بەخێرهاتنی مەسعود بارزانی ناكەین بۆ سلێمانی

Tuesday, 25/12/2012, 12:00

1449 بینراوە






لەكاتێكدا تۆ دێیتە ئەم شارە بۆنی شارەكەمان ناخۆش ئەكەیت، ڕەنگی شارەكەمان بەهۆی پەڵە هەورە ڕەشەكانەوە تاریك دادەگیرسێت، خەم باری سەرشانی هەموومان قورسدەكات، مۆنی و گرژی ڕوخساری كوڕان و كچانی لاوی ئەم شارە دادەپۆشێت، چونكە كە ناوی تۆو حیزبەكەت دێتە بەر گوێی خەڵكی ئەم شارە، دەستڕێژی بیكەیسی و تەقەی شەقاوەكانی لقی چواری بیردەكەوێتەوە، جارێكی تر ڕۆحی شەهیدەكانمان (كاكە ڕێژوان و گەرمیان و بیلال و مامە حەمە ڕشید) ئازاردەدەیتەوە، برینی ساڕێژ نەبووی سەردڵی دایكانی شارەكەم دەكولێنیتەوە، پشتی شكاوی باوكانی شەهیدان زیاتر دەچەمێنیتەوە.

گەمژەیی و بێدەسەڵاتی یەكێتییەكانە تۆی هێنایەوە بۆ ئەم شارە، چونكە ئەم شارە بەفەرهەنگی دەستەمۆیی تۆو هاوشێوەكانت نامۆیە، ئەم شارە شاری ئازاو ئازادو ئازادیخوازانە، لەمێژە پێشینان وتوویانە (مەڕی بێ‌ شوان گورگ ئەیخوات)، تۆ هاتوویت مەڕە سیس و لاوازەكانی یەكێتی دەستەمۆ بكەیت بۆئەوەی گۆشتاوی ئێسقانە ڕووتەڵەكانیان نۆشی گیان بكەیت.

جەنابی سەرۆك، پێمان بڵێ‌ وەك سەرۆكی ئەم هەرێمە كام جارە تۆ بۆ چارەسەری خەمی پیرەمێردێكی خەم لەكۆڵ و ژنە شەهیدێكی بێوەژن كەوتوو یان بۆ دابینكردنی خەمی ئایندەی لاوانی گیرفان خاڵی هاتوویتەتە ئەم شارە، دە توخوا سەرۆك پێمان بڵێ‌ بۆ چارەسەری خەمی كێ‌ هاتوویت، ئەتەوێ‌ دڵسۆزی خۆت بۆ كێ‌ بنوێنیت لەم شارە، وا بزانم ئەتەوێ‌ ئەم شارە بپارێزیت لەهێرشی مالیكی، بۆیە ئاوا شەقامەكانیت پڕكردووە لەهێزو تەنیوەتە بەچەكدار، یان ئەتەوێ‌ تۆڵەی شكستەكانی خۆت بكەیتەوە لەخەڵكی ئەم شارە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە