی خوێناوییەوە كە ئەگەر بە زەحەمەتی نازانن دەتوانن بە راشكاوانە ناوێكی لێ بنێن؟!
 ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان رووبەڕووی ئەزموونێكی نوێ دەبێتەوە، ئەویش لە رێی پرۆسەی هەڵبژاردنەوە، پێویست بەوە ناكات لە حەژمەتی لیستی جیاوازو سەربەخۆ پەنا ببەین بۆ تەفسیر كردنی چەمكە میزاجییەكان، چونكە ئەگەر لە رابردوودا هەر هەڵەیەك یان خیانەتێك روویدابێت، ئەوا پشكی ئەو خیانەتە بەر هەموو لایەك دەكەوێت و هەر هەمووش لێی بەرپرسیارن، بۆیە ئەركی ئێمە لە ئێستادا ئەوەیە با لە هەوڵی بەرجەستە كردنی تەفسیرێكدا بین بۆ چەمكی خیانەت، نەك ئەگەر لە گەڵم بوویت نیشتیمان پەروەری و ئەگەریش بوویت بە ئۆپۆزسیۆن بە مۆركی خیانەت بلكێنن بە تەوێڵتەوە!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە