گەڕانەوەى شكۆ بۆ سیاسەت

Sunday, 18/03/2012, 12:00

1338 بینراوە




 
ئەوترێت،سیاسەت لە ئاسمان بووە،ئەرستۆ دایگرتۆتە زەوى،لەواقعیشدا كۆمەڵگەى یۆنانى كۆن شتێك نییە لەكەوندا باسیان لێوە نەكردبێت،ئەرستۆش ئەڵێت: هەرشتێك چاكەیەكى تیابێت بۆكۆمەڵگە سیاسەتە.مرۆڤیش بە حەیوانێكى سیاسی وێنائەكات،كەهەست و تواناى قسەكردنى هەیە.هەرچۆنێك بێت سیاسەت كردەى مرۆڤەو وەگەڕخستنى باشترین ئامرازە تا كۆمەڵگەو تاكەكان لەسایەیدا بگەنە بەختەوەرى.هەست بە ئەمان و یەكسانى بكەن لەسایەیدا،بەڵام لەمێژوودا ملیاران مرۆڤ بەدەستى مرۆڤ تیاچوون،بە دڕندەترین شێوە سەربڕان و قڕكران،دەیان دەوڵەت و ئیمپراتۆر بەدەركەوتنى ئەوانى ترى لووشداو دواجار بەتراژیدیایەكیش خۆری خۆى ئاواكرد،زۆرێك لە زانایانى بوارى سیاسەت هۆى گەڕ بوونى ئەم بوارە فراوانەى ژیان ئەگێڕنەوە بۆ مەقولە شەیتانیەكەى ماكیاڤیللى"الغایە تبرر وسیلە".كە دواى ئەمە كەنیسە رۆلێكى بەرچاوى بینى لە سوتاندن و سڕینەوەى بۆچونەكانى ماكیاڤیلیدا،ئەو یەكەم كەسە كە ئەخلاق لەسیاسەت دوورئەخاتەوە."بۆگەیشتن بەئامانجەكنت پشت بەهەموو ئامرازێك ببەستە".
هەندێكیش،وەكو "فرۆید" هۆى لاساریی و بەدخویى ئینسانەكان دەگێڕنەوە،بۆبابەتێكى ئەزەلى كە هەر بەسروشت مرۆڤ حەزى زاڵبونى هەیە بەسەرئەویتردا،حەز بەدەسەڵات و پاوانخوازى ئەكات،لەهەرشوێنێكیش كۆمەڵگە هەبوو دەسەڵات و حاكمیش هەیە،جائەگەر ئەم بارە بەیاساو دامودەزگایی نەكرا وەك "ئەرستۆ" وتویەتى"كەسانى هەلپەرست و فێڵباز دەسەڵات ئەگرنە دەست".ئێستا من ئەمەوىً دوو پرسیارى زۆر جەوهەرى بكەم.
یەكەمیان: هەموو رۆژێك تاوێك بیركردنەوەم تەرخانە بەوەى " ئەم مرۆڤە بۆ ئەوەندە دڕندەیە...؟".ئەگەر تنۆكێك مرۆڤدۆستى لەسیاسەتدا ڕەچاوبكرایە،ئێران وهیند و ێین و روسیا بەو ئاستە پاڵپشتى ئەسەدێكیان نەئەكرد كە ڕۆژانە سەدان هاوڵاتى وڵاتەكەى خۆى سەرئەبڕێت،ئەگەرچى دیوێكى ترى ئەمە هاوڕێیەتیە.هەزاران نمونەى تر هەن،بەڵام ئایا مرۆڤ دڕندەیە..؟.ئایا هەر بەئەسڵ چاكەكارە یان خراپە ویستە..؟.ئەو ڕۆژەى ئادەم و حەوا دروستبوون،هابیل و قابیلیش ناكۆكیان هێنایە ئارا،ئیدى خواى گەورە نەیدەتوانى بەر بەم شەڕە جەرگبڕە بهێنێت...؟ئەوەتا ڕۆژانە گوێمان لەمەرگ و ناڕەزایی مرۆڤەكانە سەبارەت بەم ڕەوشەى ئێستایان،ئایا ئاین بۆ خزمەتى مرۆڤەكان هاتووە..؟ بەڵێ.بەڵام مرۆڤەكان سەرپێچیكارن،چونكە لە قورئاندا هاتووە:"ان الانسان لیگغى،وان راوه استغنى".واتە هەركەدەوڵەمەند بوون و دەستیان گەیشتە سەڵتەنەو پارەو پوول،ئیدى توغیان و تاوان ئەكەن..ئێ باشە خۆ لەكۆمەڵگە هەژارو داماوەكانیشدا كە برسێتى تەنگى پێهەڵچنیون،بەهۆى نادادى و هەڵەى سیستەم و قۆرخكارییەوە،دیسان تیرۆر و كوشتن بەرچاوە.هەربۆخۆى هەژارى یەك لە هۆكارەكانى تیرۆرە.
دووەمیان: بەنیسبەت هەرێمى كوردستانەوە،ئایا مێژووى لەكەداركردنى سیاسەت بۆ كەى دەگەڕێتەوە،هەر بەهۆى شەڕو هەمیشە شەڕەوە لەشاخ و پێدەشتەكان،بوارێك نەبووە بۆ بیركردنەوە،بۆ دیالۆگ و مۆنۆلۆگ،ئاخۆ شكۆى سیاسەت لە كابینەكانى حكومەتدایە،یان كۆى ژیانى سیاسی لەچنگى حزب و خێڵدایە.ئەبێت كێ زات بكات بە پێش چاوى حكومەتەوە بەنایاسایی بیرو پاڵاوگەى نەوت لێبدات و بیشیفرۆشێت..سیاسەت كت و مت ماناى خۆپڕكردن و بەرژەوەندى و هێزى وەرگرتووە،زێدە ڕۆیی نییە،بڵێین:لەگشت جیهاندا تاقە یەك سیاسەتوان نەماوە،پێوەرێكى ئەخلاقى ڕەچاو بكات،ئەمە لەسیاساتى دەرەوەى وڵاتاندا یەكجار مەودایەكى فراوانى هەیە،چونكە لەسەر مەردەسەى "واقعیەت" ئەچێتە ڕێوە،كەئەمریكاییەكان ڕابەرایەتى ئەكەن،بە كورتیەكەى "هێزت هەیە،ئەوا بەرژەوەندیشت هەیە".هێز بەمانا مادى و مەعنەویەكەى،ئەگەر نەبوو،یان تیا ئەچیت یان لەفارغۆنى دواوە دانیشە تا خۆت بەهێز ئەكەیت.ئیدى یاساو مادەو بڕگەو ئەمانە شتێكى ئەوتۆ نین هەم بەنیسبەت بارى ئێستاى سیاسەت،وە هەمیش بەنسبەت لاساریی و خۆخۆرى مرۆڤەوە.
ئایا كەى شكۆ ئەگەڕێتەوە بۆ سیاسەت...؟.ئایا ئێمە لەم جیهانەدا واوەتر ناڕۆین..؟ هەندێك وائەیخەنە پێش چاو بەمزوانە "مەسیح" دێتە كوردستان و نەك هەر ڕزگارمان ئەكا،بەڵكو دەجاڵیش لەناوئەبات.؟ ئەمە لەكاتێكدا ئێستا نەك هەر خەڵكى كوردستان بەڵكو زانایان لایانوایە مرۆڤایەتى لەقەیرانێكى قووڵدایە.لێكۆڵینەوەكان دەریانخستووە كە بەهۆى زیادبونى خواستەكانى مرۆڤەوە،هەمیشە تاك بەدواى تێربووندا وێڵە،بۆیە ئەم جیلەى ئەم سەردەمەیان بە وێرانترین و تاڵانچى ترین چینى مێژوو شوبهاندووە،زەمەنى ئەم بێباكیەى مرۆڤیش مێژووییەكى دوورى هەیە،بەلاًَم لەم نزیكانەوە لەنگەرى گرتووە.
بڕوانە،سوڵتانى عوسمانى مورادى چوارەم لەسەردەمێكدا كە تاعوون ڕۆژانە (500) كەسى لەئەستەمبوڵى پایتەخت ئەكوشت،ئەو شەوانەیەكى پڕكەیف و سەفاى لەگەڵ ئافرەتەكانیدا بەسەر ئەبرد،بۆ پاراستنى خۆى دەیان هەزار كەسى كردە قوربانى كە مام و براكانیشى تیابوو.
ئەوە كێیە،شكۆ وە مانا بۆ سیاسەت ئەگێڕێتەوە،ئەمانخاتەوە بەر دادگاى ویژدان و كەمێك ئاسودەمان ئەكاتەوە.ئەوە كێیە دانوستان ئەكاتە بنەماى تێگەیشتن و نیشتمانپەروەرى،لەكاتێكدا شەڕ لە مێژوو و لەسیاسەت دەربێنى شتێكى وات بۆ نامێنێتەوە.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە